لە دامێنی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران-دا، گوێم لە هەنسک و گریان و خەمۆکی سەرکردە تورکەکانە بۆ حاڵی کورد. تۆ وەکو کوردێک چون حەپەسانی مەڕ بە دیار لێدوانی گورگەوە کاتێ دەڵێت من گۆشت خۆرم، ئاوهاش بە دیار وتاری سەرکردە تورکەکانەوە دۆشت دادەمێنێت.
تورکەکان هەم لە سیاسەت و هەم لە بازرگانی لە هەمووان تەڵەکەبازترن. مێژووی نەتەوەکانی ژێر دەستی تورکەکان و ئەو نەتەوانەی کە لە لایەن تورکەوە بۆ ڕۆژێک و ساڵێک و سەددەیەکیش داگیرکرابن، پێمان دەڵێن کە تورک تەنها دەبات و هەرگیز نادات. بێ مەڵامەت نیە باوانی تورک لەو بنی مەنگۆلیاوە بە ڕووت و ڕەجاڵی گەیشتوونەتە ئەم دەشتایی ئەنادۆڵە و لە هەمووانیش دەستڕۆشتووتر و پێگەیشتووترن.
ئەوەی لەم دواییە و بە گشتی لە دوای پڕۆسەی بە ناو ئاشتی لە تورکیادا و بە تایبەتیش لە دامێنی ئەم جەنگەی ئەم دواییە لە گەڵ ئێراندا، گوێمان لێ دەبێت لە لێدوانی سەرکردە تورکەکان لە هەمبەر کورد، جێی پێکەنینە!
سەیرە لەم سەری ئیسلامی بۆ ئەو سەری ڕەگەزپەرست و بە چەپ و ڕاستیانەوە، شین و ڕۆڕۆیانە بۆ دۆخی برا کوردەکانیان! ئەمڕۆ تورک وازی لەو هەموو قەیران و کێشانەی خۆی هێناوە و کەوتۆتە خەمخوارد بۆ برایانی کورد لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان. بە دەستێک سپاسی برایانی باشور دەکات و بە دەستێکیش لە خۆی دەدات بۆ کوردی ڕۆژهەڵات کە بۆ فرۆشتن نین، تا بکرێن بە تەرەفدار و سووتەمەنی جەنگ و بە دەستێکیش ئامۆژگاری شەرع دەکات کە مافی برا کوردەکانی ڕۆژئاوا بپارێزێت.
ئەوەی تورک نەناسێت وا ئەزانێت کە کورد لە تورکیا لای ڕاستی دەسەڵاتەوە دانیشتووە و لە هەرە نەتەوە تێروپڕ و پۆشتەو دەنگ بەرز و ماف پێدراوەکانی تورکیایە. هەر ئەمەشە وا ئەکات، تورکەکان لە خەمی پارەچەکانی دیکەدا بن!
وتەیەک هەیە کە هەمیشە ئەدرێتە پاڵ ماندێلا، بەڵام مانای خودی وتەکە لێرەدا گرنگە کە دەڵێت "ٚئەگەر ئەتەوێ تورک بناسیت بۆ ڕۆژێک کورد بە لە تورکیا-دا"! باشە ئەمە حاڵی کورد بێ لە تورکیا، ئەبێ ئەو خەمەی تورک لە کوردی پارچەکانی دیکە بیخوا، هۆکارەکەی چی بێ؟
ئەگەر چی بە درێژایی مێژوو تورکەکان سەلماندوویانە کە ناتوانن ڕاستگۆبن لە بەڵێن و مامەڵەی سیاسی و سەربازی و بازرگانیدا، بەڵام خاوەنی زۆرترین پەندی پێشینان و ئیدیۆمن لە بارەی درۆ و بێ بەڵێنییەوە. هەڵبەتە پەندی پێشینان و ئیدیۆمەکانیش زادەی ئەزموون و بەسەرهاتەکانی نەتەوەکانن. هەر بۆ نموونەش چەند پەندێکی تورکی لە خوارەوە ڕیز ئەکەین:
“Yalancının mumu yatsıya kadar yanar”
واتا: ڕووناکی مۆمی درۆ، تا نوێژی شێوان بڕ ناکات!
“Yalanın ömrü kısadır”
واتا: تەمەنی درۆ کورتە!
“Yalancının evi yanmış, kimse inanmamış”
واتا: ماڵی درۆزن سووتا بەڵام کەس باوەڕی پێ نەکرد!
“Yalan dört nala gider, gerçek adım adım gelir”
واتا: درۆ غاردەدات و ڕاستیش هەنگاو بە هەنگاو دەردەکەوێت!
لە کۆتاییشدا بە گەلی کوردی هەر چوار پارچەکە و سەرکردەکانیشیان دەڵێم: لە کوێ ئەردۆغان یان باخچەلی یان هەر سەرکردەیەکی تورکتان بینی، پێیان بڵێن: "بڕۆ بۆ حەلاوی باس بکە"* ئەگەر پرسیشیان حەلاو کێیە؟ پێیان بڵێن:
حەلاو بنحاس خانمێکی جولەکە بوو لە گەڕەکی جولەکانی شاری سلێمانی دەژیا. دوکانێکی بچووکی هەبوو لە تەنیشت ماڵەکەی خۆی. هێلکە و کبریت و بەردە هەسان و توتن و لفکە و بەن و میخەک و بڕنوت و هەندێک وردە واڵەی تری دەفرۆشت.
حەلاوەخان کەمبیست بوو، بە ئاستەم لە دەنگی بەرز حاڵی دەبوو. ئەم کەم بیستنەی وای کردبوو ببێتە جێگای باسکردنی خەڵک، ئەگەر کەسێک کەسێکی بۆ حاڵی نەبوایە دەیان گووت: دەڵێیت بۆ حەلاوی باس دەکەیت، یان یەکێک نەی ویستایە گوێ بۆ کەسێک بگرێت دەیگوت: بڕۆ بۆ حەلاوی باس بکە واتا نامەوێت تێبگەم وەک چۆن حەلاو تێناگات. ئێمەش چی تر باوەڕ بە تورک ناکەین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی