شەپۆلی ناڕەزایەتی نوێی هەرێم

29/03/2020

تەحسین تەها چۆمانی

هەموو ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن، حكومەتی هەرێم دژ بەخواست و چاوەڕوانییەكانی هاووڵاتیان و موچەخۆران دەیەوێت هەنگاوێكی نوێ بنێت، كە بەدەرنابێت لە سەرهەڵدانی شەپۆلێكی ناڕەزاتی نوێ، بەجۆرێك پێدەچێت سیما و كاركردی ئەو شەپۆلە نوێیە جیاواز بێت لە ناڕەزایەتییەكانی رابردوو.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە، نرخی نەوتیش بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان سعودیە و رووسیا و كەمبوونەوەی خواست لە هاوردەكردنی نەوت لەلایەن بەشێكی زۆری وڵاتانی بەرهەمهێن. حكومەتی هەرێم لە رێی چەندین ئاماژەوە كار بۆ دەستبردن بۆ سیاسەتێكی نوێی دەستكاری موچەی فەرمانبەران دەكات. رۆژی 18ی ئازار وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ گرتنەبەری ئەو سیاسەتەی لەلایەن حكومەتەوە ئاشكرا كرد و رایگەیاند، "لەئەنجامی ئەو بڕیارانەی كە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان دراون، داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نزیكبۆتە لە سفر. هەرچی بەرهەمی نەوتە، هەرچی ئیشە، هەرچی داهاتە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان راگیراوە." چۆنییەتی سفربوونەوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان كە چۆن تەنها لەماوەی نزیكەی دوو هەفتە رووی لە سفربوونەوە كردووە، جێدەهێڵم بۆ شارەزایانی ئابوری سیاسی، بەڵام ئەوەی گرنگە باسی لێوە بكرێت، ئەو شەپۆڵە ناڕەزایەتییە نوێیەیە كە لە درەنجامەكانی گرتنەبەری ئەو سیاسەتانەی بكەوێتەوە.

حكومەتی نوێی هەرێم، كە هێشتا لە سەر ئەرزی واقیع هیچ هەنگاوێكی گرنگی نەناوە، تەنها لە لایەن چەند میدیایەكی نزیك لە سەرۆكی حكومەتەوە پشتیوانی دەكرێت، وەكوتر خەریكە كەم كەم ناڕەزایەتی نوێ سەرهەڵدەدەن. بەم جۆرە دەكرێت بڵێین حكومەتی نوێ لە بەردەم دوو مەترسیدایە، ئەوانیش مەترسی شەپۆلی خۆپیشاندانی نوێی جەماوەریی و هاوكات تێكچوون و هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش تێكچوون و هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا.

چەندین ئاماژە هەن كە وادەكات پێمان وابێت رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لە سەر بەردەوامیدان و هاوبەشێتی لەو حكومەتدا تا سەر نابێت، هەرە لە پێشینەی ئەو ئاماژانە ئەو جیاكاریەیە كە لەلایەن سەرۆكی حكومەت و بەشێك لە تیمەكەی لە نێوان زۆری سەوز و زەرد دەكرێت، ئەمەش نیگەرانییەكی زۆری لای یەكێتی دروستكردووە. دووەم و گرنگتر لەوە، پێكهاتەی نوێی یەكێتییە، هاوسەرۆكانی یەكێتی هێشتا هەر چاودێری دۆخەكە و سیاسەت و كاركردی حكومەت دەكەن، بەڵام پێدەچێت دوای رەوینەوەی مەترسی كۆرۆنا، یەكێتی چ وەك حكومەت و چ وەك تیمی حكومەت و پەرلەمان، هەڵوێستی جددی وەربگرن. ئەمەش رەنگە ئەو كاتە بێت كە حكومەت دەست بۆ دەستكاری موچەی فەرمانبەران و دواكەوتنی رووبدات.

هێشتا روون نییە، بزووتنەوەی گۆڕان چ سیاسەتێك لە گەڵ تیمی حكومەت و پەرلەمان دەگرێتەبەر. پارتی نیگەرانە لە هەڵوێستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا بزووتنەوەی گۆڕان بێ یەكێتی هیچ هەنگاوێك نانێت. 

لە دوا سەرنج جارێكی تر دەگەڕێمەوە سەر شەپۆلی ناڕەزایەتی نوێ لە هەرێم، ئەویش جیاوازیكردنە لە پرسی دەستكاری موچە و هەناسەدرێژی فەرمانبەران و هاووڵاتیان، قۆناغەكە لەگەڵ سەردەمی شەڕی داعش جیاوازی هەیە، هێشتا كاریگەری و لێكەوتەكانی نیوە موچەی كابینەی رابردوو لە سەر ژیانی فەرمانبەرانی هەرێم هەر ماوە، بۆیە رەنگە ئەو كاریگەری و لێكەوتەیە، تەقینەوەیەكی هاوشێوەی عێراقی لێبكەوێتەوە.

تەحسین تەها چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی