ئومێدی چارەسەری كۆرۆنا

25/03/2020

بەیار عومەر عەبدوڵڵا

ئەم ڕێژانەی خوارەوە لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تەواو ورد و دەقیق نین و لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێن چونكە لە ھەندێك وڵاتدا وەك ئیتاڵیا خەلكی بەتەمەن زیاتر توش بوە بۆیە ڕێژەی مردنیش زیاترە، بەڵام تاڕادەیەك ئەم ڕێژانە نزیكن لە واقعەوە بەپێی ئەو نمونە و سامپڵانەی لە ئەمریكا وەرگیراون.

١-بە نزیكەیی لە ١٠٠٠ كەسی توشبوو، ٧٥٠ كەس زۆر بە كزی دەیگرێت و چاك دەبێتەوە بەبێ ئەوەی ھەستی پێبكات و لەشی خێرا بەرگری پەیدا دەكات. 

بۆ نمونە لە ناو كۆنگرێسی ئەمریكادا پشكنین كراوە و دەركەوتوە ٤ سیناتۆر ھەڵگری ڤایرۆسەكەن بەبێئەوەی ھەستیان پێكردبێت، لە ناویاندا ڕاند پاوڵە (Rand Paul) كە پزیشكە.

٢-لەو ٢٥٠ كەسەی دەمێنێتەوە، ١٥٠ یان ھەستدەكەن كە نەخۆشن بەڵام پێویستیان بە نەخۆشخانە نابێت چونكە تەنھا كەمێك قوڕگ ئێشە و سەرئێشە و تایان دەبێت و پاش ماوەیەك خۆیان چاك دەبنەوە و لەشیان بەرگری پەیدا دەكات.

٣-ئەو ١٠٠ كەسەی دەمێنێتەوە، كە ١٠٪‏ ی توشبوان دەكات، بە قورسی دەیگرن و پێویستیان بە چاودێری وردی تەندروستی دەبێت كە بریتیە لە دابینكردنی ئامێری یارمەتی ھەناسەدان (Ventilator) لەگەڵ تێكەڵەیەك لە چارەسەری مەلاریا و ئەنفلوەنزا، یاخود چارەسەری ئیبۆلا، یاخود چارەسەری ئایدز.

٤-لەو ١٠٠ كەسەش، نزیكەی ١ كەسیان ترسی مردنیان لەسەرە كە تەمەنیان سەروو ٧٥ ساڵە و بەرگری لەشیان لاوازە و دوان لەنەخۆشیەكانی فشاری خوێن و دڵ و شەكرەیان ھەیە و فریای چاكبونەوە ناكەون.

ھەروەھا ئەو كەسانەی كە نێرگەلە و جگەرە دەكێشن دیسان زیاتر ترسیان لەسەرە چونكە خۆیان توانای سیەكانیان لاواز بوە، كە ڤایرۆسی كۆرۆناش دەچێتە سیەكانیانەوە ئەوەندەی تر سیەكانیان لاواز دەبێت و چیتر توانای ئەوەی نامێنێت ئۆكسجینی پێویست بۆئەندامەكانەكانی لەش بنێرێت. سەرەنجام ئەندامەكانی لەش لەكاردەكەون و ئەو كەسەش دەمرێت. هەروەها ئەو كەسانەی كە كێشەی ڕەبو و حەساسیەتیان هەیە، وەك خۆم كە لە منداڵیەوە پێوەی گیرۆدەم.

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چەند ڕێوشوێنێكی گرتۆتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

یەكەم، لە زانكۆی كۆڵۆمبیا (Columbia University) لە ئەمریكا كە خۆم خوێندكار بوم تیایدا، دكتۆرێكی بەناوبانگ ھەیە بە ناوی دكتۆر دەیڤد ھو (Dr. David Ho) كە بە ڕەچەڵەك تایوانیە و لە ساڵانی ٩٠ ەكاندا سەرمەشقی دۆزینەوەی چارەسەر بوە بۆ ئایدز ودواتریش ئیبۆلا كە سەرەتا لە ئەفریقا بڵاوبۆوە. 

ھەرچەندە چارەسەرەكەی بۆ ئایدز بنبڕكەر نەبوو، بەڵام توانی ملیۆنەھا كەس لە مردن ڕزگاربكات.

ئێستا ئەم پزیشكە ڕاسپێردراوە كە چارەسەر بۆ كۆرۆنا بدۆزێتەوە، واتە هەم ڤاكسین بۆ ڕێگری لە توشبون، ھەم دەرمان بۆ چارەسەری توشبوان. دكتۆر ھو پشكنینێكی پزیشكی داھێناوە كە دەتوانێت ٪‏٧٥ ی مرۆڤەكان دەستنیشانبكات كە گرتویانە و چاكبونەتەوە بەبێئەوەی پێی بزانن.

چونكە ئێستا تەنھا پشكنینی ھەڵگری ڤایرۆسەكە ھەیە، بەڵام دكتۆر ھو پشكنینێكی داھێناوە كە دەستنیشانی دەكات كێ گرتویەتی و چاكبۆتەوە بەبێ ئەوەی پێیبزانێت لە ڕێی دۆزینەوەی دژەتەنەكانی كۆرۆناوە. 

ئێستا ئیدارەی ترەمپ فشار لە دەزگای خواردن و دەرمانی ئەمریكی (Food and Drug Administration) دەكات كە خێرا ڕەزامەندی لەسەر ئەم داھێنانەی دكتۆر ھو بدەن بۆ ئەوەی ٪‏٧٥ ی ئەو خەڵكەی خۆی كەرەنتین كردوە بگەڕێتەوە سەر كار و ئابوری ئەمریكا نەوەستێت.

سەبارەت بە ٢٥٪‏ ەكەی تریش، ئیدارەی ترەمپ نزیكەی ٢ ترلیۆن دۆلاری تەرخان كردوە ھەم بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەری ورد، ھەم بۆ ئەوەی زۆربەی كارگە گەورەكانی ئەمریكا لەجیاتی بەرھەمەكانی خۆیان، خەریكی بەرھەمھێنانی ئامێر و پێداویستی پزیشكی بن ھەتا دۆخەكە ھێور دەبێتەوە؛ بۆ نمونە كۆمپانیای (General Electric) ئێستا سەرقاڵی بەرھەمھێنانی ئامێر و پێداویستی پزیشكین.

 ھاوشانی دكتۆر ھو، كۆمپانیاكانی كەیسەر (Kaiser) و جیلیاد (Gilead) و ڕیجێنێرۆن (Regeneron) و چەندین كۆمپانیای تری دەرمانی ئەمریكی و چینی و فەرەنسی و نێودەوڵەتی سەرقاڵی دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەرن.

لەوانەیە ھەندێك لە ھاوڕێیان بڵێن ئەمریكا و وڵاتانی تر چ پەیوەندیەكیان بە ئێمەوە ھەیە؟! بەڵام وەك خۆمان سەنتەری توێژینەوەی پزیشكی پێشكەوتومان نیە، دەتوانین سود لە پێشكەوتن و تەكنەلۆجیای پزیشكی ئەوان وەربگرین و دوای ھاتنەبازاڕی ئەو پشكنینە وابكەین كە ٧٥٪‏ی ھاوڵاتیان لە ھەرێمی كوردستان بچنەوە سەر كار و ئابوری وڵاتەكە و گوزەرانی ھاوڵاتیان ئاساییبێتەوە.

سەبارەت بە ٢٥٪‏ ەكەی تریش، حكومەتی ھەرێم و كەرتی تایبەت ھەوڵبدەن ھاوشێوەی ئەمریكا ئامێری ھەناسەدان و چارەسەرەكانی مەلاریا و ئەنفلوەنزا، یاخود ئیبۆلا، یاخود ئایدز بكڕن یان بەرھەم بھێنن. حكومەت دەتوانێت داوا لە ھەندێك كارگە بكات كە دەستبكەن بە دروستكردنی ئامێری ھەناسەدان یان بڕێكی زۆری لێھاوردە بكەن.

سێ جۆر دەرمانیش ھەن كە بەجیا بەكاردێن و دەتوانن تا ڕادەیەك ڤایرۆسەكە لاوازبكەن تا سوڕەكەی خۆی تەواو دەكات. سێ جۆر دەرمانەكە بریتین لە

١-كلۆرۆكوین (chloroquine) كە بۆ چارەسەری مەلاریا بەكاردێت. ئەم جۆرەیان لە ھەموویان ھەرزانترە و وڵاتە ھەژارەكان زیاتر پەنای بۆدەبەن. كۆمپانیای پایۆنێر لە سلێمانی بەنیازن ئەم دەرمانە و ئەزیسرۆمایسین (Azithromycin) بەرھەمبھێنن بۆچارەسەری كۆرۆنا، كە جێی دەستخۆشیە.

٢-ڕێمدیسیڤیر (Remdesivir) كە بۆ چارەسەری ئییبۆلا بەكاردێت.

٣-لۆپیناڤیر و ڕیتۆناڤیر (lopinavir and ritonavir) كە بۆ چارەسەری ئایدز بەكاردێن.

دەكرێت ئەم ڕێكارانە بەردەوام بێت ھەتا ڤاكسینی دیاریكراوی كۆرۆنا دەدۆزرێتەوە.

ھەتا پشكنینەكەی دكتۆر ھو و ڤاكسینەكەی دێتەبازاڕەوە پێویستە پارێزگاری لە خۆمان بكەین و بەریەككەوتن كەمبكەینەوە و پەیرەوی ڕێنماییە تەندروستیەكان بكەین، چونكە كە ئەو پشكنین و ڤاكسین و دەرمانانە بونیان ھەبوو لەوانەیە توشیش بین زۆر كێشە نەبێت، بەڵام ئێستا كاتەكەی زۆر ھەستیارە ومادەم ھێشتا ئامێر و پشكنین و ڤاكسینی پێویست نیە ھەتا دەكرێت ھاتوچۆو و جموجۆڵ كەمبكەینەوە.

ئەمە سەبارەت بە ھاوڵاتیان، سەبارەت بە حكومەتیش، پێویستە موچە و بژێوی ھاوڵاتیان دابینبكات و لەم كاتە ھەستیارەدا دور بێت لە ڕق وناوچەگەرێتی، چونكە بەداخەوە ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە كە پارە و خزمەتگوزاری بۆ زۆنی زەرد ھەیە، بەڵام لە پارێزگاكانی سلێمانی وھەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕیندا نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری بە سواڵ و سەدەقەی خێرخوازان دروست دەكرێن. ھەروەھا حكومەتی ھەرێم وەك پارە و خزمەتی لەم سنورە بڕیوەتەوە، ھەوڵی ناشرینكردنیشی دەدات لە ڕێی كەناڵەكانی ڕووداو و K24 ەوە.

تێبینی: زۆربەی زانیاریەكانم لە دكتۆر ئارام وەرگرت، كە پورزامە و كوڕی شەهید حەمە سەعیدی گەڵاڵی ئەندازیاری كارەبایە. دكتۆر ئارام پاش شەهیدبونی باوكی لەگەڵ دایك و خوشك و براكەیدا ڕێگەی زەحمەتی هەندەرانیان گرتەبەر و لە وڵاتی سوید گیرسانەوە. لەوێ ئارام توانی پلەی دكتۆرا بەدەستبهێنێت لە زانكۆی كارۆلینسكای سویدی (Karolinska Institute) لە بواری ئەندازیاری جیناتدا (Genetic Engineering). ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەی دوای دكتۆراكەیەتی (Post Doctorate Research) لە زانكۆی ھارڤاردی بەناوبانگی ئەمریكی.

بەیار عومەر عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی