كورد لە بەغداد پێگەی بەهێزی ناوێت

12/02/2020

ئارام هادی

حەڤدە ساڵە كورد لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقی نوێدا بەشدارە، بەڵام بەشداریكردنەكەی تەنها لەسەر ئاستی پۆستی باڵابوە و شۆڕنەبۆتەوە بۆ خوارەوە، جگە لە سەرۆككۆمار و جێگرانی پەرلەمان و حكومەت و وەزیر و پەرلەمانتار و بریكاری وەزیز و چەند دەستەیەك، گرنگی نەداوە بە پۆستەكانیتری وەك قائمقام و ناحیە و بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیتر، دواجار ئەم پۆستانەش بە عەرەبی شیعە  و سوننە پڕكراونەتەوە، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكیە كە كورد نایەوێت پێگەی خۆی لە عیراقدا بەهێزبكات، هەروەها دەستوەردانەكانی وڵاتانی دەرەوە دەسەڵاتی بەرپرسانی عیراقی بەهەموو پێكهاتەكانەوە كۆتوبەند كردوە و دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساندون تا پێكهاتەكان لەسەر ئەرك و مافی خۆیان بگەنە لێكتێگەیشتن، لەبری ئەمە هەوڵی لێكترازان و قوڵبونەوەی كێشەكان تادەگات بەقەیران دەدەن. 

كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، لەناو دوو كەوانەدا جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، پرسی دانانی پارێزگارێكی كوردی بۆ شارەكە و كێشەی نەوت و موچە و بودجە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، هاوتاكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بغداد، داهاتی خاڵەسنوریەكان و  پەیوەندیەكانی هەرێم بە دنیای دەرەوە، ئەمانە ئەو ناكۆكیانەن كە لەنێوان هەولێر و بغداد بونیان هەیە و سەرباری ڕێككەوتن لەسەر چارەسەری ناكۆكیەكان ، بەڵام باوەڕناكرێت ڕێككەوتنەكەیان بە ئەنجام بگات.

سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق، ناوی وەزیرانی كابینەكەی بۆ متمانە بەخشین پێشكەشی پەرلەمانی عیراق دەكات، هەر لەئێستاشەوە كێشە كەوتۆتە بەینی سەرۆكوەزیران و لایەنە سیاسیە كوردیەكان كە یەكەمیان نایەوێت كابینەكەی هیچ وەزیرێكی حزبی تیابێت و دووەمیش پێداگرە لەسەر مانەوەی وەزیرەكانی ئێستای لە پۆستەكانیان، بۆ ئەم مەبەستەش دوێنێ سێ شەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكانی كۆبونەوەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەهەولێر ئەنجامدا، ئەمەش بۆ ئەوەی فراكسیۆنە كوردیەكان یەكڕیز و یەكگوتاربن لەسەر ئاستی بغداد بۆ پارێزگاریكردن لەمانەوەی وەزیرەكانیان. 

دروستكردنی پێگەی بەهێز بە وەرگرتنی سەرجەم ئەو پۆستانە دەبێت كە بەركەوتەی هەڵبژاردنی پێكهاتەی كوردە جا گەر پۆستەكە بەڕێوەبەری خوێندنگایەك بێت لە كوێرە گوندێكی (میسان و زیقار و بەصرە)، هاوكات هەوڵی لێكتێگەیشتن و دروستكردنی متمانە لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق، گەر ئەمە ئەنجامدرا ئەوكات ئەو یەكڕیزی و یەكگوتاریەی كوردیش ئیشی خۆی دەكات، بەڵام بەو حاڵەی ئێستاوە كە تەنها لەكاتی مەترسیەكاندا كۆبونەوەی بەپەلەی بۆ بكرێت و داوای یەكڕیزی بكرێت هیچی لە شین نابێت.

ئارام هادی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی