جەنگی كۆرۆنای چین و ئەمریكا؟

22/03/2020

سەردار عەزیز

چەند دەیەی ڕابوردوو، دەگمەن بوو لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، چونكە ململانێی زلهێزەكانی تیادا نەبوو. بەڵام وەها دیارە ئەو ڕۆژگارانە كۆتاییان هات و ئێمە پێ-ئەنێینەوە سەردەمی ململانێی زلهێزەكانەوە. ئەمە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا دۆخێكی ئاسایی بوە. دۆخی نائاسایی سی ساڵی ڕابوردوو بوو، كە تیایدا ئەمریكا باڵا دەست بوو وەك تەنیا زلهێز لە دونیادا و ململانێی زلهێزەكان بونی نەبوو.

لە سەردەمی نوێی فرە زلهیزیدا چیدی شەڕەكان وەك جاران نیە. ئێستا ئامراز و بواری جەنگ زۆر جیاواز و گۆڕاوە. لە سەردەمی جەنگدا هەموو ڕوداوێك بەكاردەهێنرێت بۆ لێدانی یەكتر. كورد دەبێت لە هەموو كەسێك زیاتر بەمە ئاشنا بێت چونكە لە ئاستی ناوخۆی كوردستاندا، لە نەوەدەكانەوە ئێمە لەم دۆخەدا دەژین، هەموو شتێك خێرا دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو زلهێزەكەی كوردستانی باشور.

كۆرۆنا ڕەنگە یەكەم ڕوداوی سەدەی بیست و یەك بێت كە بە ئاستێكی زۆر بەرز لە نێوان ئەمریكا و چیندا بەكاردەهێنرێت وەك ئامرازی جەنگ.

كۆرۆنا وەك ڤایرۆسێك بەرهەمی ململانێی نێوان چین و ئەمریكا نیە، ئەمە لە میانەی فرەیمی ململانێی زلهێزەكاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە. كورد و كۆمەڵگانی تر خێرا دەبنە قوربانی ئەم دۆخە چونكە دەمێكە پەتای تیورەی پیلانگێڕی تیایاندا ڕەگی داكوتاوە.

تیورەی پیلانگێڕی لە هەموو خەسڵەتێكدا لە ئاین دەچێت. بەڵام بە چڕی لە لایەن خەڵكانی سەر بە بەرەی چەپ بانگەشەی بۆ دەكرێت. بە گشتی پیلانگێڕی لەلایەن خەڵكانی پەڕگیر و توندڕەوەوە وەك ئامرازێكی سەرەكی بەكاردەبرێت بۆ ئاسانكردنەوەی دونیا و شیكردنەوەی ڕوداوە ئاڵۆزەكان. ئێستا لە كوردستان لە بومەلەرزەوە هەتا ڤایرۆس و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت هەمووی پیلانە.

بۆچی چین و ئەمریكا ئەم جەنگە دەكەن؟
هەمیشە پاڵنەرەكانی هەر كارێك زیاترە لە یەك هۆكار. بۆیە بە كورتی چەند هۆكارێك ئاماژە پێئەدەم، لەو كتێبەی لە سەر چین دەینوسم زیاتر دەچمە تان و پۆی ئەم هۆكارانەوەوە.

یەكەم، ترەمپ كاتێك دەنگدەرانی دەدوێنێت ئەوا تاوانباركردن و ناشیرینكردنی چین كارێكی قبوڵكراو و باشە، چونكە دەنگدەری ترەمپ وەك دوژمن تەماشای چین دەكەن. وەهای دەیبینن كە بەرپرسە لە بردنی هەموو كارەكانیان.

دووەم، ئەمریكا لە نەوەدەكانەوە تاوتوێی كۆمەڵێك پرس دەكات لەوانە: ئایا چین بەرەو دیموكراسی دەچێت؟ ئایا چین شارستانی دەبێت یان دەبێت بە شارستانیەتێكی تایبەت بە خۆی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەمیشە ئاڵۆزبوە و چەندین دید و تیورەی جیاواز هەیە لە بارەیانەوە.

بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا نوخبەی سیاسی ئەمریكی بەرەو ئەوە دەڕوات كە چیدی بڕوا بەوە نەكات كە چین بەرەو دیموكراسی دەچێت. ئەمەش مانای ئەوەیە كە جەنگ لە نێوان چین و ئەمریكادا حەتمیە. چین خۆی لە هیچ هێندەی ئازادی و دیموكراسی ناترسێت. ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنی مێژویی و فیكری چینە، لە كتێبەكەماندا ئەمە ئەكەین.

بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە كە جەنگ لە پڕوپاگەندە و ئیمیج و پی ئاڕەوە دەست پێبكات.

سێیەم، چین دەیەوێت ببێتە هێزێكی جیهانی. بۆ ئەوەی ئەمە بە ئاسانی روبدات چین پێویستی بە وێنایەكی جوانە لە دونیادا. ئەمە خەمی گەورەی چینە. كاتێك ئەمریكا بە كۆرۆنا دەڵێت ڤایرۆسی چینی، ئەوا چین وەك ناشیرینكردن و جەنگی دەبینێت. بۆیە لە پەرچەكرداردا چین دەیەوێت ڤایرۆسەكە بخاتە ملی ئەمریكا. ئەمە پروپاگەندەی جەنگە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك ڕاستی و پیلانگێڕی دەبینرێت.

چوارهەم، ئەم جەنگی نێوان دوو زلهێزە ئاراستەی خەڵكانی تر دەكرێت، چونكە هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان كە وێنای یەكتر ناشیرین بكەن لای ئەوانی تر. لە پێناو ئەمەدا، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا دەزگای زۆر و ئامرازی زۆر بەكار دەبەن. بە تایبەتی ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین بە هۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییە مەجازییەكانەوە، زۆرترین خەڵكی گۆی زەوی دەتوانرێت زانیاری و پڕوپاگەندەی پێبگەیەنرێت. فەیسبوك بەهەشتی تیورەی پیلانگێڕی و شەڕی پروپاگەندەیە، چونكە دەگاتە زۆرترین خەڵك و زۆرینەی خەڵك بە ئاگانیە لە پارادایمی ململانێی زلهیزەكان و بە دوای تەفسیری سادەی ڕوداوەكاندا دەگەڕێت.

ئەم سەدەیە پڕ دەبێت لەم جۆرە شەڕانە. ئێمە پێویستمان بە ڕۆشنبیری خوێندەوارە بزانێت ئەم جەنگانە لە چ چوارچێوەیەكدا دەسازێن و ئامانجیان چیە و ئاراستەی كێ دەكرێن، ئەگینا زوو زوو دەبینە قوربانی. بەڵام ڕۆشنبیری خوێندەوار دیاردەیەكی دەگمەنە. هەروەها زمانی دەربڕین و پەیوەندی ئێمە هێشتا هێندە ئاینی و سادە و قیامەتی و پیلانگێڕییە، ئاسان نیە زانستیانە پێی بدوێیت. بە دڵنیاییەوە ئێمە تۆپی شەقشەقێنی زلهێزەكان دەبین لە سەدەی بیست و یەكدا. بە خێربێن بۆ تۆپتۆپێن تا تۆپین.

سەردار عەزیز


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی