ڕەوشت سەرچاوەیە نەك یاسا

29/02/2020

سامانی وەستا بەكر

 كاتێ سەرۆكی گەورەترین دەزگا شەرعیەكانی وڵات دەوڵەمنترین خەڵكانی ناو كۆمەڵگەبن ئەوە ئەوە ئەگەیەنێ كە دەستپیسی و دزی لەسەرەوە بۆ خوارەوە كشاوە و ئیتر ناتوانرێ چاوڕوانی زۆر لەە دەزگا شەرعیانە بكەی.

هیچ شتێك وەك خۆی خراپ نیە، بەڵكو  بەكاربەرەكەی خراپ بەكاری ئەهێنێ، واتە خود خۆی لەخۆیا چاكە بەڵكو بەفەرمانی بكەر ڕەوشتی باش و خراپ دایاری ئەكرێ، هەڵبەتە لە كۆمەڵگەی ئێمە لە دوای ساڵی ١٩٩١وە ئەم سەرەتا سادەیە تێكچووە یان ڕاستر بڵێین تێكدراوە.

بێ ڕەوشت ناتوانێ دژی بەد ڕەوشتی ببێتەوە، بەڵام ئەتوانێ لە پشت بێ ڕەوشتێكەوە بێت بۆ سەرخستنی بەد ڕەوشتی، بەو جۆرەش ئەو كەسە دوو جار بێ ڕەوشتە، ئەمەش جۆرێكە لەو مۆدێلەی ئێستا كاری پێئەكرێ كە بێ ڕەوشتەكان بۆ مانەوەو سەركەوتن بەد ڕەوشتەكان ئەكەنە ڕاوێژكارو دەمڕاست.

سەركەوتن و ناوبانگ چەن لە ڕێی بێ ڕەوشتی و كاری خراپەوە بە خێرایی پێی بگەیت هەر بەهەمان خێرایش ئەیدۆڕێنرێ.

واتە باش و خراپ هەر بە ڕەوشت دیاری ئەكرێ، كە ڕەوشت بەرز و باڵا بوو هەموو ئەوانەی لە دایك ئەبن و بەرهەم ئەهێنرێن ڕوپۆشكرا و ناوەرۆكی جوانی ڕەوشت ئەبن،  پێچەوانەكەشی راستە.

ئەكرێت كۆمەڵگە بەبێ یاسا بەڕێوە بچێت بەڵام بەبێ ڕەوشت بەڕێوە ناچێت، واتە ڕەوشت ڕاگری كۆمەڵگەیە نەك یاسا چونكە سەرەتا و سەرچاوە و چاوگ بۆ یاسا ڕەوشتە، بەڵام پێچەوانەكەی هەڵەیە واتە یاسای زۆرو باش ناتوانێ كۆمەڵگەیەكی بە ڕەوشت بەرهەمبێنێ چونكە ڕەوشتی كۆمەڵگە بڕیاردەرە چۆن یاساكە بەكارئەهێنێ.

پەروەردەی كۆمەڵگە بەسیاسی بەڕەوشت ئەكرێت، بە سیستمی بە ڕەوشت ئەكرێت، كە سیستم و دەسەڵات خۆی بێ ڕەوشت بوو  ئیتر ڕەوشتی پەروەردەیی ون ئەبێت، ئەوانە یەنە ناوەوە كەخۆپیشاندەران ئەكوژن، ڕەخنە گران ئەكوژن، شەق لەمامۆستا ئەیەن،كچی حەوت ساڵ لاقە ئەكەن، بەئارەزوی دڵیان دزی و تاڵانی ئەكەن. 

 ڕەوشت نەبوو ویژدان نابێت حاكم و دەسەڵاتدارەكانیش بێ ویژدان دەبن، كە ڕەوشتت نەبوو بەها نامێنێت، كەبەها نەما ژیانی شكۆمەندانە نامێنێت، سەرسەری و چەتەو شەقاوە و بێ ڕەوشت و دز دەبن بەهەموو شتێك، یاساش بۆخۆی بەشێك ئەبێت لە پارێزەری ئەو چەتانە.

هەرێمی كوردستان نمونەیەكە لە بڵاو بوونەوەی بێ ڕەوشتی سیاسی، بێ ڕەوشتی ئابوری، بێ ڕەوشتی كۆمەڵایەتی، بێ ڕەوشتی سەربازی، بێ ڕەوشتی داد و دادوەری، بێ ڕەوشتی پەروەردەیی، بێ ڕەوشتی مێدیایی، بێ ڕەوشتی پەرلەمانی، بێ ڕەوشتی حكومەت و حكومڕانی ......هتد.

بۆیە ڕەوشت گرنگە بۆ پێش خستن و گەشەی كۆمەڵگە،  كۆمەڵگەی بە ڕەوشت كۆمەڵگەیەكی تەندروستە، پەروەردەی دروست بناغەی كۆمەڵگەی ئەخلاقیە، سیاسەت و ڕەوشت گرێدراوی یەكن.

لە سەردەمی ئەم چینە حوكمڕانەی كوردستان بێ ڕەوشتی لە ئاستێكا بەرجەستە ئەكرێ كە ڕەشت و پێچەوانەكەیان لە كۆمەڵگە شێواندووە و بێ ڕەوشتی لە هەموو ئاستێكا پیادە ئەكەن، بۆیە لێرەوە هەندێك سەمەرە بە چەند نمونەیەك باسی ئەكەم.

ئەمان هاتن مۆدێلێك لە دوو بەرەكایەتی بڵاوەكەنەوە بۆ دوورخستنەوەو دابڕانی ئەوەی كە پێی ئەوترێ زۆنی زەرد و سەوز كە ئەگەر زۆر بە ووردبین نەبی ھەستی پێناكەی كە ئەویش لە شێوازی بەكارھێنانی دەستەواژەو پیتەكانن، بۆ نمونە بەكارھێنانی پیتەكان، لە پیتی كوردی ئارامییا ھەردوو پیتی ("و" وە "وو") بوونی ھەیە، بۆ نمونە ئەو ڕاگەیاندن و مێدیایەی سەر بە زۆنی زەردن ئەنوسن (بوو، دوو، چوو كە ئەمانە ڕەوان و ڕاستن واتە پیتی "وو" بەكارئەھێن وە ھەندێك جار زیادە ڕۆی تیائەكەن و لەبری "ڕوناك ئەنوسن ڕووناك وە لەبری سنور ئەنوسن سنوور").

ھەرچی ئەو مێدیایەی سەر بە زۆنی سەوزن بۆ نمونە ئەنوسن (بو، دو، چو) كە ئەمە ھەڵەیەو ئەو ووشەو ڕاناوانە بە پیتی "وو" ئەنوسرێن، یان لایەكیان ئەنوسێ نموونە یان میژوو، كەچی ئەوتریان ئەنوسێ نمونە یان مێژو، كە ئەمەش سەرلێشێوانێكی زۆر بەدوای خۆیا ئەھێنێ و مناڵ و فێرخواز ئەخاتە سەر ڕێیەكی دووبەرەكی و ناراست، ئەمە لە كاتێكا كە ئەبوو كاری یەكەمی حوكمڕانی كورد لەدوای ساڵی ١٩٩١وە كاركردن بووایە بۆ زمانێكی یەكگرتوو ھاوبەش و لایەنی كەم ھەر ھیچ نەبێ ژمانێكی نوسینی ھاوبەش، ئەگەرچی پێش ھاتنی ئەمان تا ئاستێك ئەو زمانی نوسینی ھاوبەشە ھەبوو كە زۆری ئەو كارەش ئەگەڕێتەوە بۆ كتێبی ئەلف و بێی كوردی مامۆستا ئیبراھیم باڵدار بەڵام  ئەمان ئەوەشیان تێك و پێك شكان، مەخابن زۆرێك لە مێدیا و مێدیاكاران بێ ئەوەی سەر بەیەكێك لەم دوو زۆنەبن بەڵام بەو شێوەیە ئەنوس بە جۆرێك بارگاوی بوون دوو كەس لە یەك ڕۆژنامە پێت و دەستەواژەكان وەك یەك بەكارناهێنن و پیتەكان بەپێی مەزاجی كەسی بەكارئەهێنن!

لەو مۆدێلی بەرێوەبردنەی كە ئۆجەلان سەرمام بووە پێی و لەدوای ماری بوچین بیرمەندی ئەمەریكی گەشەی پێیاوە ھاوسەرۆكی وەك مۆدێلێكی بەڕێوەبردنی نێوان ھەردوو ڕەگەزی مێ و نێر داڕشتووە بۆ ھاوسەنگی دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان دوو ڕەگەزی ھاوسەنگی پێكھێنەری كۆمەڵگە، بەشێوەیەكی دادپەروەرو ھاوسەنگ تا ئاستێك كە لە ھەموو ئەو حیزب و لایەنانەی كە نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ئەو مۆدێلە شۆڕبۆتەوە لەسەرەوەبۆ خوارەوە،  لە ھەندێك شوێنیشا ئەگەر دەستەی پێكھێنەری دەزگایەكی دیاریكراو ژمارەكەی نۆ كەس بێت بۆ نمونە، ئەوا پێنچ مێ و چوار نێر ھەڵەبژێرن، مەخابن لە ھەرێمی كوردستان بۆ شكاندنی ھەندێ باڵ و ڕاگرتنی ھاوسەنگی دوو باڵیتر ئەو سیستمە بەڕێوەبردنە ھاوسەنگەیان تێك و پێك شكان و دوو ڕەگەزی نێریان بۆ ھاوسەرۆكی دەستنیشان كرد بەمەش بێ ڕەوشتییەكی زۆریان كرد بەرامبەر تێزێك لە داهێنان كە ئەكرێ لە داهاتووا وەك جۆرێك لە سیستمی بەڕێوەیردنی دەسەڵاتی كورد لە كوردستانا بناسرێ.

ھاتن لەبری دەستاودەستكردنی دەسەڵات دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیانا دابەشكرد و لەناو خۆشیانا بۆ كوتلە دەسەڵاتدارەكان و دواتر بۆ باڵێكی دیاریكراو و لەناو باڵەكەشا بۆ بنەماڵەیەك و لە وێشەوە بۆ خێزانێك و لە ناو خێزانێكیشەوە بۆ باوك و كوڕ و ئاموزا بەو واتایەی سیستمی بەڕوەبردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتیان كرد بە پشتاوپشتی دەسەڵات.

ئەمان هاتن لەبری دابینكردنی ئاسایش ھاتن بۆ ھاوڵاتیان ھاتن كۆمپانیای ئاسایشیان بۆ خۆیان دامەزراند و بەسەر باڕو ڕێستاوڕانت و ھۆتێل و كۆمپانیا بازرگانی و شوێنە گشتیەكانا ئەیسەپێنن بۆ بەدەستھێنانی زۆر قازانج.

لەبری بازاڕی ئازاد ھیچ ئازادیەكی بازرگانیان بۆ بزنسمانی بێ لایەن و خاوەن كار نەھێشتەوەو كۆی بازرگانی وڵاتیان لە دەرزیەكەوە بۆ نەوت و گەشتیاری و ئاسمان و ڕێسمانیان خستە ژێر كۆنترۆلی خۆیانەوەو بازاڕیان پڕكرد لە كاڵای خراپ و بەسەرچوو و لەگەڵ داو دەرمانی بێ كەڵك و گەچی سپی لەبری چارەسەری پێویست بۆ چاكبوونەوەی كەسی تووش بووی نەخۆش و كاڵای بێ كوالێتی و ھەڵگری چەندین نەخۆشی.

هاتن بە دامەزراندنی چەندین مێدیای سێبەرو ئاڕاستەكراو مێشكی خەڵكیان وا جەجاڵ كرد كە نەك هەر عەوام و خەڵكی سادە بەڵكو سەریان لە ڕۆشنبیر و بیرمەندانیش شێوان، لەوەش ناشرینترو چەپەڵتر كۆی ئەو مێدیا حیزبی و سێبەرو ئاڕاستەكراوانە بە پارەی دزراوی دەوڵەت بەڕێوەئەبەن، تاكە مەبەستیش لێی مانەوەی خۆیانە بێ ئەوەی هیچ جۆرە پەروەردەیكی دروست لەبەرژەوەندی كۆمەڵگە بڵاوكەنەوە، بەڵكو غەزوی مێشك و عەقڵ و بیرو بۆچوون و كلتور و كەرامەت و باوەڕ و ویژدان و هەست و مرۆڤایەتی و فەرهەنگ و فەرمانمان ئەكەن.

هاتن لەبری ئەوەی ڕێگاو جادەی ستراتیژی گرنگ دروستكەن و ناوچەكان پێكەوە ببەستنەوەو ژیانی خەڵكی لە مردن بپارێزن هەستان بەدروستكردنی باشترین ڕێگا بۆ ئەو ناوچانەی خۆیان لێی ئەژین و سەرڕێی خۆیانە.

لەبری چاكسازی لە سیستمی پەروەردە و پاكردنەوەی لەو خەوشەی چەندین ساڵە مێشكی خوێندكاری كوردی پێ ژەھراوی ئەكرێ، كەچی ھاتن زیاد لە سی زانكۆیان لەژێر ناوی جیاجیا دامەزران كە تەنھا چەندانەیەكیان كە لە ژمارەكانی یەك دەست تێناپەڕێ زانستی كارەكەن و تا ئاستێك پەروەردەیەكی دروست بڵاوەكەنەوە ئەگەرنا ئەوانیتر نەك ھەر پەروەردەی دروست بڵاوناكەنەوە بەڵكو ھیچ داھێنانێكیشیا نەك نیە بگرە كاركردنیان لەبەرژەوەندی دوژمنانی كورد و زاڵ كردنی زمانی وڵاتێكی دیاری كراو و بڵاوكردنەوەی كلتورو فەرھەنگی ولاتانی داگیركەرن و لەوەش تێپەرێ مەبەست لە كردنەوەی ئەو ھەموو زانكۆیە تەنھا بازرگانیە و زانست لەوێ غیابە.

زانكۆ واتە توێژینەوە و داھێنانی زانستی و شیكاری كردن بۆ زۆربەی بابەتەكان، كە لەو ڕێیەوە كۆمەڵگە بەرەو پێش و ھۆشیار ئەڕوات،  بەڵام ئەو ناوچانەی كە زانكۆیان تیا كراوەتەوە ئاستی ڕۆشنبیری خەڵكەی بەبەراورد بە ڕابردوو نەك ھەر بەرەو پێش نەچوون و بەڵكو ئاستی ڕۆشنیری خەڵكەكەی لە پاشەكشەشدایە!

كارەكانی حكومەت و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات هێندە بەد ڕەوشتی تیا ئەكرێ لەلایەن دەستەیەكی بێ ڕەوشتەوە، كە لە ئێستایا لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ترس و لەرزی خەڵك ھێندەی لە بێ متمانەییە لە حكومەت كە لەوانەیە لە كاتی تووش بوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە ئەركی سەرشانی خۆی ھەڵنەسێ ھێندە ترسی لە خودی ڤایرۆسركە نیە.

سامانی وەستا بەكر