پارتی و یەكێتی چییان لە بەغدا دەوێت؟

05/03/2020

سەركەوت شەمسەدین

لەم ئەزمونە كەمەی ئێمە لە بەغداد بوین دەرفەتێكی گەورەبوو بتوانین لە نزیكەوە سەوداو مامەڵەكانی پارتی و یەكێتی لە بەغداد باشتر تێبگەین، بزانین پرسە گرنگەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چین، پێوەرەكان بۆ دۆست و نەیار لە بەغداد چین، هێزەكانی ناوەراست و باشور و رۆژئاوای عێراق لەسەر و لە چیدا ناكۆكن لەگەڵ هەرێم؟ بۆ پارتی هێواش هێواش كار بۆ گەراندنەوەی مالكی دەكات، بۆ ناتوانن لەگەڵ سەدر سیاسەت بكەن؟ بۆ وەزیری داراییەكەی سەر بە پارتی بۆ رۆژێكیش پارەی ئەو كۆمپانیایانە دواناخات بەڵام لە ئاست دواكەوتنی موچە و پارەی جوتیارانی هەرێم بێ دەسەڵاتە؟ هەموو ئەمانە بێ كاركردنی ورد لە بەغداد تێگەشتنیان زەحمەتە.

ئەوەی بۆ ئێمە رونبویەوە كە هەردوو حیزب خاوەن چەندین گرێبەستی زەبەلاحی سەدان ملیۆن دۆلارین لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی عێراق (بۆنمونە كۆمپانیای كار ی سەربە پارتی و قەیوان ی سەربە یەكێتی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی كارەبا و نەوت ی عێراق بەهای گرێبەستەكانیان نزیكەی دوو ملیار دۆلارە). چەندین گرێبەستی تر لەگەڵ كۆمپانیای هاوبەشی سەربە نوری مالكی و گروپی عەساییب وهەندێ لە بازرگانە سنوننەكان.

ئەم گرێبەستانە بەشێوەیەك كراون و پارێزراون كە دەستبۆبردنیان زەحەمەتە. ئەمانە كە سودی هەردوو حیزب و هێزەكانی ناوەراست و باشوری تێدا پارێزراوە (بۆ نمونە گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن و ئینتەرنێت كە بەشی زۆری كۆمپانیای سەربە پارتی و یەكێتین)، خاڵی بەیەك گەشتن و ململانێی پارتی و یەكێتی و هێزەكانی باشورە، نەك پرسی موچە و بودجە و پارەی جوتیاران.

چەند جارێك هەوڵ هەبوو بۆ لێكۆڵینەوە لەم گرێبەستانە بەڵام هەرزوو لێكۆڵینەوەكان پەكیان كەوت. كاتێك  پەرلەمانتارێكی كوتلەی نەسر ی سەر بە عەبادی  بابەتی ئەم گرێبەستانەی وروژاند  كوتلەی پارتی كەوتنە لۆبیكردن و هەوڵدان بۆ دەمكوتركردنی، هەتا وەزیرێكی پارتی لە بەغداد بە عەبادی وتوبوو "ئەگەر ئەو پەرلەمانتارەتان بێدەنگ نەكەن، ئێمەش مەلەفمان لایە لەسەرت."

كاتێكیش بەزۆر توانرا بابەتی لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی كارەبا و نەوت  بكرێت كە هەردوو كۆمپانیای قەیوان و كاریشی دەگرتەوە، پارتی لەرێگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەیەوە بابەتەكەیان داخست و دواتر لیژنەیەك پێكهێنرا بەڵام لیژنەكە نەیتوانی هیچ كۆبونەوەیەك بكات و ئەنجامی نەبوو.

بۆیە گرێی سەرەكی نێوان پارتی و یەكێتی لەگەڵ بەغداد (كە لەسەر زۆر بابەت ناكۆكن جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیەكانی كۆمپانیاكانیان) كێشەی موچە و بودجە و كێشەی پارە جوتیاران و كەركوك نیە. 

یەكێتی كە تەواوی نوێنەرە كوردەكانی كەركوكی بۆخۆی قۆرغ كردووە هیچ شەرێكی جدی بۆ مافی كەركوك لە بودجە و دامەزراندن نەكرد، هیچ كارێكی جدی بۆ پێكهێنانی لیژنەی كاتی مادەی ۱٤٠ نەكرد. 

پارتی یەك رۆژیش دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان تەرخان نەكردوە، بەتایبەت شەنگال و مەخمور كە میدیاكانی شین و رۆرۆیانە.

ئەوپەری بێ ئاگاییە پێتوابێت لەدوای ۲٠۱٠ ەوە پارتی و یەكێتی جگە لە گرێبەست و بەرژەوەندی حزبی هیچ جۆرە بابەتێكی بەرژەوەندی گشتی ستراتیژی كاركدنیان نەبووە لە بەغدا. هەموو ئەو شەرفرۆشت نە بە محمد تۆفیق عەلاوی سەدر هیچ پەیوەندی بە بودجەی كوردستان و كەركوك ەوە نیە، بەڵام بۆ فریودانی حزبەكانی تر لە كۆبونەوە فەرمیەكانی ئەوەی پێیدەوترێت گەلەكۆمەی كوردایەتی داواكاریەكان كۆمەڵێ خاڵی كۆنكرێتین، بەڵام قسەی جدی لەپشتی پەردە دەكرێت كە جگەلە پارتی و یەكێتی حزبەكانی تر هیچ بەشدارییەكیان پێناكرێت و وەك بوكەڵە لەلایەن پارتی و یەكێتی ەوە بەكاردەهێنرێن.

سەركەوت شەمسەدین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە