مەلا مستەفا داوایکرد رووی رەش بکەن

21/02/2020

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

چیرۆکێک لەسەرزاری کاک مەسعودەوە
ساڵی ۱۹٦۲ مەلا مستەفا بارزانی لە دەڤەری بارزانەوە بە سەفەرێک دەچێ بەرەو پێنجوێن، شەوێک لە رێگادا ژنێک دەچێتە سەر رێگەی کاروانەکە و بە پەرۆشەوە هەر دەپرسێ: کوا مەلا مستەفا؟
بارزانی گوێی لە دەنگی ئەو ژنە دەبێ و بانگی دەکات تا بچێ بۆ لای، ژنەکە دەگاتە نزیکی و دەڵێ: تۆ سەرۆکی شۆڕشیت؟ شۆڕش ئاوا دەکرێ؟
مەلا مستەفا دەپرسێ: چی بووەو چیت دەوێ؟
ژنەکە ناوی فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەهێنێ و دەڵێ: تەماحی کردووەتە من و دەیەوێ مێردەکەم بەناوی جەولەوە ببات بۆ شوێنێکی دوور وخۆی بێتە گیانم!
مەلا مستەفا دەڵێ: تۆ بڕۆ کچم خۆم چارەی دەکەم.
دواتر دەڵێ بە هاوسەفەرەکانی: بچن ساجێکی رەش داگەڕاو بهێنن تا من ڕووی خۆمی پێ ڕەش بکەم، ئەگەر من سەرکردەیەکی باش بم، خەڵکی وا سووک حەق بە خۆی نادات بەناوی شۆڕش و پێشمەرگەوە تەماح بکاتە ژنی خەڵکیی.
چیرۆکەکە تەواو.....
ناوەڕۆکی چیرۆکەکە و چۆنێتی چارەسەری فەرماندە موخەننەک و داوێنپیسەکە چی بوو؟ ئۆباڵ وەئەستۆی کاک مەسعود.
ئێستا دوای نزیکەی شەست ساڵ لەو ڕووداوە، کاک مەسعود خۆی لەسەرووی یاسا و حکومەت و هەموو شتێکەوەیە، رووداو و تاوانێک لەژێر دەسەڵاتە بێسنوورەکەیدا روویداوە کە زۆر لەوەی فەرماندە داوێنپیسەکەی شەست و دوو ترسناکتر.
بۆ کاک مەسعود، لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینە و دۆزینەوەی تاوانباران هەر زۆر زۆر ئاسانە. ئایا ئەویش وەکو باوکی ئامادەیە بەوجۆرە بەرپرسیارێتی خراپەکاران هەڵبگرێ تا تۆمەتبارانی داوێنپیس سزا دەدرێن، یان تاوانەکە دیزەبەدەرخۆنەدەکرێ و وەکو هەموو ئەو تاوانانەی تر چاوپۆشیی لێدەکرێ کە لەژێر سەرکردایەتی ئەودا کراون و دەکرێ؟
چیرۆکەکەی مەلا مستەفا لە کتێبی ( بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) لە نووسینی مەسعود بارزانیدا گێڕدراوەتەوە. رەنگە داڕشتنەوەکەی بەمجۆرە نەبێ بەڵام ناوەڕۆکەکەی کتومت ئاوایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی