دیـدی ژن لەچاوی کۆمـەڵگاوە

29/03/2020

سۆما خالید


ئەگەر لە رووی مێژووە سەیری ژن بکەین, بە درێژای مێژوو ژن لەلایەن پیاوانەوە وەک بونەوەرێکی ناتەواو و کۆیلە سەیرکراوە, هەرچەندە ژن خاوەنی پێناسەیەکی مرۆڤانەیە. 

کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەلامەت نییە کە ژن تێیدا لە ئەمن و ئاسایشدا بێت, بەلکوو کۆمەڵگایەکی بێ رەحمە بەرامبەر بە ژن، کە پیاوی لێکردووین بە توندووتیژ و ژنیش بە میهرەبان و سیفەتی دڵسوزی بەسەردا بسەپێنرێت و سوود لەو مەوقیعیەتە لاوازە بگیرێت و لەهەمان کاتیشدا فۆبیای پەلاماردان , لاقەکردن  لای ژنان دروست کردووە, هەر ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە ژنانی ئێمە بێ متمانە بن بە پیاوان کە نەیانتوانیوە ژنان وەک مرۆڤێک وێنا بکەن ,چونکە لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا ژن بەڕادەیەک بۆ جەستە و تێربوونی غەریزەی سێکسی شەرەفی خێزان و عەقڵ و کەسایەتی کورتکراوەتەوە کە پیاوی پێوە گرێدراوە, بەشێوەیەکی گشتی ژنی کورد ژنێکی سەربەخۆ نییە,  پیاوانیش نەیانتوانیووە بە چاوێکی تەندروست سەیری ژن بکەن تەنیا نیگایەکانیان بە لای جەستەی ژندا شکاوەتەوەو سەیرکردنێکی بریندارکەر و بێزارکەریان هەیە.ئەگەر لەچاوی دینەوە باسی بکەێن هەموو پیاوێک مەحکومە بە نەزەر لە کاتێکدا کۆمەڵگەی کوردی رەنگرێژە بە ئاین و بە تایبەت ئاینی ئیسلام و زۆربەی پیاوەکان بە دەزوویەکەوە بەستراون بە ئاینەوە.

عەقلیەتی پیاوساڵاری ژنێکی لاپەسەندە ,کە ژنی ماڵەوە بێت و گوێرایەڵ و مڵکەچی فەرمانەکانی بێت, نەک ژنێک خاوەن بڕیار و ئابووری سەربەخۆی هەبێت و لەسەر پێ خۆی بەوەستێت, ژنان تا ئێستا نەیانتوانیوە داوای ماڤەکانی خۆیان بکەن کە تا ئەمڕۆ لێدان دەخون لەسەر چوونە دەرەوە و لە دوو دڵیدا دەژین و لە خەمی کۆمەڵگایەکی بێ رەحمدایە تا پێی نەڵێت بەد رەوشت, لەگەڵ ئەوەشدا سەرتاپا خۆی دادەپوشێت تا کۆمەڵگا لەخۆی رازی بکات واتە ئەمە ژنێكە كە وابەستە دەبێت بە نێرینەیەکەوە,ئیتر هاوسەر بێت یان خود برا یان باوک. هەوڵیش دەدات خاوەن جەستەو پۆشاکێکی سەرنجڕاکێشی چێژ بەخش بێت، بەشێوەێکی ناسروشتی گرنگی بە روخسار و جوانی ئەدات وەک فیلەر و بوتوکس ,  هەتا لە بوارەکانی ئیشکردن و شوکردندا بتوانێت دڵی پیاو ڕازیبکات, ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوک سالارییەی بوونی هەیە. بۆیە زیاتر ژنان بۆ رێکلامی بازرگانی و فرۆشتنی بابەتەکان لە لایەن خاوەن کۆمپانیاکان و دوکاندار و مۆلەکان بەکاردەهێنرێـن  ئەوان وەک خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌ک سەیریان دەکەن کە دەتوانن چاوی پیاو تێربکەن. هەندێک لە ژنانیش لەم کۆیلاتییە چێژ وەردەگرن هەمیشە وەک هێزێک پیاوەکان ئاراستە دەکەن بەمەش پەیوەندییەکی ناتەندروست لەنێوان هەردوو ڕەگەز دێتە ئاراوە, کە کەسیان گوزارشت لە بوونی راستەقینەی خۆیان ناکەن وەک دوو وێنە مامەڵە دەکەن, 
نە ژن ئازاد دەبێت و نە پیاویش دەتوانێت لە چوارچێوەی  ئەو کۆیلایەتیییە درێژە بە ژیانی خۆی بدات.

هەروەها هەتا رەگەزی نێر نەگاتە ئەو ئاستەی وێناكردنی بۆ ژن بگۆرێت ، ناتوانێت لە کێشەو ئازارەکانی ژن تێبگات و ئاسایی مامەڵە له‌گه‌ڵ ژن بکات, ئەمەش کاریگەری لەسەر ژن دروست دەکات لە گەشەکردن و بنیادنانی کۆمەڵگا, کۆمەڵگاش بێبەشی دەکات لە توانای داهێنەرانی ژن کە بڕیارو بڕیاردانی ژنی پێوە دیاربیت, ئەوەی هەیە وەک  لەرووی خێزان,  کۆمەڵگا, سیاسەت , کاردان و بڕیاردەرن
بە ڕیژەیەکی زۆر کەم کاریگەری هەیە. پاشان ژن جێگە و ڕێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لاواز بێت ئەوا بونیادێکی ئاسانترە بۆ کوشتنیان.بەگشتی لە کۆمەڵگای کوردی ژن وا ڕاهێنراوە کە دەبێت دەستەموی پیاوان بن، بۆیە ئێستا نازانن ئازادی چۆنە , واتە پارێزگاری لەو دۆخە دەکەن کە وەک ئەوەی لەناو قەفەسێک بن و ئازادی شتێکی نامۆ بێت لایان. ئازادی ژن واتە هاتنە مەیدان و ئیشکردن و جدی بوون بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو, ئەو کات هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت تەشهێر بکەن و حکومەت و پەرلەمان ناتوانن بێدەربەست بن لە کوشتن و سوکایەتی پێکردن بەژن.
 هەر وەک چۆن سیمۆن دی بۆڤوار-ژنە نووسەرو فەیلەسوفی فەڕەنسی- لە کتێبەکیدا دەڵێت, "کە ئێمە خۆمان بێ ڕەگەزی کۆمەڵایەتی لە دایك دەبین، ئەوە کۆمەڵگەیە ئێمە دەستنیشان دەکات نەك خۆمان، كە لە ئەزەلەوە بە ژنی یان بە پیاوی لەدایك ببین بەپێ ئەو وێنایەی کە کۆمەڵگە بۆ ئەم دو ڕەگەزەی ئەکات". مەبەستی سیمۆن ئەوەیە کە دایک و باوکانیش ناتوانن ئێمە دەستنیشان بکەن بەڵکو کۆمەڵگایە کاریگەری لەسەر دایک و باوک دادەنێت, واتە لەدایك بوونمان دەست پێدەکات و دواتر سیستمی خێزان وەك بەشێك لە کۆمەڵگە گەورەکە، بڕیار لەسەر ئێمە و پەیوەندییەکانمان دەدات,هەروەها کۆمەڵگایە هانی باوکەکان یان براکان دەدات کە کچەکانیان یان خوشکەکانیان بکوژن، ئەگەر کورتکراوەی وێنەی ژن نە بێت بۆ شەرەفی خێزان، چ لۆژیکێکی عەقڵ قبووڵی دەکات کە باوک کچی خۆی یان برا خوشکی خۆی بکوژێت. ئەمەش بەشێکی ترە کە کاریگەری لە دروست کردنی گەشە و بەشداریی و بەڕێوبردن و ئابوریی و هەموو لایەنە گرنگەکانی ژیان هەیە و گیرۆدەی پێناسەێکن کە کۆمەڵگا بۆی داناون.
ژن لە لایەن شاعیران و نوسەران تا پلەی خوداوەندەکان بەرزکراوەتەوە، جێیەکی شایستەی پێ دراوە، لە هەمان کاتدا جیاوازیەکی زۆر دەبێنرێت کە هەموو کات ژن وەک ژێردەستەیەک و زەلیل بینراوە, چونکە پیاوان لە خەیاڵدا وێنەی ئەکێشن و هەر بە خەیاڵ لەگەڵی ئەژین و بە خەیاڵیش وەسفی ئەکەن کە لەگەل ئەو کلتورە و ئەو ئازارە زۆرەی ژن  بەدرێژیی مێژوو چەشتوێتی، لەگەڵ ئەو وەسف و پیاهەڵدانەدا ناڕەخسێت و یەک ناگرێتەوە.
 پێویستە ژن گۆڕانکاری دروست بکات و شەری پیاوسالاری دروست بکات و بەپلە دوو رازی نەبن, ئەگەر ئەم بێدەنگیە درێژە بکێشیت کێشەیەکی زەقیتر لەم کۆمەڵگەیە بە کالاکردنی ژنان و سەرقاڵ بوونی ژنانە بە دوای حەزەکانی پیاوانەوە لە کۆمەلگایەکی پیاو سالاردا روو دەدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە