٢
لە مەوبەر سەبارەت بە (هەواڵی خراپ) نووسیم، بۆ ئەوەی بۆتۆی بیسەلمێنم هەواڵ خراپە، بە وتەیەکی (مارشاڵ ماکلۆهان)، باوەگەورەی زانستی ڕاگەیاندن دەستم پێکرد کە دەبێژێت: "هەواڵی ڕاستەقینە ئەو هەواڵەیە کە خراپە." گوتم: ئەمە قسەیەکی بەتوێکڵە و ڕەنجم کێشا تا وەک هێلکەی پاکراو بیخەمە بەردەستت. ئەز دەزانم ئەم هەویرە ئاوکێشە، بەڵام تا ئاو لەدووی بێڵم بێت، بۆت دەنووسم. لەمەوبەر دوو پەرتووکم لەم بوارەدا نووسیوە؛ نۆبەرەکەم ناوناوە (بەخێربین بۆ گوندە بچکۆلەکە)، پەرتووکەکە ناو ئاخنە لە کۆمەڵێک وتاری هزریی لە بواری میدیا تیۆری و فەلسەفەی میدیا و زیرەکی دەستکرد.
کێماسی پەرتووکی یەکەمم ئەوەیە ئاڵۆز نووسیومە، زمانەکەی ئەبستراکتە و مامەڵە لەگەڵ چەمک و تیۆر و زاراوەی زانستی دەکات.
بۆ خۆم دەنووسم، ڕەنگە تۆش بەڕێکەوت بیخوێنیتەوە. پەیمانم بەخۆم داوە (سادە) بینووسم و سادەش بیهۆنمەوە؛ لەبەر ئەوەی سەر بە پێڕی ڕۆشنبیران نیم، نامەوێت وەکوو ئەوان لەتۆی ئاڵۆز بکەم. پێت دەڵێم:" لەم دونیایەدا هیچ کێشەیەکی سادە بوونی نییە و هەرچی سادە لەسەر کێشەکان بدوێ، کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەیە. " پێشداوەری مەکە بزانە دەڵیم چی، کورد دەبێژن:" تفەنگ بە تاریکیەوە مەنێ." مەبەستم لە نووسینی تەمومژاوی و ناڕوونە، زمانێک کەس تێی ناگات. نەخاسمە سادەنووسی بە مانای سادەکردنەوەی کێشەکان بۆ ئاستی تێگەیشتنی خەڵک.
یەکێک لە گرفتەکانی ڕۆشنبیران ئەوەیە بەزمانێک دەنووسن و قسە دەکەن خەڵکی لێیان تێناگات. لەبەر ئەمەشە مەلا و پیاوانی هەلپەرستی سیاسی و ئایینی گرەویان بردووەتەوە، بە زمانی سادە و ساکاری خەڵک قسە دەکەن.
زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە و هەرچی لە وشە و چەمکی نامۆ و بێگانەیە، لە فەرهەنگی ئێمەدا بەرانبەری هەیە. عەرەب کە هەموو شانازییەکەی بە زمانی قورئانەوەیە، مامۆستا (هەژار موکریانی) قورئانی کردووە بە کوردی، ئەو سەلماندی کە زمانی کوردی هێندە تێر و پاراوە، دەتوانێت بارستایی ئەو هەموو مانا پەڕجووانە لە خۆیدا هەرس بکات و بە کوردییەکی وا دایبڕێژێتەوە کە بنیادەم سەرسووڕماو بێت. ئەوانەی ئێژن زمانی کوردی هیچی تیا نییە و بۆ زانست و فەلسەفە دەست نادات، شارەزای زمانەکە نین؛ چونکە دەریا دوڕ و گەوهەر دەشارێتەوە و تەنیا ئاوماڵک و کەف بەدەر دەخات. زمانێک کە توانای هەبێ وەسفی وردترین هەستی مرۆ بکات، چۆن لە ئاستی ژیریدا دەستەوسان دەبێ؟ ئەرێ دەپرسم چۆن دەکرێ زمانێک چەندین ناوی بۆ خوداوەند (ئەفرێنەر، یەزدان، کردگار، پەروەردگار، خودێ.. هتد) هەبێت، زمانێک جیاوازیی نێوان (ئەڤین) و (دڵداری) ڕوون بکاتەوە، زمانێک دەیان وشەی هەبێت بۆ وەسفی (شەو و ڕۆژ) و (مانگ و ئەستێرە و هەتاو) و (بەفر و باران) و (بوون و نەبوون)، نەتوانێ باسی فەلسەفە و زانست بکات؟
نەوشیروان موستەفا، گوایە ڕامیار و خوێندەوار بوو، کتێبێکی هەبوو بەناوی (پەنجەکان یەکتری دەشکێنن) ئەو لەبەر بەندوباوی حزبایەتی هەوڵیدا (هەژار موکریانی) لای ئێمە ناوزڕاو بکات و بیشکێنێ؛ لە گۆڤاری (ڕزگاری) وتارێکی نووسی بوو سەبارەت بە (هەژار موکریانی، شایەری بنەماڵەی بارزانی).
بزانە چی دەڵێم، (چێشتی مجێور) بخوێنەرەوە، گەر لە ئەدەب و فەرهەنگی گەلاندا، فارس (گلستان و بوستان)ی (سەعدی شیرازی)ی هەبێت، یان عەرەب (کلیلە و دیمنە)ی (ئیبن موقەفەع)ی هەبێت، (چێشتی مجێور)ی مامۆستا هەژاریش هیچی لەوان کەمتر نییە و بەزمانی شیرینی کوردی و بە زمانی سادە و ساکاری خەڵکی، مێژوو و شێوازی ژیاری و ڕامیاری و کولتووری کوردمان بۆ دەخاتە سەر کاغەز.
ئەز دەکاریم بە کوردی بنووسم و بەکوردی عەرزت بکەم. دوای بڵابوونەوەی پەرتووکی یەکەمم، ڕەنجی زۆرم کێشا تا شتێکی باش بنووسم، پەرتووکێکم لەژێر ناونیشانی (مەرگی بەها سەموولییەکان) نووسی. سەرەتا زۆر لە بڵاوکردنەوەی دوودڵ بووم، دۆشدامابووم، بێجگە لە (ڕێبوار سیوەیلی) مامۆستای بەنام و دەنگ، کەسم بە شایستەی ئەوە نەدەزانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات. مەولەوی وتەنی: "نەزان چوو زانۆ قەدری جەواهیر."
(نەزان قەدری گەوهەر چوزانێ). نێوەڕوانێک پەرتووکەکەم بۆ مامۆستا نارد، چەند ڕۆژ چاوەڕوان بووم، دواجار مزگێنی پێدام و پێشەکی بۆ نووسی، منیش ئەرخەیان بووم و بەچاپم گەیاند ئەز دەزانم ڕەنگە هەندێک لە ڕۆشنبیران و مەچێتران گاڵتەم پێ بکەن و بڵێن:"سادە نووسیویەتی"، یان ئەکادیمییەکانی زمانی کوردی بڵێن:"بە زمانی ستاندارد نانووسێ و تێکەڵ و پێکەڵە لە زاری ناوچەیی." وەڵامیش بۆ هەردووکیان ئەوەیە: خەتاکە من نیم، تۆیت بەباشی زمانەکەی خۆت ناناسی! خۆ ڕەنگە بتوانی بە ئینگلیزی قسە بکەیت و بەفەڕەنسیش بخوێنیتەوە و پێچێک عەرەبی و تورکیش بزانی. جا بزانە چی دەڵێم، جیهانی (ئەنگلۆسەکسۆنی و فرانكۆفۆنی) دەرگیری شەڕی زمانە. بەداخەوە خەڵکێکی زۆر وەرگێڕان دەکەن و زمان دەزانن، بەڵام فڕیان بە زمانی کوردییەوە نییە، بە زمانی خۆیان گۆناکەن و نەدەشتوانن پێی بنووسن، چ جای ئەوەی وەرگێڕانی پێ بکەن... من بەکوردی دەنووسم و بەهەر شێوەزارێک بمهەوێت دەیهۆنمەوە، عەرەب 22 دەوڵەتن، هیچیان بە زمانی فوسحا قسە ناکەن؛ جڵفەی عێراقی لە عەرەبی میسری ناچێت، عەرەبی سوورییش لە هی سعوودیە ناچێت، 22 دەوڵەتن و هەریەک بە شێوە زارێک دەدوێن و دەنووسن.
باسی هەواڵت بۆ دەکەم؛ خۆشبەختانە بڕوانامەی زانستیم لە زانستی ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە و تۆزۆکەیەک لە هەگبەمدایە تا ڕەوایەتی بەخۆم بدەم و بڵێم: "لە کایەی پسپۆڕی خۆمدا دەدوێم."
لەمەوبەر لەبارەی ئاڵۆزییەوە نووسیم، بۆ ئەوەی لە باسەکە دوورت نەخەمەوە، باسی میدیا و ڕاگەیاندنت بۆ دەکەم. زمانی ڕاگەیاندن، زمانی خەڵکە؛ بۆ خەڵکی دەینووسێ و دەیهۆنێتەوە و پەخشی دەکات. با تۆزۆکەیەک ئەکادیمی بۆت ڕاڤە بکەم: (خەڵک) ناوێکە لە زانستی ڕاگەیاندندا پێی دەوترێت (جەماوەر) ، ئێمە پێی دەڵین: (ڕەشۆک). هەڵبەتە ئەم وشەیەیان لە (گۆستاف لۆبۆن)ەوە وەرگرتووە کە فڕی بە باسی زانستی ڕاگەیاندنەوە نییە.
دەپرسی چۆن؟
منیش وەڵامت دەدەمەوە، سایکۆلۆجیای جەماوەر پەرتووکێکی بەنامی (گۆستاف لۆبۆن)ە و ئەو سەرزەنشتی جەماوەر دەکات و پێی وایە:"جەماوەر نە ئەقڵی هەیە، نە بیر دەکاتەوە؛ یان شتێک بەتەواوی پەسن دەکات، یان بەتەواوی ڕەتی دەکاتەوە." بەڵگەشم بۆ قسەکەم ئەوەیە، تێڕامێنە و بیربکەرەوە، بزانە چ میدیایەک هەیە جەماوەر لەخۆی نیگەران بکات؟
میدیا لە كێبەڕكێێ سەرنج دایە، پێداویستی جەماوەرەکەی پڕ دەکاتەوە، بە ویستی ئەوان دەیهۆنێتەوە و بەرهەمی دەهێنێت. موجامەلەی خەڵک دەکات، تا زۆرترین سەرنج بۆخۆی ڕابکێشێت. هیچ میدیایەک نییە سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی جەماوەر بکات. بەرهەمێكی میدیایی نییە پابەندی ئایین و دابونەریت و کولتووری ئەو کۆمەڵگەیە نەبێت، کە بەرهەمە میدیاییەکەی بۆ بڵاو دەکاتەوە.
سەبارەت بە ڕاگەیاندن بۆت دەنووسم: (کۆمۆنیکەیشن) وشەیەکی زانستییە و لە زانکۆ لە بەشی زانستی ڕاگەیاندن ووەرگێران و زانستی زمان وەکوو وانە دەخوێندرێت. بۆ ئەوەی لە تۆی ئاڵۆز نەکەم، پێت ناڵیم ڕیشە لاتینی و فەڕەنسییەکەی چییە، بە کوردییەکەی دەبێتە (کۆگەیاندن) واتە؛ (پرۆسەی کرداری گەیاندن) یان ئەو پرۆسەیەی کرداری گەیاندنی تێدا ڕوودەدات.
دەپرسیت چۆن پرۆسەی گەیاندن ڕوودەدات؟ وەڵامیش ئەوەیە، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندن ڕووبدات، دەبێت (پەیام)ێک هەبێت، دەبێت زانیارییەک یان هەواڵێک هەبێێت. بێگومان پێویستە کەسێک هەبێت ئەم پەیامە بنێرێت کە پێی دەوترێت (نێرەر) تۆ بە هەواڵنێر یان پەیامنێر بیستووتە، پەیامەکەش دەبێت بە میدیۆمێکدا بڕوات کە پێی دەوترێت (کەناڵ)، لە بەرانبەردا ئەوەی پەیامەکەی پێ دەگات پێی دەوترێت (وەرگر). ئەمانە هەموو پێکەوە، پێیان دەوترێت جەمسەرەکانی (کۆگەیاندن) کە بریتین لە: (پەیام، نێرەر، کەناڵ، وەرگر).
باسی کەناڵم کرد، مارشاڵ مالکلۆهان، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی کەنەدیی بە باوەگەورەی زانستی ڕاگەیاندن ناوەزەد دەکرێت، ئەو خاوەنی چوار پەرتووکە لە بواری (میدیا تیۆری) بەبێ ناسینی ئەم فەیلەسووفە و خوێندنەوەی شاکارەکانی ئەستەمە لە میدیا تێبگەین، خۆشبەختانە هەرچواریانم خوێندووەتەوە و لەمەو بەریش لەسەریان نووسیومە و لێرەشدا بۆتۆی دەنووسم.
باسی (کەناڵ)م کرد؛ (مارشاڵ ماکلۆهان)ی ناوی ناوە (میدیۆم) . ئێمە پێی دەڵێین: (میدیا). لەمەوبەر لەم باسە دواوم، لە پەرتووکی (مەرگی بەها سەموولییەکان) لەژێر ناونیشانی (تێگەیشتن لە میدیا) بەشێکم بۆ ئەم باسە تەرخان کردووە؛ بۆیە سەرت نائێشێنم و زۆربێژی ناکەم. لای ئێمە هیچ بوارێک هێندەی میدیا لەسەری نەنووسراوە و قسەی لەسەر نەکراوە، کەچی وشەی (میدیا) تەنها لە لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری و تەلەفیزیۆندا کورت دەکەینەوە، وەک چۆن وشەی تەکنەلۆژیا لە کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئینتەرنێتدا کورت دەکەینەوە، هەر بۆیە کاتێک زانستیانە دێنە سەر باسی میدیا هەموو خۆی لێ دەدزنەوە و کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئێمە لە میدیا تێنەگەیشتووین. بێئاگاین لەوەی کە خودی (زمان) لەمانا خۆرسکەکەیدا میدیایە. هەر شتێک شێکی دیکە بەیەکتری بگەیەنێت پێی دەوترێت میدیا. بۆنموونە، کتێب میدیایە، نووسەر و خوێنەربەیەک دەگەیەنێت. مۆبایل میدیایە و لەڕیگەیەوە پەیامی من جا دەنگی بێت یان نووسراو دەگات بە تۆ. تەنانەت کەسێک قسەی ئەم و ئەو بۆیەکتری دەبات ڕۆڵی میدیا دەبینێ.
ئەم باسە ئاوکێشە و لە ئایندەدا دیمەوە سەری. لەمەوبەر سەبارەت بە هەواڵی خراپ نووسیم، ناونیشانی ئەم بەشەم ناونا (هەواڵی باش) .دەزانم لە دووی ئەوە نەبوویت لەبارەی چییەتی میدیا و زمانەکەی بۆت بنووسم. تۆ بەنیازبوویت پێت بڵیم، (هەواڵی باش) چییە و جیاوازی لەگەڵ هەوڵی خراپ چییە؛ لەمەو بەر پێم وتی قسەی بەرکی خۆم نییە و مارشاڵ ماکلۆهان، باوەگەورەی زانستی ڕاگەیاندن، دەڵێت:"هەواڵی ڕاستەقینە ئەو هەواڵەیە کە خراپە." بۆ ئەوەی هاودژی لە بۆچوونەکانمدا دروست نەبێت و شەبەق بۆنەیارانم نەکەمەوە، پێت دەڵێم وشەی (هەواڵ) خۆی وشەیەکی باشە. تۆش دەپرسیت چۆن؟
وەڵامت دەدەمەوە: هەواڵ لە مزگێنییەوە هاتووە. ڕیشەی وشەی (مزگێنی) دەگەڕێتەوە بۆ زمانی کۆنی عیبری و لە تەوراتدا، بە مانای (گەیاندنی هەواڵ)، (پێدانی مژدە) یان (ڕاگەیاندنی بابەتێکی گرنگ) دێت. لە کتێبی پیرۆزدا، ئەم وشەیە تەنها بۆ هەواڵێکی ئاسایی بەکارنەهاتووە، هەمیشە هەڵگری مانایەکی مەزن بووە، وەکوو مزگێنیدان بە ڕزگاری و ئاشتی، گەڕانەوەی ئومێد بۆ خەڵک.
بەنموونە، لە تەوراتدا ئەم ڕستانە هاتوون، "چەند جوانە لەسەر چیاکان پێیەکانی ئەو کەسەی کە مزگێنی دەهێنێت، ئەوەی ئاشتی ڕادەگەیەنێت، مزگێنیی چاکە دەهێنێت و ڕزگاری ڕادەگەیەنێت." یان "ڕۆحی خاوەنشکۆ لەسەر منە، چونکە خودا دەستنیشانی کردم بۆ ئەوەی مزگێنی بە هەژاران بدەم..." لە کوردیشد هەمان مانای هەیە، کورد دەڵێن، (مزگێنیم بدەرێ) کە واتای پەرۆشی و خۆشحاڵییە بۆ بیستنی هەواڵی باش. منیش مزگێنیت دەدەمێ تا ئاو لەدووی بێڵم بێت لەم باسە بەردەوام بم.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی