چین، براوەی یەكەمی شەڕی كۆرۆنا

25/03/2020

بەختیار كاكی

كۆرۆنا، ئەو ڤایرۆسەی كە لەئێستادا هۆكاری سەرەكی پەك خستن و لەبەریەك هەوڵوەشاندی ئابووری گەلانە، تەواوی هێزە سەربازییەكانی جیهانی خستۆتە ئامادەباشییەوە هەروەك ئەوەی جەنگی جیهانی سێهەم هەڵگیرسابێت. 

"چین"یش، ئەو وڵاتەی كە سەرەتا لە وێوە ڤایرۆسەكە بە جیهاندا بڵاو بووەوە، پێی وایە كە لە پاییزی ساڵی 2019 ەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە بڵاو بۆتەوە دروست لەدوای یارییە ئۆڵۆمپییە سەربازییەكان كە لە شاری ووهان ئەنجامدرا. چینیەكان دەڵێن ئەو ڤایرۆسە لەلایەن شاندی سەربازی ئەمەریكی بەشدار لە یارییەكە هێنراوەتە ناو ووهانەوە. ئەوەش كە زیاتر ئەو گومانەی لەلای چینییەكان دروست كرد دان پیانانێكی بەرپرسێكی ئەمەریكی بوو بە ناوی (ڕۆبەرت ڕدفرید) كە وتبووی بەر لە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەكە لە چین، چەند حاڵەتێكی توش بوون بە ڤایرۆسەكە لە ئەمەركیا بەدی كراوە. گریمانەكان لەسەر چۆنییەتی دروست بوون و بڵاو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەر چییەك بێت، ئەو گومانە ناڕەوێنێتەوە كە ئەم ڤایرۆسە دروست كراوی مرۆڤە نەوەك سروشت. هەر ئەمەش وای كرد كە كاردانەوەی چین بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زۆر جیاواز تر بێت لە هاوتا ئەوروپی و ئەمەریكییەكان و زۆر بە خێرایی كەوتە خۆی بۆ جڵەو كردنی نەخۆشییەكە و لە ڕێگەی دروست كردنی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی هەزار قەڕەوێڵەیی لە ماوەی تەنها دە ڕۆژ و كەرەنتینە كردنی زیاتر لە 60 ملیۆن هاوڵاتی چینی و هەڵمەتی خاوێن كردن و پاك كردنەوەی تەواوی ڕێگاو بانەكانی ئەو شارە. 

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كاتێكدا لە چین سەری هەڵدا كە ئەو وڵاتە چەندین گرفتی ناوخۆیی و دەرەكی هەبوو لەوانە جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا، سزاكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە ڕوو بەڕووی كۆمپانیای "هواوی"بۆوە و قەیرانی موسوڵمانەكانی ئیگۆر دوای ئەوەی كە 23 وڵاتی جیهان سەركۆنەی چینیان كرد لەبەر هەوڵوێستی بەرامبەر بەئیگۆرەكان. 

لە گەرمەی شەڕی بازرگانیدا، دەسەڵات لەچین پێی وابوو كە ئەوروپا و ئەمەریكا بەدوای بەهانەیەكن بوون تا ئابووری چین بخەن و مایەپوچی بكەن، لە لایەكی دیكەشەوە ئەو وڵاتانە پێیان وابوو كە لە لایەن چینەوە هەڵخەڵەتێنراون و ناچار كراون كە پشكی كۆمپانیاكانیان بە نرخێكی زۆر هەرزان بفرۆشن بە حكومەتی چینی. شایانی باسە كە چین تەنها لەماوەی چەند ڕۆژێكدا، بووە خاوەنی 20 ملیار دۆلار. پێش بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێكی زۆری پشكی كۆمپانیا تەكنەلۆجییەكان لەدەست وەبەرهێنە ئەمەریكی و ئەوروپییەكاندا بوون، بەو مانایەی كە نیوەی داهاتی پیشەسازییە تەكنەلۆجییەكان نەدەگەڕایەوە بۆ چین بەڵكو دەچووە دەر بەرەو ئەوروپا وئەمەركیا. بەهۆی دۆخی ووهان و بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو لێدوانەی سەرۆكی چین كەوتبووی چین پێداویستی تەواوی لەبەر دەستدا نییە بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی نەخۆشییەكە، دراوی چینی بەهاكەی هاتە خوارەوە و بانكی ناوەندی چینیش هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ پشتیوانی كردنی دراوەكە، كەم بوونەوەی بەهای دراوی چینی بووە هۆی دابەزینی بەهای پشكی كۆمپانیاكانی تەكنەلۆجیای چینی و ئەمەش وای كرد كە خاوەن پشكە بیانییەكان، پشكەكانیان بە نرخێكی زۆر هەرزان بخەنە ڕوو و هەر ئەمەش وایكرد چین لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا 20 ملیار دۆلار قازانج بكات. 

بە پێی زانیاری بەرپرسان لە سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی، زۆرینەی كۆمپانیا چینییە زەبەلاحەكان كارەكانیان دەست پێ كردۆتەوە و زۆرینەی فەرمانەبەرە لۆكاڵییەكانیشیان گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان.  چین بە دووەم هێزی ئابوری ئەژمار دەكرێت لە سەر ئاستی جیهان و ئەو سەرمایەیەش كە لە ووڵاتەدا بەگەڕ خرابوو بەر لە بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا، بە گەورەترین سەرمایە ئەژمار دەكرا لەسەر گۆی  زەوی.

چین لە كاتێكدا ئابورییەكەی دەبوژێتەوە و دەبێتەوە بە كڕیاری ووزە كە نرخی نەوت لە نزمترین ئاستی دایە و وڵاتێكی وەك سعودییە تا دێت زیاتر نەوت دەخاتە ڕوو بۆ پڕكردنەوە كەم هێنانی بودجەكەی. چین لە ساڵی ڕابووردوودا ڕۆژانە 10.04 ملیۆن بەرمیل هاوردەی نەوتی كردووە بەڵام بەهۆی سەرقاڵ بوونی بەشەڕی كۆرۆنا، تەنها 3 ملیۆن بەرمیل هاوردە دەكرد. شەش وڵاتەكەی ئەنجومەنی هاوكاری كەنداویش كە یەك لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن، بە هۆی كەم بوونەوەی بەهای نەوت كەوتوونەتە ژێر گوشاری كەم هێنانی بودجەكەیان.

تا مانگێك لەمەوبەر تەواوی جیهان بە تایبەت ڕۆژئاوا سوكایەتی بە چین و كەسایەتی چینی دەكرد و لە هەر شوێنێك كەسێكی چینی ببینرایە، وەك سەرچاوەی نەخۆشی سەیر دەكرا، بەڵام لە ئێستادا تەواوی ئەو هاوكێشەیە پێچەوانە بۆتەوە و ئەوە ڕۆژئاوا و كەسایەتی ڕۆژئاواییە كە بوونەتە سەرچاوەی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووبەڕووی قەیرانێكی قووڵ بوونەتەوە. لە ئێستادا چین نەوەك تەنها سەركەوتنی خۆی بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا ڕاگەیاندووە، بگرە لە هەمان كاتدا ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ هاوكاری كردنی تەواوی جیهان بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسەكە.

بەختیار كاكی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی