ژنانى رۆژهەڵات دژى سیاسەتى برسیکردن پێشەنگیەتى قۆناغێکى نوێ دەکەن

19/02/2020

پەیمان ڤیان

پەیمان ڤیان* 

ڕژێمی ئێران بە ساڵانە سیاسەتی قڕکردن لەسەر گەل و بەتایبەت لەسەر ژنان بەڕێوە دەبات، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری هەتا ئەمڕۆ ئامانجی لەناوبردنی ئیرادەی گەلان و بەتایبەتی ژنان بووە، لە ڕێگای دینگەرایی و مەزهەبەوە یاخود بە هەر شێوازێکی دیکە ژنی لە مافی خۆی دوورخستووەتەوە، لەبەرئەوەی کە ڕژێم ژنی بەهێزو پۆتانسیلی سەرەکی لە دژی خۆی بینی، هەر بۆیەش بەهەموو شێوازێک ئیرادەی ژن بە زیهنییەتی نێر سالاری لەناودەبات و هەبوونی ژن بە ئامانج دەگرێت.

هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا قوربانی زۆریان داوەو لەناو ئەمانەدا ژنان بەدیلی هەرە گرانیان داوەو دوو جار بوونەتە قۆربانی هەم وەک ژن هەمیش وەک نەتەوە. بەگشتی لە ئێران یەک یاسا لەسەر گەلان حاکیمە، بەڵام بەهیچ شێوازێک مافی نەتەوە باوەڕی و مەزهەب قبووڵ ناکرێت، خەتی نەژاد پەرستی و شیعەگەرایی لەپێشدایە. گەلی کورد بە ساڵانە لە بواری چاندی زمان و باوەڕێ و فرە ڕەنگی خۆی قەدەغە دەکرێت، بەڵام هێچ کاتێک لە بەرانبەری ئەم ڕژێمە سەری نەوی نەکردووە .

لەناو ئەم سیاسەتەدا ئەگەر کورد بیت و لەهەمان کاتدا ژنیش بیت هەموو گۆڕەپانەکانی ژیانت لێ تەنگاو دەکرێت و هەم وەکو نەتەوەو هەمیش وەکو ژن سەرکوت دەکرێیت. سیاسەتی قڕکردنی کلتووری و فیزیکی کە لەلایەن ڕژێمەوە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت هەر دەچێت زیاترو بەرفراوانتر دەبێت. دایم هەوڵی داوە بە ڕێگای گرتن و ئەشکەنجە کردن کۆمەڵگای کوردی چاوترسێن بکات، ئیرادەی سیاسیان تەسلیم بگرێت و مەحکومی ژیانێکی گرێدراوی سیاسەتی خۆی بکات . 

لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوازێکی چڕوپڕ هێرشێکی کلتووری و جەستەیی لەسەر گەلی کورد بەڕێوە دەبات، بێکاری و فەقیری دەبێتە هۆی ئەوەی کە گەنجان لەسەر سنوورەکان ببنە ئامانجی هێرشی هێزەکانی ڕژیمی ئێران و گیانی خۆیان لەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن. گەنجانی کورد بە گیانی خۆیان نان دەکڕن، بە ساڵان دەخوێنن، بەڵام لەبەر نەبوونی کار پەنا دەبەنە بەر کۆڵبەری و لە بەدیلی ئەوەشدا گیانی خۆیان قۆربان دەکەن. بە ساڵانە کە ژنانیش سەرەڕای هەموو زۆری و زەحمەتییەکان و هەروەها کەمی هەق دەس کە دەلالەتە لە هەڵاواردنی ڕەگەزی دیسانەوە پەنا دەبەنە بەر کۆڵبەریکردن، بەڵام زۆر ناخرێتە پێش چاوان، لەم ساڵانەی دواییدا لەبەر نەداری و هەژاری ژمارەی ژنانی کۆڵبەر ڕووی لە زیادبوون کردووە. بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە بە ساڵانە خوێندوویانە، بەڵام پاشە ڕۆژیان نادیارەو بە کۆڵبەری قووتی ڕۆژانەی خۆیان دابین دەکەن بۆ نموونە لە سەلاسی باوەجانی، مەریوان، بانەو زۆر شوێنی دیکەش.

کوشتنی کۆڵبەران کۆمەڵکوژییەکی سیستماتیکە، بەڵام زۆر باسی لێوە ناکرێت و بەشێوەیەکی ئاسایی دەبینرێت، سیاسەت و ئامانجی ڕژێم ئەوەیە کە گەل و ژنان لە سیاسەتکردن، فکری ئازادیخوازی و دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەری سیاسەتە چەپەلەکانی دا دوور بکاتەوەو تەنیا سەرقاڵی ئەوەبن کە بتوانن پاروویەک نان ببەنە سەر سفرە خاڵییەکانیان. ئەو کەسانەی کە دەنگی ناڕەزایەتی دەرببڕن ئەکەونە ژێر هەڕەشەو زیندانی کردن، بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتدا کەسانی چالاکی بواری ژینگە پارێزی کە لەم دواییانەدا قۆڵبەست دەکرێن و دواتر بە بارمتەی چەنسەد ملیۆن تمەنی ئازاد دەکرێن و مەجبوور دەبن کە وڵاتی خۆیان تەرک بکەن. 

یەک لە سیاسەتەکانی ئێران ئەوەیە کە ئەو هێزو ئۆپۆزسیۆنانەی هەیە لە ناوخۆیدا پووچ بکاتەوە، ئەودەنگە ناڕەزایەتییەی کە لە بەرانبەری سیاسەتە سەرکوتکارەکانیدا هەیە ئاوارەی وڵاتانیان بکات. لە ئێستادا ئێران لەناو قەیرانێکی زۆر قووڵدایەو لەناو جۆمگەکانی دەسەڵاتدا تووشی ڕزاندن بووەتەوە هەر بۆیەش هەرە زۆر لە هێزی ژن و پۆتانسییەلی کوردان دەترسێت، لەبەرئەوەی کە سەرهەڵدانی مانگی ئابانی ئەمساڵ کە بە بۆنەی گرانی بەنزینەوە سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە، هەرە زۆر گەنجی کورد کەوتە بەر شاڵاوی کوشتن و هەتا ئێستاش بە دەیان گەنج لەژێر ئەشکەنجەو تەرمەکانیان لە شوێنی جیاواز جیاواز دەدۆزرێنەوە. 

وەک دەزانین لەم سەرهەڵدانانەی دوایدا زیاتر ژنان خاوەن ڕۆڵ و پێشەنگ بوون، هەر بۆیەش ترسێکی یەک جار زۆر کەوتە ناو دڵی ڕژێمەوە . هەرچەندە لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کێشەی بنەماڵەیی قووڵتر دەبن، کێشەکانی ژن زیاتر دەبێت و ژن دەبێتە قوربانی زیهنییەتی پیاوسالاری وئەو یاسایانەی کە ڕژێم دەیپارێزێت. لەبەرئەوەش ژن هەر ڕۆژ پەنا دەبەنە بەر خۆکوژی یانیش دەکوژرێن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە زانا بوون لەناو ژناندا مادەی هۆشبەر بڵاودەکەنەوە، هەروەها لەناو زانکۆکان، مەدرەسەو لەناو زیندانەکاندا، ڕێگای  نامۆراڵى پێشدەخەن و ئامانج لەمانە پووچکردنی مێشکەکانە، بەڵام گەل و ژنی کورد دایم خاون ئاڵترناتیڤ بوون و هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ڕژێم نەبوون و لەسەر هێڵی سێیەم کە هەموو نەتەوەو ڕەنگەکان لەناو خۆیدا دەگرێت پێداگری دەکەن. 

تێکۆشانی ژنی کورد لە کوردستان و جیهان چەندە ببێت بە نموونە، ئەوەندە ڕژێم لە ڕووخانی خۆی دەترسێت و هەر بۆیەش بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدات لە کەسایەتی ژندا شیرازەی کۆمەڵگا لاواز بکات و لەناوببات. بەڵام هەر چەندەش سیاسەتەکانی ڕژیم لە بەرانبەری ژناندا جۆراجۆر بووبێت نەیتوانیوە هێز، مۆراڵ و ئیرادەی ژنان بخاتە بن کۆنترۆڵی خۆی و بە خۆشحاڵییەوە بە پێشەنگایەتی ژنی کورد هەر دەچێت تێکۆشانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەری ئەم ڕژێمە داپڵۆسێنەرەدا ئاستێکی بڵندو بەرفراوانتر بە خۆیەوە دەبینێت. 

پەیمان ڤیان دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی