کیم کارداشیان و کۆبوونەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

زیرەک کەمال


هەرچەند سەر دەهێنم و سەر دەبەم، لە فیکران ڕۆ دەچم، ڕۆژ بەو خەیاڵە دەبەمەسەر و شەو بەدەم ئەو بیرکردنەوەیە سەر دەخەمە سەر سەرین، ئەویش ئەو پرسیارەیە: باشە بۆچی بەرپرسە حزبی و ئیداری و سیاسییەکان هێندە حەزیان لە کۆبوونەوەیە؟
 بۆچی بەو هەموو تاسە و تامەزرۆییەوە کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوە دەکەن؟ چەند ساڵێ لەمەوبەر، ئەو کاتەی (کیم کارداشیان) ڕایگەیاند سەگەکەی دوو ڕۆژە نەخۆشە، جگە لەوەی لە تیڤییەکانی هەرێم بووە هەواڵی نها و بەپەلە و ئێستا و ڕوویداو... هەروەها هەر بۆ تاووتوێکردن و بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لەبارەی سەگەکەی کیم کارداشیان، بەشی هەرەزۆری ناوەندە حزبی و ڕێکخراوەیی و سیاسی و ئیدارییەکانیش، دەرگای بارەگا و فەرمانگەکانیان لەسەرخۆیان پێوەدا و کەوتنە کۆبوونەوەی چڕوپڕ، کۆبوونەوەی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیەی (حەمە)ی برادەرم تێیدا فەرمانبەرە، لەبارەی ئەو هەواڵەوە لە کۆبوونەوەی هەموو ناوەندەکان گەرمتر و درێژ تربوو، حەمە خۆی بۆی گێڕامەوە، دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە، بە ئەسپایی چووەتە بەردەم بەڕێوەبەر و لێی پرسیوە، قوربان نەخۆشکەوتنی سەگەکەی کیم کارداشیان، چ پێوەندییەکی بە ئێمەوە هەیە و بۆچی ئێوە لەبارەیەوە ئەو کۆبوونەوە دوور و درێژەتان ڕێک خست؟ کاکی بەڕێوەبەر دەستی خستووەتە سەر شانی حەمە و پێی گوتووە، ئەو پرسیارەی تۆش پێویستی بە کۆبوونەوە هەیە، بەڵام ئەمڕۆ نا بەڵکوو دەیخەینە سبەی!
خۆم بیرمە، جارێکیان بەهۆی بارینی بارانێکی کەم! لافاو هەستا و شۆستەی شەقام و حەوشەی ماڵانی لایەکی شاری داپۆشی، لە جیاتی کارکردن و بەگەڕخستنی تیمی فریاگوزاری، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کرد بە کۆبوونەوە و زریکە و هاواری خەڵکیش لەدەست لافاو دەگەیشتە کەشکەڵانی فەلەک، هەڵبەت خوێنەری ئازیز پێت وا نەبێت مەبەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو هەموو کۆبوونەوانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، بەڵکوو ئەویش وەکوو گەندەڵی نەخۆشییە و بەنێو جەستەی حزبی و سیاسی و ئیداریدا بڵاو بووەتەوە. هاوڕێیەکم گێڕایەوە، جارێکیان بەرپرسەکەیان جاڕی داوە کەوا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکەن، دوای خوێندنەوەی خاڵەکانی کارنامە، ڕەوتی کۆبوونەوەکە گۆڕاوە، بەرپرسەکە گوتوویەتی: من لە گۆشتی گۆلک پشتەملم پێ لەهەموو پارچەکانی تر زیاتر پێ خۆشە، دواتر بەشداربووێکی تر گوتوویەتی: بۆ تکە، گۆشتی گۆلکی دوو ساڵە و بۆ ژێر دۆڵمە و ناو کفتەش پەراسووی بەرخ و گیسکی یەک ساڵە شازی هەموو گۆشتێکە. بەشداربووێکی تر گوتوویەتی: ئێستا لەو کوێستانە لەژێر ڕەشماڵێک قوڕاو بخۆی قەت قیمەتی تەواو نابێت. دواکەس کە قسەی کردووە، گوتوویەتی: من شێت و شەیدای ئەو کۆبوونەوانەم، چاک بزانن، ئەمن عەمر و حەیاتم برنجی ئاکرێیە. لەناو کۆبوونەوە، قالەی پاسەوانی مدیر هاتووەتە ژوورەوە و بە پێکەنینەوە، مدیر گوتوویەتی لە کۆبوونەوەدا گرنگە بۆ چوونی جیاواز هەبێت، بۆیە لە قالەی پرسیوە، تۆ لە بارەی جۆری خواردنەوە چی دەڵێیت: قالە گوتوویەتی دین و ئیمانم سەروپێی بەیانیانە. مدیر دەستخۆشی لە ئامادەبوان کردووە  و کۆبوونەوەکە سەرکەوتوانە کۆتایی هاتووە، بڕیاری داوە بەو جۆشوخرۆشەوە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن لە خزمەتکردنی خەڵک سارد نەبنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی