ئاین و زانست

24/03/2020

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

وانەیەكی گرنگ سەبارەت بە جیاوازی باوەڕ و زانست
سەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوو، ئەنیشتاین بابەتێكی نووسی سەبارەت بە ئاین و زانست و تێیدا چەندین باسی گرنگی وروژاندبوو كە ناوەڕۆكی پەیامە ئاسمانییەكانی رەت دەكردەوە. بە تایبەت ئەو باسانەی كە خۆیان لە قەرەی زانست و گەردوون داوە.

لەسەر ئەم نووسینە، لە ئەمریكا هەڵایەكی گەورە دروست بوو، قەشەو كەنسەكان پڕبوون لە توڕەیی تەنانەت كار بەوە گەیشت كە داوای شاربەدەركردنی ئەنیشتاین بكەن لە ئەمریكا چونكە ئەنیشتاین لە بنەڕەتدا ئەڵمانییە!

ئەو زانا گرنگە دەر بكرێ!
لەناو ئەو هەموو توڕەییەدا، قەشەیەك وتارێكی نووسی و وەڵامی ئەنیشتاینی دابوویەوە، لە بەشێكی نووسینەكەیدا دەڵێ: بەڕێز ئەنیشتاین، من و باوكی من و باوكی باوكی من و حەوت پشتی باوكی باوكی من، لەڕێی زانستەوە نەبووینەتە دیندار، بەڵكو ئێمە باوەڕمان هێناوە. باوەڕ جیایە و زانست جیایە. بۆیە تۆ خەریكی زانستی خۆتبە، ئێمەش خەریكی باوەڕی خۆمان!

چەند وەڵامێكی جوانە...
مەرج نییە ئەوەی زانست بیڵێ، خەڵك باوەڕی پێ بكات. هەموو ئەوانەیشی دینەكان باسیان كردووە، بۆی هەیە زانست سەرلەبەریان پوچەڵ بكاتەوە، بەڵام ئەمە هیچ لە باوەڕی باوەڕداران كەم نەكات. باپیرم ساڵی ٢٠٠٦ مرد، هەرگیز باوەڕی بەو قسەیە نەدەكرد كە زەوی خڕە، نەك هەر ئەوە بەڵكو بە گاڵتەوە دەیوت هاكا بەحرەكان رژان بەسەرماندا.

ئەوەی باپیرم باوەڕبوو، خڕیی و خولانەوەی زەویش زانستە. بەڵام هەرگیز باوەڕی بەو زانستە نەبوو. بەڵام لە باسی بەهەشت و جەهەنمدا باوەڕی بە هەموو ئەوانە هەبوو كە پێیان وتبوو!

بۆیە لێگەڕێن ئەوەی باوەڕی هێناوە، با شوێن باوەڕی خۆی بكەوێ، ئەوەیشی باوەڕی بە عەقڵ و زانستە دڵنیابێ كە تا مرۆڤایەتی بمێنێ عەقڵ و زانست دەیباتە پێشەوە و بستێ نایگەڕێنێتەوە.

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی