هەرێمی کوردستان – عێراق، لەبەر ئەوەی
خاوەنی دەستووری خۆی نییە، بۆیە سەرچاوە و مەرجەع بۆ حاڵەتێک کە ببێتە جێگای گومان،
پرسیار وناکۆکی ، دەستووری فیدراڵی ساڵی ٢٠٠٥ە، لە دەستووری عێراق پرسی پێکهێنانی
کابینە لە دەقی ماددەی (٧٦) بڕگەی یەکەمیدا هاتووە: سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەو
فراکسیۆنە پەرلەمانییەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی
وەزیران لە ماوەی پازدە ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار. لایەنە
سیاسییەکانی عێراق لەسەر ناوەڕۆکی ئەو ماددەیە ناکۆکییان هەبوو، بۆیە پەنایان بردە
بەر دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی ڕاڤەی ئەو ماددەیان بۆ بکات، دادگای فیدراڵیش بە
بڕیاری ژمارە (٢٥) لە ساڵی ٢٠١٠ ڕای ڕاڤەکاری خۆی ڕاگەیاند کە لیستی گەورە ئەو
لیستەیە کە لە دوای هەڵبژاردن زۆرترین کورسی هەیە، لای هەمووانیش ئاشکرایە کە
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی قابیلی تانە لێدان نین وەک لە ماددەی (٩٤)ی دەستووردا
هاتووە.
ئەو پێشەکییە
بۆ ئەوە بوو تیشک بخەینە سەر چۆنیەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی
کوردستان و پرسیار بکەین کێ مافی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی هەرێمی کوردستانی هەیە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی یاسایی و دەستوورییە.
بە پێی یاسا بەرکارەکان، وە بەهەند وەرگرتن
و وەبیرهێنانەوەی ناوەڕۆکی دەقی ماددەی(١١٧ ، ١٢١ ) دەستووری فیدراڵی ساڵی ٢٠٠٥ بە پیویست دەزانین بۆ ئەوەی هیچ گومان و
پرسیارێک بەجێ نەهێڵین.
پەرلەمانی
کوردستان، گەورەترین ماڵی کوردە، بەرهەمی خەبات و بەرخودانی گەلی کوردستانە لە باشووری کوردستان، لە مێژووی خۆیدا،
ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی نەخوازراو کراوەتەوە کە جێگای داخە، چونکە خولەکانی
بەڕیکووپێکی لەوادەی خۆی ئەنجام نەدراون، هەروەها چەند خولیک دوور لە بنەمای
یاسایی تەمەنی درێژ کراوەتە، بەلام ناخۆشترینیان دوای ئەوەی لە ٦ / ١١ / ٢٠٢٢
وادەی یاسای خولی پێنجەمی تەواو بوو، بە یاسای ژمارە (١٢ ) ساڵی ٢٠٢٢ تەمەنی درێژ
کرایەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی لە ٣٠/ ٥ / ٢٠٢٣بە بڕیاری ژمارە ( ٢٣٣ و
یەکخراوەکانی بە ژمارەی ٢٣٩، ٢٤٨، ٢٥٣) ئەو یاساییەی بە نادەستووری دانا و هەموو یاساو
بڕیارەکانیشی کە لەو وادەیەدا دراون بە پێچەوانی دەستوور دانا، بەمەش لە ٦ / ١١ /
٢٠٢٢ تا ئەمڕۆ کە بەرەو کۆتایی مانگی شەشەمی ساڵی ٢٠٢٦ دەڕۆین هەرێمی کوردستان
پەرلەمانەکەی لە ژێر پرسیاری بۆشایی یاسایی دایە، هەر چەندە لە ٢ / ١٢ / ٢٠٢٤
پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی گرێ دا و ئەندامانی سوێندی یاساییان خوارد و خولی
شەشەم دەستی پێکرد، وەک لە ماددەی( ٥١) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا
هاتووە. لەهەمان کاتدا هەر لە یەکەم کۆبوونەوە پێنج پەرلەمانتار خۆیان کاندید کرد
بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان. بەلام ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان بۆتە
هۆکار لەبەردەم هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و کارەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی
کابینەی دەیەم. لەسەر ئەو پرسەش بەرای بەندە بەپێی ماددەی ( ٤٦، ٤٧، ٤٨) ئەوەی تا
ئێستا کۆبوونەوە بە کراوەیی جێێڵراوە، لەڕووی یاساییەوە جێگای پرسیارە کە
درێژبوونەوەی دانیشتنی یەکەم تا چەند لەگەڵ بنەماکانی بەڕێوەبردنی پەرلەمانی و
پرەنسیپی ئاساییبوونی دامەزراوە دەستوورییەکان یەکدەگرێتەوە.
پرسی
پێکهێنانی کابینەی وەزاری چۆنە لە هەرێمی کوردستان، کێ مافی پێکهێنانی کابینەی
دەیەمی هەرێمی کوردستانی هەیە؟
لە ماددەی(٥٦)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان
کوردستان، ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ هەموارکردنەکانی، کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی
پەرلەمانی کوردستانی، لە دەقی بڕگەی سێیەمی دا هاتووە: دەستنیشانکردنی سەرۆکی
دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە ئەویش دەسەڵاتی دەست نیشانکردنی ئەندامانی دەسەڵاتەکەی
هەیە، لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان یان کەسانی تر، هەروەها متمانەدان بە دەسەلاتی
جێبەجێکردن و لێسنەدنەوەی متمانەی هەیە. هەروەها لە بڕگەی دوازدەیەمی ماددەی
(١٠)می یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە( ١)ی ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ
هەموارکردنەکانیدا هاتووە ( پاش ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا
کە لە (٣٠) ڕۆژ تێپەر نەکات.
بەپێی دەقی
ئەو ماددانەی لەسەروە ئاماژەمان پێدان، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،
یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بە هیچ
شێوەیەک باس لە کوتلە یان فراکسیۆنی گەورە ناکات، هەروەها بەهیچ شێوەیەک باس لە
پێکهێنانی فراکسیۆنی گەورە ناکات کە لە پێش هەڵبژاردن یان لە دوای هەڵبژاردن
پێکدەهێنرێت، لەبەر ئەوەی یاساکانی بەرکار هیچ دەقێکی ڕوونیان لەسەر چەمکی
فراکسیۆنی گەورە نییە، ئەمە دەتوانێت جێگای جیاوازی لە لێکدانەوەی یاسایی دروست
بکات. بۆیە هەست بە بوونی درزو کەلێنی گەورە دەکرێت لە ناو یاساکانی هەرێمی
کوردستان، تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی وەزاری، بەلام شاراوە نییە بە پێی
لێکدانەوە لە ناوەڕۆکی بڕگەی سێیەمی ماددەی(٥٦)ی یاسای هەڵبژاردن، دەبێت یاداشتێک
بدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ڕاسپاردنی کوتلەکەیان بۆ پێکێنانی کابینە، دوای
ئەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات کاندیدی سەرۆک
وەزیران ناوزەند بکات وەک لە بڕگەی دوازدەیەمی ماددەی(١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی
هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
بۆیە لە
بارودۆخێکی وا چاوەڕون نەکراو، لە بوونی کەلێن و دەرز لەناو یاسا بەرکارەکانی
هەرێم، لە نەبوونی دەستووری هەرێمی کوردستان، دەتوانرێت بە شێوەی ڕێنیشاندەر سوود
لە دەستوور فیدراڵ و لێکدانەوەی دادگای فیدراڵ وەربگیرێت سەبارەت بەم پرسە.
ئاشکرایە لە
خولەکانی پێشوو ئەو فراکسیۆنانەی یاداشتیان دواتە پەرلەمان کە خاوەنی نیوە کۆیەکی
ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان بوون، بۆ ئەوەی دەست نیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی
جێبەجێکردن، چونکە نیوە کۆ یەک زامنی بڕینی هەموو دیوار و پابەندیە یاساییەکانە،
بەمەش هێچ ڕێگریەک لەبەردەم ڕێککارەکانی پێکهێنانی کابینەکە ناوەستن.
لەبەر نەبوونی
دەقێکی ڕوون لە یاساکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە فراکسیۆنی گەورە، ناتوانرێت
بە شێوەیەکی بنبڕ بگوترێت کە تەنها یەک لایەن مافی پێکهێنانی کابینەی هەیە. بەڵام
لە ڕووی سیاسی و پەرلەمانییەوە ئەو هاوپەیمانییەی دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی
پێکبهێنێت، بەهێزترین شانس و دەرفەتی دەبێت بۆ پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
چەند ئەگەرێکی
یاسایی، بەڵام حیسابی و جددی؟
ئایا کەموکوڕی
لە یاساکاندا هەیە، بەخوێندنەوە و وورد بوونەوە لە یاسا بەرکارەکان، وەڵامەکەی
بێگومان بەڵێ.
ئایا هیچ
فراکسیۆنێک دەتوانێت بڵێت دوای هەڵبژاردن گەورەترین لیستەم و مافی خۆمە ڕامسپێرن
بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری؟ بەپێی خوێندنەوەی دەقە یاساییەکان، وەڵامەکە بە
تەواوی نەخێرە چونکە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی
کوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە دەق نەهاتووە، لە هەمان کاتدا دەستوور دادگای
فیدراڵی وەڵامی پێویستی داوەتەوە کە لیستی گەورە یان گەورەترین فراکسیۆن دوای
هەڵبژاردن پێکدەهێنرێت، ئەمەش بە مانای ئەوەیە دەبێت ئەو لیستە زۆرترین کورسی لەخۆ
بگرێت، ئەگەر دوو لیست کورسییەکانیان وەک یەک بن ئەوە دەبێت دووبارە پەنا بۆ
دادگای دەستووری ببەینەوە.
ئایا یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان بۆی هەیە لەگەڵ نەوەی نوێ و فراکسیۆنەکانی تر هاوپەیمانیەتی
پێکبهێنن بێگومان بەپێی خوێندنەوەی دەقە یاساییەکان، وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوە بۆ
پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی تریش ڕاستە.
ئایا پارتی
دیموکراتی کوردستان دەتوانێت پاڵپشت بە یاسا ڕێگری بکات لە هاوپەیمانیەتیی نێوان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ؟ بەپێی خوێندنەوەی دەقە یاساییەکان،
وەڵامەکە نەخێرە.
ئایا بەرنامەی
کابینەوە و حوکمڕانی، ئایا کاری سیاسەت و کاری پەرلەمانتاری و حکومەت تەنیا
ژمارەن؟ یان کۆمەڵێ بنەما و ڕاستی و بارودۆخی بابەتی و مەوزوعین.
ئەگەرچی
یاساکانی هەرێمی کوردستان بەشێک لەم بابەتانەیان بە بێ دەق هێشتووەتەوە، بەڵام
چارەسەری هەر ناکۆکییەک لە کۆتاییدا لە گفتوگۆی سیاسی، ڕێککەوتنی نیشتمانی و
ڕێزگرتن لە دەست کەوتەکانی ١٠٠ ساڵەی کورد لە باشووری کوردستان وبنەماکانی
سەروەریی یاسادا دەبینرێت. هەر بۆیە پێکهێنانی دامەزراوە دەستوورییەکان پێویستی بە
هاوکاری و هاوپەیمانییەکی سیاسی هەیە کە بتوانێت متمانەی هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە.
سەروەریی یاسا
ئەو کاتە مانای تەواوی خۆی وەردەگرێت کە هەموو لایەنە سیاسییەکان ئامادە بن بۆ
وەرگرتنی وەڵامی سندووقی دەنگدان و گۆڕینی ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ چارەسەری
دامەزراوەیی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی