لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەئێستاو ئایندەدا

29/03/2020

کەمال رەئوف

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک رووداوێکی جیهانی حساب بۆنەکراو، دەکەوێتە دەرەوەی خانەی لێکدانە بۆ نەکراوەکانی پێشبینیە زانستیەکان و تەنانەت سیستمی حوکمرانی نێودەوڵەتیشەوە، هەرچەندە زۆر باس لەوە دەکرێت کە پێشتر کەسانێک پێشبینیان کردوە و باسیان کردوە، یان چەندین زنجیرەی دراماو تەنانەت کتێب و چیرۆکیشی لەسەر نووسراوە، بەڵام ئەوەی لەدەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە روویدا، شۆکێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە هاوشێوەی تاوی شۆرشێکی خۆرسکی سەری لە کتوپرێکدا سەریدەرهێنا. لەئەنجامی ئەم شۆکە گەورەیە پێدەچێت دوای تەواو بونیشی کە بەدڵنیاییەوە تەواو دەبێت، کۆمەڵێک ئاسەواری ئابوری و کۆمەڵایەتی بەسەر مرۆڤایەتیەوە بەجێبهێڵێت، واتە بەدڵنیاییەوە، ئەمە وەک رووداوێکی ئاسایی بەسەر مرۆڤایەتیدا تێناپەرێت و کارکردی زۆری دەبێت لەسەر هەڵسوکەوتی گشتی و باری ئابوری و تەنانەت لەسەر بەشێکی گرنگی لەسیستەمی حوکمرانی باویش، بەتایبەت دەبێتە هۆی چاو خشاندنەوە بەسێکتەری تەندروستیدا ئەمە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی حکومەتەکان تەنانەت تارادەی ئەوەی دەبێتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیش.

تائێستا سیاسەتی باوی سیستەمی حوکمرانی بۆ بەهێزی و دڵنیایی زیاتر لەو خولگەیەدا دەسورایەوە، کە چەکی بەرگری و یەدەکی کەرەستەی جەنگی هەبێت، بەڵام لەبڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەرکەوت، ئەوعەمارە گەورە و پرچەکە زۆرو زەوەندانە فریای ئەم حاڵەتەیان ناکەوێت، چونکە هیچ وڵاتێک شک نابەیت بە وڵاتانی پاشکەوتوشەوە کەبە هەزارەها موشەک و تانک وفرۆکەو کەرەستەی جەنگی یەدەکراوی لەعەمارەکانیدا نەبێت، بەڵام دەرکەوت هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی جیهان لەبڵاوبوونەوەی ئەم ڤارۆسە هێندەی پێویست کەرەستەی پزیشکی بۆ بەرگری لە رووداوێکی وەک بڵاوبوونەوە ئەم ڤایرۆسەی نەبوو، هەر بۆیە تەنانەت لەهەندێک وڵات، کارمەندانی خانەنشین و خوێندکاریانیشیان خستە بواری کارکردنەوە، بەڵام بەوحاڵەشەوە هەر نەیان توانیوە ئەو بۆشاییە پربکەنەوە کە ساڵانێکی زۆرە لەبریان کردوە و لەئاستی بەرگییەکی سەرکەوتووانەدا نەبوون.

 بەچەند هەفتەیەک پێش ئەوەی لە ئەمریکا بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە رابگەیەنرێت،سەرۆکی ئەو وڵاتە ترامپ، لەپامێکی گاڵتە ئامێزدا باسی ئەوەی کرد کە بەگەرمبوونی کەشوو هەوا ڤایرۆسەکەش ون دەبێت، بەڵام زۆری نەبرد، نەک هەر وەک وڵاتانی تر دۆخی کەرەنتین راگەیەنرا، تەنانەت داوای عەون و هاوکاری لەسەرۆکی چین کرد کە بەنەیاری ژمارەیەکی ئەمریکا دادەنرێت، لەناوخۆش بەناچاری بەشێک لەسوپاکەی بە کەلوپەلی سەربازی قورسەوە جوڵاند. لەدەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند راستیەک دەکەوت، لەوانە ئەوە ئاشکرا بوو کە کەمی شوێن و قەرەوێلەی خەوتن گرفتەگەورەکە نەییە، بەڵکو ئەوەی کێشە بوو، کەرەستەی پزیشکی پێویست و کەمی کارمەندی تەندروستی بوو، کەمی دەرمانی پێویست و ئامادەسازی حکومەتەکان بوو بۆ دۆخێکی لەو جۆرە، ئەمەش وایکرد خەڵک ماڵەکانی خۆیان بەئەمینتر بزانن تا لەخەستەخانەکان، لە هەندێک وڵاتیش تاکە ئامۆژگاری لایەنی تەندروستی ئەوەبوو بۆ بەرکەوتەکان کە بچنەوە ماڵەکانی خۆیان و تێکەڵ بەکەس نەبن. 


کەرەنتین وەک خۆپارێزی و وەک چارەسەریش
کەرەنتین کردن و دابرانی بەشێک لەخەڵک، تا ئەو رادەیە پرۆسەیەکی خۆپارێزییە، کە لەدەرەوەی سنوری خەڵکە کەرەنتینکراوەکان، رێگاچارەیەک بۆ بەرگری و چارەسەر هەبێت، دەنا کەرەنتین کردن راکردنە یان خۆشاردنەوەیەکی راستەوخۆیە لەدۆخێک کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دروست بووە، بەتایبەت ئەو جۆرە کەرەنتینکردنەی کە ئێستا لەجیهان پیادەدەکرێت و ژیانی ئاسایی راگرتوە. ئەمریکاو بەریتانیا ئەو دووڵاتە بوون کە بەهۆی دۆخی ئابوریانەوە ویستیان بەرگەی دۆخەکە بگرن و کەرەنتینی گشتی رانەگەیەنن، هەربۆیە بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر بەتایبەت لە ئەمریکا ڤایرۆسەکە لەکتوپرێکی خێرادا بڵاو بووەوژمارەیەکی زۆر لەخەڵک توشی نەخۆشییەکە بوون، کە پێدەچێت دوای ئەوروپا ئەمریکا ئەو وڵاتە بێت کەزۆرترین قوربانی هەبێت و لەرووی ئابوریشەوە زەر.ر مەندی یەکەم بێت، ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر هاوسەنگییە جیهانییەکەی دابنێت وپێگەی لەچاو وڵاتێکی وەک چین لاواز بێت.


تێکچوونی هاوسەنگی و هاوپەیمانیەتێەکان

ئیتالییەکان کە تا ئێستا قوربانیەکی زۆریان هەیە، گلەییەکانیان نەشاردەوە لەدۆستە ئەوروپییەکان، ئەوان وەک وڵاتێکی هاوپەیمانی و ئەندامی ناتۆ، چاوەروانی ئەوەیان ئەکرد، هاوپەیمان و دۆستەکانیان زوو بچن بەدەمیانەوە، بۆیە بەشێک لە زۆری قوربانیەکانیان دەخەنە ئەستۆی ئەوان، ئیتالیەکان هەرچەندە وەک ئێرانیەکان باسی پیلانگێری دەرەکی و دەستکردی ڤایرۆسەکە ناکەن، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا باسی ئەو کەمتەرخەمیانە ئەکەن کە دۆست و هاوپەیمانەکانیان دەرهەق بەوان هەیان بوو. هەرچۆنێک بێت ئێستا کە ڤایرۆسەکە زۆربەی وڵاتانی گرتۆتەوە، کەمتر قسە لەسەرهاوکاری ئەکرێت، ئەوەندەی ئاماژەکان بۆ ئەوەیە کۆدەنگییەک دروست بێت بۆئەوەی هەمووان پێکەوە بەرنامەیەکیان هەبێت بۆ کۆتایهاتن بە ڤایرۆسەکە. بۆئەوەش زۆربەی چاوەکان لەسەر چینە کە وەک ئەزموونی خۆی توانی لەشاری ووهان تەوقی بدات و بەقوربانیەکی کەم قوتاری بێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ناوەندەکانی چاودێری بەگومانێکی زۆرەوە ئەرواننە ئەو داتایانەی لەسەر قوربانیەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەوان لایان وایە ژمارەی قوربانیەکان لەهەموو جیهان زۆر لەوە زیاترە کە راگەیاندراوە، ئەمەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگێرنەوە تا دڵەراوکێ و ترس لەناو خەڵکدا دروست نەبێت، دیارە شاردنەوەی ژمارەی قوربانیەکانیش ئاسان ئەویش بەهۆی ئەوەی، رێورەسمی بەخکسپاردنی قوربانییەکان بەتەواوەتی لەشێوازی باو جیاوازترە و حکومەتەکان بەشێوەیەکی تایبەت ئەوکارە ئەکەن، بەڵام بۆ بەرکەوتوان هیچ گومان لەوەدا نییە کەژمارەی ئەوکەسانەی لەجیهاندا تا ئەم کاتە بەرکەوتوون، زۆر لەوە زیاترە کە راگەیەندراوە، ئەویش بەهۆی سروشتی ڤایرۆسەکەوەیە و بەهۆی ئەوەی کە سیستەمی تەندروستی دەوڵەتەکان، لەتوانایدا نییە، یان کەرەستەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، تا بەزوویی پشکنین بۆ خەڵکێکی زۆرتر بکەن، واتە ئەوەی راگەیەنراوە ژمارەی ئەوکەسانەیە کە پشکنینیان بۆ کراوە، نەک ئەوانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون.


لێکەوتەی ئابوری و لەدەستدانی خۆشی وئازادی هەڵسوکەوت
بەشێک لەو پارە قەبەیەی لەجیهاندا کەئێستا خراوەتە گەر بۆ بەرگرتن بە ڤایرۆسەکە، گەر لەکاتێکی شێنەیدا خەرج بکرایە، بەدڵنیاییەوە زۆر لەوە بەکەمتر دەتوانرا کەرەستەی پێویستی پزیشکی و بەرگریکردن تا ئاستی پێویست بەرهەمبهێنرێت، یان ئەو خەساراتە گەورەیەی بەر وڵاتانی بەهەمهێنەر کەوتوە، زۆر لەوە زیاترە، گەر بیانویستایە بۆ چاککردنی سێکتەری تەندروستی هەموو جیهان بەکاریان بهێنانە، بەڵام دیارە ئاراستەی سیستەمی ئابوری جیهان لەسەر مەزهەبی قازانج پایەکانی داناوە، نەک مرۆڤایەتی، ئەگەریش زۆرە لەدوای ئەم ڤایرۆسەش سێکتەری بەرهەمهێنانی کەلوپەلی پزیشکی قەبزەیەکی تر لەوەبەرهێنان دەستپێدەکات و کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە تیایدا دەبنە خاوەن پشک و هەڵسورێنەری، هەرئەمەش وادەکات لە پروپاگەندەی ئەوکۆمپانیایانە بۆ دەورانێک خەڵک لەسەر ترس و دڵەراوکێیەتی بهێلێریتەوە تا بازار گەرمی بۆ بەرهەمەکانیان بکەن. هەموو ئەوانە وادەکات مرۆڤ لەژیانی ئاسایی خۆیدا وەک سەربازێک بژی کە لەناو کێڵگەی مین بێت، هیچ نەبێت ئەو حاڵەتە بۆ دەورانێکی زۆر بەدوودڵی و نائارامی بۆ مرۆڤ دروست دەکات و وادەکات لەدەوری خۆی بەگومانی سەربازەکەوە بروانێت، نەبا بەهەڵە پێبنێت بەمینێکدا، بەتایبەت ئەوانەی لەشارە قەرەباڵغەکان ژیان دەکەن و شتومەکی گشتی بەکار دەهێنن، وەک پاس و قیتارو مەسعەدو هۆتێل و شوێنە گشتیەکانی تر، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی لەدایکبوونی سلوکێک کە لەگەڵ هی سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەتەواوەتی جیاواز بێت، بەشێک لە زیادەرۆیی مەترسیەکە رەنگە دروستکراوی مرۆڤ خۆی بێت، بەڵام بەشێکی تری بۆ شێوازی خۆمەڵاسدانی جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەرێتەوە، کە هەڵگر، تاچەند رۆژێکیش هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی پێوەدیار نییە، بۆیە دوایی بنەبرکردنی ڤایرۆسەکەش هێشتا ترس و دڵەراوکێی کۆرۆناو ڤایرۆسی هاوشێوەی ئەو لەدڵ و دەرونی خەڵکدا دەمێنێتەوە، کە رەنگە خەڵک چیتر وەک جاران حەزیان بەتەوقەکردن و ماچکردن و یەکتری لەباوەشکردن نەبێت، تەنانەت لەگەڵ کەسە نزیکەکانی خۆشیاندا، ئەوەش وەک دابوونەریت جێکەوتە ببێت، یان حەز لەسەر خواردنی دەرەوە کەم ببێتەوە، سەردانیکردنی شوێنە قەرەباڵغەکان وەک جاران نەمێنێت تا ئەو رادەیەی مرۆڤ گومانی لەدەستەکانی خۆشی بۆدروست ببێت و لەجاران زیاتر بیانشوات و ئاگاداریان بێت بەرشتی نامۆ نەکەون، رەنگە گرنگی دان بەپاکوتەمیزی لەسیستەمی خوێندا لەجاران زیاتر گرنگی پێبدرێت هەروەک چۆن دەست شتن بەسابون لەسەد ساڵی رابردوودا بوە بەشێک لەدابونەریتی باو ئاواش لەدوای کۆرۆنا کۆمەڵێک نەریت کە تایبەتبن بەپاکوتەمیزی برەوی پێبدرێت، هەروەک چۆن ئێستا دەموددان شتن تارادەیەکی زۆر بەبێ ئەوەی کەس گوشار بکات خەڵک خۆیان پەیرەوی لێدەکەن. دیارە ئەم بۆچون و ئەگەرانەی لێرە خراونەتە روو لەکاتێکدایە کە هێشتا فایرۆسەکە بەهەموو قوەتی خۆیەوە لەناوماندایەو سەرباری هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسەکەش هیچ ئاکامێکی سەرکەوتووی زانستی رانەگەیەنراوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی