بەرەوپێشبردنی پارێزگای هەڵەبجە

22/02/2020

بەیار عومەر

پارێزگای هەڵەبجە نازی بەسەر هەموو تاکێکی کوردەوە هەیە. کیمیابارانی هەڵەبجە خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی کوردا و دۆزی کوردی بە دنیا ناساند. بەڵام لە ڕوی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و وەبەرهێنانەوە لە ئاستی پێویستدا نیە و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت.

پارێزگای هەڵەبجە بریتیە لە شاری هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ و بیارە و سیروان و بەمۆ، بە هەموو گوندەکانیانەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٢٠ هەزار کەسە.

١- لە ڕوی گەشتوگوزارەوە:

دەریاچەی سیروان کە ١٥ کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورە، یەکێکە لە شوێنە دڵڕفێنەکانی کوردستان. حکومەت دەتوانێت بەنداوێکی لەسەر دروستبکات چونکە تەنها لە بەهار و زستاندا ئاوی تێدایە و لە پایز و هاویندا وشک دەکات.

ئەم بەنداوە دەتوانێت ئاوەکەی گلبداتەوە و بیکات بە ناوچەیەکی گەشتیاری چواروەرزە. پاشان حکومەت دەتوانێت ڕێگە و ئاو و کارەبای بۆ ڕابکێشێت. هەروەها دەتوانێت هانی وەبەرهێنی ناوخۆیی و بیانی بدات پرۆژەی گەشتیاری لە کەناری ئاوی سیروان دروستبکەن، کە نەک هەر دەبێت بە شوێنێک بۆ کاتبەسەربردن بۆ خەلکی پارێزگای هەڵەبجە، بەڵکو هەزارەها گەشتیار لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان و عێراقەوە دەتوانن ڕویتێبکەن و سەرەنجام ئابوری هەڵەبجە و دەڤەری شارەزور ببوژێتەوە. هەروەها سود بە کەرتی کشتوکاڵیش دەگەیەنێت.

سەر بەنداوەکەش دەکرێت وەک پرد سودی لێببینرێت، کە دوری نێوان سلێمانی و هەڵەبجە بە ١٥ کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە. لە حاڵەتی دروستکردنی ئەو بەنداوەدا، دوو ئاو دەریاچەی سیروان پڕدەکەن کە بریتین لە ئاوی تانجەرۆ و ئاوی زەڵم. هۆنراوەکەی پیرەمێردیش باسی ئەو دوو ئاوەکە دەکات وەختێک دەڵێت:

دوو ئاوانەکەی شوێن ماڵە گەورە
سەرەوخوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
تۆ بە ڕوناکی وێنەی بلوری
ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری

ئاوی دەربەندیخانیش ٧٥% ی لە ڕوباری سیروانەوە دێت کە سەرچاوەکەی لە ئێرانە و حکومەتی ئێرانیش دوو بەنداوی لەسەر دروستکردوە و لەلای پاوەوە ڕێڕەوەکەی گۆڕیوە و ئاوەکەی دەبات بۆ نزیک سەرپێڵی زەهاو. ئەمەش ئاوی دەربەندیخان بەرەو کزی دەبات. کەواتە دروستکردنی بەنداوی سیروان بۆتە زەرورەت، چونکە سەرچاوەکانی (دوو ئاوانەکە) لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندان و هیچ وڵاتێک ناتوانێت دەستکاریان بکات. لەو حاڵەتەدا دەریاچەی سیروان لە بری دەربەندیخان دەتوانێت ئاوی خواردنەوەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیش دابینبکات.

هاوکات دروستکردنی ڕێگەیەکی ١٧کم لە هەڵەبجەوە بۆ سازان و بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی سازان یەکێکە لە ڕێگەچارەکان بۆ پەرەدان بە بواری بازرگانی و جوڵەی بازاڕ لە هەڵەبجەدا.

بەهۆی کیمیابارانەوە هەڵەبجە بۆتە ناوێکی نێودەوڵەتی. دەکرێت هاوشێوەی هێرۆشیما و ناکازاکی یابان، ساڵانە چەندین ڤیستیڤاڵ و کۆڕ و کۆنفرانس لە هەڵەبجە سازبکرێن لەبارەی مەترسیەکانی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژەوە و لە وڵاتانی دنیاوە خەلک بانگبکرێن، کە هەم هەڵەبجە و نەهامەتیەکانی کورد زیاتر بە دنیا دەناسێنێت، هەم بەهۆی هاتنی چەندین وەفد و خەڵکەوە ئابوری هەڵەبجەش دەبوژێتەوە.

سەبارەت بە خورماڵیش، ئەوەی پێیدەڵێن گەڕاوەکەی خوڕماڵ و ئاوی گەرمی کانزایی هەیە و بۆ پێست باشە، دەکرێت چەندین پرۆژەی گەشتیاری و پزیشکی لێبکرێتەوە بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست ڕۆماتیزمە و ببێت بە شوێنێکی گەشتیاری پزیشکی.

لەم روەشەوە چەندین نمونە لە دنیادا هەن، یەکێک لەوانە شارێکە بە ناوی کارلۆڤی ڤاری (Karlovy Vary) لە وڵاتی چیک. بەهۆی بونی ئاوی کانزاییەوە ساڵانە هەزارەها گەشتیار ڕویتێدەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی شارەکەیان ڕازاندۆتەوە گەشتیار چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە و پارەی زیاتر خەرج دەکات، بەو هۆیەشەوە ئابوری شارەکە بوژاوەتەوە. بە هەمان شێوە ناوچەیەکیش هەیە لە تورکیادا بە ناوی پەموکالێ (Pamukkale). دەکرێت لە خورماڵ چەندین چارەسەرگا و سپا و هۆتێل و ڕیستۆرانت دروستبکرێن و بکرێن بە ناوچەیەکی گەشتیاری پزیشکی.

تەوێڵە و بیارە و ئەحمەدئاوا و شنروێ و ئاوێسەر و زەڵم و هاوار و عەبابەیلێ و وەزگێڵ و باوەکۆچەک لە جوانترین شوێنەکانی کوردستانن، دەکرێت حکومەت لە ڕوی ڕێگاوبان و ئاو و کارەباوە خزمەتی زیاتری ئەم ناوچانە بکات و دواتر هانی وەبەرهێنان بدات بۆ بنیاتنانی پرۆژەی گەشتیاری.

٢-لە ڕوی کشتوکاڵ و پیشەسازیەوە:

هەڵەبجە لە روی کشتوکاڵەوە خاوەنی زەویەکی بەپیتە لەسەر ئاستی جیهان. حکومەت دەتوانێت هانی دروستکردنی چەندین کارگە بدات کە بەروبومە کشتوکاڵیەکان بگۆڕن بۆ شەربەت و مرەبا و دۆشاو و ڕوبەهەنار و زەیتی زەیتون و سابون و چەندین بەرهەمی تر. واتە چەند کارگەیەک دروستبکرێن کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن (Agro-Industrial Plants). هەروەها گرنگە سایلۆیەک لە نزیک هەڵەبجە دروستبکرێت بۆ عەمبارکردنی گەنم و دانەوێڵە. هەروەها ساردخانە دروستبکرێت بۆ هەڵگرتنی میوەهات.

عەنەب بە توتن بەناوبانگە و دەکرێت حکومەت هانی جوتیارەکانی ناوچەکە بدات دەستبکەن بە بوژاندنەوەی کێڵگەکانی توتن و هانی وەبەرهێنەکان بدات کارگەیەکی گەورەی توتن و جگەرە لە نزیک عەنەب دروستبکەن. ڕاستە جگەرە کاڵایەکی زیانبەخشە، بەڵام مادەم هەر کڕیاری هەیە، واباشترە لە جوتیار و وەبەرهێنی کورد بکڕدرێت و سود و داهاتەکەی بۆ ناوخۆ بێت.

٣-لە ڕوی کەرتی نەوتەوە:
ناوچەی هەڵەبجە بلۆکی ژمارە ٥٦ ە و درابوو بە کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی. بەپێی مەزەندە یەدەگی نەوتی ئەم بلۆکە ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار لە سەردەمی ئاشتی هەورامیدا گازپرۆم ناوچەکەی بەجێهێشت.

ئەگەر لامەرکەزیەت پەیڕەوبکرێت و دەسەڵات و پارە بدرێتەوە بە پارێزگاکان، ئەوا هەڵەبجە بە پارەی نەوتەکەی خۆی دەتوانێت ئەو پرۆژانە جێبەجێبکات کە لە سەرەوە باسمان کرد و ببێت بە پارێزگایەکی دەوڵەمەند و نمونەیی لە کوردستان و عێراقیشدا. بەڵام ئەگەر وەک ئێستا دەسەڵات و داهات هەمووی لە پایتەخت و لە دەستی سەرۆکی حکومەتدا بێت، دۆخی پارێزگای هەڵەبجەش وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی ڕویتێناکات.

تێبینی: زۆر سودم لە زانیاریەکانی ئەندازیار کاک عومەر عینایەت وەرگرت، کە هەم زانیاریەکی زۆری لەسەر جوگرافیا و سروشتی ناوچەکە هەبوو. هەم زۆر خەمخۆر و دڵسۆزی هەڵەبجە بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی بوو. هەروەها زۆر سودم لە زانیاریەکانی برایانی بەڕێزم کاک هادی حەمە ڕەشید و مامۆستا سادق شێخ عوسمان سازانی وەرگرت. سوپاسی بێپایانیان دەکەم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی