هەڵەیەك 100 ساڵە دووبارە ئەكرێتەوە

28/03/2020

هیوا رەزا

كاتێ ئینگلیزەكان لە ویلایەتی بەسرەوە، خاكی میزۆپۆتامیا لەدەستی توركەكان دەرهێنا و دەوڵەتێكی نوێیان بەناوی عێراقەوە دروست كرد، دەسەڵاتدارانی ئیگلیز دروستكردنی نەخشەكان و دابەشكاری ناوچەكە‌، دەدەن بە ئەفسەرێك بە ناوی ئاڕنۆڵد ویڵسن.

دوو رێككەوتن لەژێر چاودێری كۆمەڵەی گەلان ( سیڤەر و لۆزان) بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە دەنوسرێت، بەپێی مادەكانی 62 – 64 دەبوو دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكرایە، بەشێكی دروستنەبوونی دەوڵەتەكە وەك نوێنەرانی ئینگلیز باسیان لێوەكردووه،‌ پەیوەندی بە نەبوونی نوێنەرێكی راستەقینەی كورد بووە تا قسەی لەگەڵ بكرێت.

وێڵسن، كاتێك گوێ لە نوێنەرەكەی عەمید نوێڵ (لاورنسی) دەگرێت، باسی ئەوەی بۆ دەكات، جوڵانەوەی كورد هێندە بەهێزە دروستكردنی دەوڵەتی كوردی هیچ زەحمەتێكی ناوێ. بەڵام وێڵسن قەناعەتی بەو قسانە نەكرد و وتبووی" پێم وانییە كوردەكان بتوانن لەژێر سەركردایەتی یەك كەسدا كۆببنەوە" بۆیە نوێڵی لەكارەكەی لابرد و كەسێكی دیكەی لەجێی دانا بە ناوی سوان كە دینی خۆی گۆڕیبوو بۆ ئیسلامێكی شیعە مەزهەب و بەناو كوردەكاندا زۆر گەڕابوو، سوانیش پاش ناسینی عەشیرەت و خێڵەكان گەیشتبووە قەناعەتەكەی ویڵسن. پێی وابوو كورد ناتوانێت بەو دۆخەوە ببێتە دەوڵەت و لەژێر چەتری یەك سەركردەدا كۆببێتەوە.

یەكێك لە بەرپرسەكانی ئینگلیز ئەویش سەرقاڵی دیاریكردنی هێڵەكانی سنوری پەیمانەكانی سیڤەر دەبێت بەناوی لوید جۆرج، گوتویەتی "تاقە كوردێك نادۆزینەوە، هێزی نوێنەرایەتی سەرجەم كوردی هەبێت. بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی توركیاش پێویستە لێرە و لەوێ ئۆپۆزسیۆنی كوردی دروست بكرێت" مەبەست لە خێڵەكان كە بەتاكە تاكە سیاسیەتیان لەگەڵ بكرێ!

كورد دەرس وەرناگرێ لە شكستەكانی پەیمانی لۆزان و كۆڵ لە خۆخۆری خۆی نادا. دوای 25 ساڵ لەو رووداوانە، بە خیانەتی سەرۆك عەشرەتەكان كۆماری كوردستان روخا، قازی محەمەد كە ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانییەتی، لە وەسێتەكەیدا چاك ئەم دەردەی رونكردوەتەوە دەڵێ، تا دەست نەدەیە دەستی‌ یەكتر، سەركەوتن مسۆگەر نابێ‌. لە یەكتر زۆر مەكەن چونكە خوداوەند دوژمنی‌ زۆردارانە. هەروەها دەڵێ" بۆ رەزامەندیی‌ خودا دەست لە دوژمنیی‌ یەكتر هەڵگرن، یەك بگرن‌و بۆ پشتیوانی‌ لە یەكتر هەڵسن، لە بەرابەر دوژمندا راوەستن". قازی دەڵێ " لە رێگەی‌ خوداو بۆ رەزامەندیی‌ ئەو پشتی‌ یەكتر چۆڵ مەكەن‌و یەكگرتوو بن، دڵنیا بن ئەگەر دوژمن هەنگوێنتان پێ‌بدا، تێكەڵ بەژەهرە".

ئەم قسانەی سەركۆماری كوردستان، پاش بینینی پشتێكتی كردنی هێزە گەورەكان و خیانەتی كورد لە كۆمارەكەی كراوە، دەردێكی هەبووە و دەرمانەكەشی بۆ نەوەكان نوسیوە. بەڵام خۆخۆری هەر بەردەوامە.

دوای یەك سەدە كورد وەك خۆیەتی
 یەك سەدە بەسەر پەیمانەكانی سیڤەرو لۆزان تێپەڕ دەبێت، هێشتا كورد قۆناغی خۆخۆری تێپەڕ نەكردووە و نەیتوانیوە هەڵەی سەد ساڵی رابردووی راست بكاتەوە، هەموو ئەو هەوڵانەی كە دراون بە فیتی دوژمن یان كورد خۆی شكستی هێناوە، تازەترین نمونەش شكستی كۆنگرەی نەوتەوەیی كورد (كەنەكە)بوو كە بەهۆی ململانێی پارتی و پەكەكە بۆ سەرۆكایەتی كەنەكە، شكستی پێهات.

لەوەش خراپتررووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی زینێ وەرتێ كە ململانیی پارتی و یەكێتی و پەكەكە بوو لەسەر سەربازگەیەكی حیزبی، سەلماندنی ئەو راستییە تاڵانەن كە كورد هەرگیز ناتوانێ نوێنەرایەتی یەكتر قبوڵ بكات. دەرفەتی نەبوونی دەوڵەتیش لە براردوودا زۆرینەی بۆ خۆخۆری دەگەرێتەوە نەك خیانەتی نێودەوڵەتی بە تەنها كە لە كوردیان كردووە.

هیوا رەزا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی