"ئەو هەموو چۆم و
ڕووبارانەتان دیتووە؟ هەر کاتێک بمانەوێت دەتوانین سوپاکەتانی تێدا بخنکێنین. دەزانن
ئاگرمان هەیە؟ هەرچی دەستکەوتی سەر زەوی هەیە دەتوانین بیسووتێنین، ئەوەش ڕوونە کە
بەم کارە تووشی برسێتی و قاتوقڕی دەبن و هەرچەندە جوامێر و جەنگاوەریش بن، سوپاکەتان
تیا دەچێت"
ئەمە دەقی پەیامی ئەردەشێری دووەمی هەخامەنشی
بوو کە لە ڕێگەی "تیسافێرن"ی نوێنەریەوە بۆ "کلێ ئارخۆس"ی
نارد. کلێ ئارخۆس، سەرکردەیەکی سەربازیی یۆنانی بوو کە دوای شەڕی (کۆناكسا) لە
سەدەی پێنجی پێش زایین، دەیویست لەگەڵ سوپاکەیدا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام
پاشای هەخامەنشی ئەم کارتانە (ئاو، ئاگر و برسیکردن)ی وەک چەکێکی کاریگەر
دژ بەو بەکار هێنا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەیان بکات.
ئێستاش، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەزار
و چوارسەد ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە مێژووییەدا، دەبینین جیهان لەبەردەم هەمان گوتاری
"هەڕەشە بە سوتاندن و خنکاندن" دایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک
میراتگرێکی سیاسیی ئەو مێژووە، هەمان ستراتیژ پەیڕەو دەکات. ئەگەر ئەردەشێر لەو سەردەمەدا
هەڕەشەی خنکاندنی لە چۆم و ڕووبارەکاندا کردبێت، ئەوا ئێستا نەوەکانی ئەو ڕێڕەوە
ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دادەخەن و ئاسایشی وزەی جیهانیان خستووەتە مەترسیەوە و هەڕەشەی
و وێرانکردنی ناوچەکە دەکەن.
ئەمڕۆ چاوسوورکردنەوەکانی تاران تەنها
لە چوارچێوەی گوتاری سیاسی و دیپلۆماسیدا نەماونەتەوە، بەڵکو گۆڕاون بۆ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ
لەسەر شادەمارە زیندووەکانی جیهان. یەکێک لە دیارترین ئەو کارتانەی کە ئێران وەک
"چەکی خنکاندن" بەکاری هێنا، داخستنی تەنگی هورمز بوو. ئەم ڕێڕەوە ئاوییە
کە جێگرەوەیەکی ئەوتۆی نییە، وەک قوڕگی ئابووریی جیهان وایە، ئێران دەزانێت کە تەنها
بە ئاماژەیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی ئەم تەنگەیە، دەتوانێت جیهان تووشی شۆکێکی گەورەی
وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان بکات. ئەمە ڕێک هەمان ئەو عەقڵییەتە مێژووییەیە کە دەیەوێت
بە "ئاو" نەیارەکانی ناچار بە پاشەکشە بکات. نەوەکانی ئەردەشێر ئێستا
لەبری "چۆم و ڕووبارەکان"، دەستیان خستووەتە سەر "تەنگە
و دەریاکان" تاوەکو وەک ئامرازێکی گوشار، دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاری
بهێنن و پەیامی ئەوە بدەن کە: "ئەگەر ئێمە ئارام نەبین، کەس ئارام نابێت."
ئەوان دەیانەوێت لە پێناو مانەوەی خۆیاندا
جیهان نغرۆ بکەن و هەموو کارتێکی شیاو و نەشیاو بەکار دەهێنن. بەکارهێنانی "کارتی
برسیکردن" و "سوتاندنی حاسڵات" کە لە مێژوودا وەک تاکتیکێکی
جەنگی دژی یۆنانییەکان بەکار هات، ئێستا گۆڕاوە بۆ لێدان لە سەرچاوەکانی ووزە، پێگە
ستراتیژیەکانی ووڵاتانی کەنداو، ڕێگریکردن لە ڕێڕەوە ئاوییەکان و دروستکردنی قەیرانی
مرۆیی. ئەم ڕەفتارانە، ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی مرۆییەوە (نەک سیاسی) لێیان بڕوانین،
کردەوەی ناڕەوان کە نەک هەر نەیارە سیاسییەکانیان، بەڵکو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە
گشتی دوچاری ناسەقامگیری دەکات.
ئەمە نیشانمان دەدات کە لایەنی ئێرانی
خاوەنی مێژوویەکی دێرین و قووڵن لە بەکارهێنانی قەیرانەکان وەک کارتێکی گوشار لە بەرامبەر
ڕکابەرەکانیاندا، مێژوویەک کە تێیدا "جوگرافیا و سەرچاوە سروشتییەکان"
هەمیشە وەک چەکێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەکار هاتوون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی