ئایا ئەركی پەرلەمانتار كاری خێرخوازییە؟

30/03/2020

بەهرۆز عەلی

كاری خێرخوازی لە بنەرەتدا ئەركی  كۆمەڵە و  دامەزرازوەی  تایبەت بە  خێرخوازی  و رێكخراوە ناحكومییەكانی بواری مرۆییە،لەگەڵ ئەو كۆمپانیا و سەرمایەدارانەی  بەئارەزومەندی  كاری خێرخوایی دەكەن.

لە هەرێمی كوردستان چونكە دامەزراوەی  پەرلەمان  دامەزراوەیەكی  سیستماتیك نییە و كاری خۆی كەمتر دەكات ، بەهەمان شێوەش  زۆر جار كاری پەرلەمانتاری  كارە تایبەتمەندە  بنەوەتیەكەی خۆی نیە، پەرلەمانتار  دەبێت  كارەكانی بۆ گەڕان و  بەدواداچوون و  دۆزینەوەی  كێشە و  چارەسەری كێشەو میكانیزمی چارەسەری كێشە تەرخان بكات، نەك بۆ كاری تر كە هی ئەو نییە ، هەرچەندە بەهۆی ئەو مووچە زۆرەی كە بۆیان بڕاوەتەوە و هاوكاری خەڵكانی كەمدەرامەتی پێبكەن جێگەی دەستخۆشییانە، بەڵام  باشتر وایە ئەوان بەكاری خۆیان خەرێك بن ئەویش دانانی یاسا و ستراتیژی  بەریوەبردنی دەوڵەتە.

هۆكاری ئەوەی  كە خەڵك و رێكخراوەكان بۆ پەرلەمانتاریان كردوە بە سەرچاوەی  خێرخوازی و داوای  هاوكاریان لێدەكەن، بۆ ئەوە  دەگەرێتەوە  كە  مووچەكانیان زۆر ناسروشتی زیاترە لە ئەركەكانیان، كەواتە ئەوەش ناگەرێتەوە بۆ  كەمووكورتی خۆیان ،ئەم هۆیە دەگەرێتەوە بۆ   حكومەت  كە ئەو مووچە زۆرەی بۆ پەرلەمانتارن  دیاری كردوە، ئەگەر مووچەكانیان بەم شێوەیە زۆر نەبێت خەڵك و كۆمەڵەكانیش  داوای هاوكاری و خێر و سەدەقەیان  لێ ناكەن  ، بەڵكو ئەو كاتە   كاتەكانیان   بۆ ئەركە سەرەكییەكەی   خۆیان تەرخان دەكرد .

سەرمایەدارێك ئەگەر ملیۆنێك دۆلاریشی خستبێتە پرۆژەیەكەوە ، ڕەنگە لەمانگێكدا دەستكەوت و قازانجەكەی هێندەی مووچەی پەرلەمانتارێك نەبێت، بۆیە خەڵك وەك پەرلەمانتار، پەرلەمانتار  نابێنێت ، بەڵكو وەك سەرمایەدار سەیریان دەكات و بوونەتە مایەی سەرچاوەی خێرخوازی.

مووچەی پەرلەمانتار  لە سەردەمی پادشایەتی لە عێراق ، ئەوەندەی مووچەی  بەرێوەبەرێكی قوتابخانەیەكی سەرەتایی بوو، بەڵام نوێنەرەكانیان ئەو پەری كاری نەوعیان دەكرد و جێدەستیان دیاربوو، هەرچەندە زۆربەیان سەر بە چینی ئەرستۆكراتی و سەرۆك هۆز و  ئەفەندیەكان بوون، بۆ نموونە بروانە  ئەرشیفی دانیشتنەكانی ئەو دەمە، بزانە چۆن نوێنەرە كوردەكان بەرگریان لە لیواكانی  كوردستان كردوە، لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و زیاتر كردنی ژمارەی مۆزەف و كاربەدەستی میری و زۆركردنی فەرمانگەی حكومی  و قوتابخانە لە ناوچە دورە دەستەكان .

باشتر وایە جارێكی تر حكومەت بە مووچەی پەرلەمانتاران و پلە باڵاكاندا بچێتەوە و لە ئاستیكی گونجاودا رێكیان بخاتەوە ، ئەو كاتە سوودمەندی  یەكەم پەرلەمانتاران  خۆیان دەبن ، چونكە نەكەس هەراسانیان  دەكات و نەكەسیش  كاتییان  دەگرێت  بۆ خێروسەدەقە، بەڵكو  كاتیان  بۆ كارە بنەرەتی و تایبەتیەكانی خۆیان تەرخان دەكەن، چونكە ئەركی پەرلەمانتاری  كاری خێرخوایی و سەردانكردن و دەستگیرۆیكردنی  نەخۆش و  خەڵكی كەمدەرامەت و  دیاربردن نییە بۆ بۆنە كۆمەڵایەتیەكان،  لە بری ئەوە دەبێت  حكومەت ئەو خەرجیە نا پێویست و زیدەرۆییانە بخاتە ناو سندوقێكی تایبەت و بەسەرپەرشتی دامەزراوەیەكی چاودیری كۆمەڵایەتی لە پرژەی وەبەرهینان بەگەری بخات و داهاتەكەی بۆ هەژاران و كەمدەرامەتان خەرج بكات ، ئەو كاتە نەك وەك سەدەقە بەڵكو وەك ئەرك دەیبەخشێ و مرۆڤی  هەژاریش وەك مافی خۆی  وەری دەگرێت.

بەهرۆز عەلی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی