ترس لە دیكتاتۆرێكی بچووك

1 کاتژمێر پێش ئێستا

رەحمان غەریب

بە تەنها ترس نەبوو كە لە عێراقی سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعسدا، گۆرانی و سروود بەسەر دیكتاتۆردا دەوترا، شیعر و پەخشانیان خستبووە خزمەتی و وەزارەتێك كاسپییەكەی ببوو بە رێكخستنی بۆنەی عەنتیكە بۆ پیاهەڵدان بە ئازایەتییەكەیدا، بەڵكو خواستی پۆست كە پارە بەرهەمدێنی فاكتەرێكی تری ئەو پیاهەڵدانەبوو.

گەیشتن بە پێگەی حزبی و حكومی و پارەی هەڵڕژاوی حزب و دەوڵەت لەو سەردەمەدا، وای لە كەسانێكی كردبوو لەكاتی دەركەوتنی دیكتاتۆر هیچ بەهایەكیان بۆ كەرامەتی خۆیان دانەدەنا، لەبەردەمیدا دەمردن و دەتوانەوە یان رۆڵی قەرەقۆزیان دەبینی.

كۆبوونەوەكەی 17ی ئازاری 2026ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە سێ كاتژمێر و نیوی لە یوتیوب بڵاوكراوەتەوە و، تیایدا زیاتر لە 30 پەرلەمانتار لە كۆی 92 پەرلەمانتار كە ناوی خۆیان نوسیبوو قسەیان كرد، لەو ڤیدیۆیەدا هەندێك لە بەشدارییەكان دیارنییە چییان ووتوە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە كە بە هەڕەشە و تۆقاندن و لۆژیكی هێز و سوكایەتیكردن و تەنانەت بە شۆڤێنییەتی قێزەون دەستیان پێدەكرد و كۆتاییان پێدەهێنا، نوێنەرانی كوردستان بێدەنگ..بێدەنگ سەرقاڵی تیكتۆك بوون.

راوەشاندنی پەنجەی هەڕەشەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكەی بە تۆڵەكردنەوە لە هەرێمی كوردستان لە دانیشتنی داهاتووی "موازنەی عێراق"دا، كە دیارنییە كەی ئەنجام دەدرێت، ئەو فێستیڤاڵی هەڕەشەیەی لە بەردەم بەشێكی نوێنەرانی (یەكێتی و نەوەی نوێ و هەڵوێست)دا بەڕێوەدەچوو، زۆر خەجاڵەتكەر بوو، شێوازێك لە خەجاڵەتكردن كە ئینسان سەرسام دەكات و وای لێدەكات ئەو پرسیارە بكات كە چۆن كەرامەتی نیشتمانیی نوێنەرانی كوردی لەو پەرلەمانەدا نەبزوواند؟

هەڕەشەی پەرلەمانتارانی عێراق لە جوڵاندنی هێز و چوونە سەر مەرزەكان و كێڵگە نەوتییەكان و لەقاڵبدانی قەوارەی دەستووریی هەرێم، تەنانەت ئەو دەسەڵاتانەیشی كە دەستوور شەرعییەتی پێبەخشیوون، دەبێت هەمووان بتۆقینێت نەك تووشی شۆكیان بكات. قسەكانی "موسەننا ئەمین" ناكەمە ئەو چوارچێوەیەوە، چونكە ئەوەی ترس بێت لە قسەكانیدا نەبوو.

سوپاس و پیاهەڵدان بە سەرۆكی پەرلەمانێك، كە هەموو قسە و ئاماژەكانی تۆڵەكردنەوە بێت لە هاونیشتمانیانی كوردستان و قەوارە سیاسییەكەی، شۆكهێنەرە، كاكی برام با جیاوازیش بیت لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و حكومەتی هەرێم. "موعارەزە"ی گەندەڵی و ناشرینییەكانی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانییەكەی بیت ئەمە سروشتییە، دژی سیاسەتی چەوتیانبە بە دۆسییەی نەوت و گاز گلەییت لێ ناكرێت.
 بەڵام  چ بێشەرمییەكە ئەوەندە بێباك و ترسنۆك و بێدەنگ بیت لەبەردەم رق و شۆڤێنیەتی باڵی سیاسیی ئەو هێزانەی بە مووشەك و درۆن هاوڵاتییان و شوێنی مەدەنی كوردستان دەكەنە ئامانج. 

كەرنەڤاڵی ستایش و پیاهەڵدانی بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران و لەناویاندا "ئەكراد"ی خۆمان، بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، یادەوەریی گشتی بۆ نوسخەی كۆپیكراوی ئەندامانی سەردەمی ئەنجومەنی تەشریعیی حوكمی زاتی، گەڕاندەوە، ئەو سەردەمەی كەنعان مەكییە ناوی لێنابوو " كۆماری ترس".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی