کام سیستەم و کام حوکمڕانی ؟

30/03/2020

none


کورۆنا تەنیا قەیرانێکی تەندروستی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئابوری گەورەشی بەدوای خۆدا ھێنا. ئەگەر ئەو قەیرانە بۆ ھەندێک لە وڵاتان کاتی و کاریگەری کەمتربێ، ئەوا بۆ کوردستان درێژخایەن و جەرگ داخکەرە. لەم قەیرانانەدا  کەموکوڕی، کەمتەرخەمی و خەوشەکانی دەسەڵات دەکەونە سەر لەپی دەست. پێ دەچێ ئێمە، یان باشتر وایە بڵێم دەستە بژێری دەسەڵات دەرس و پەند لە مێژوو و روداوەکان وەرنەگرین، دەنا ھەمووی چەند ساڵێک پێش ئێستا کاتێک رووبەڕووی قەیرانی داعش و داکەوتنی نرخی نەوت بووینەوە دەبوایە پەندی لێ وەرگرین!

من لە حکومەت دەپرسم: ئایا دەتوانی تەنیا بۆ ماوەی سێ مانگ مووچەی مووچەخۆران بەرێکوپێکی دابین بکەی؟ خۆ پاشەکەوتکردنی بەشی سێ مانگ لەو ھەموو داھات و بودجە زەبەلاحانەی ١٧ ساڵی رابردوو کارێکی زەحمەت نەبوو. ئەم دەستەبژێرەی دەسەڵاتە گوێی نییە، یاخود گوێ ناگرێ. بۆیە ھەرگیز راوێژ بە پسپۆڕانی بوارە دارای و ئابورییەکان ناکا و پشت بە لێکۆڵینەوە زانستی و ستراتیژیەکانیش نا بەستێ. واتا زۆر بەکورتی دیەوێ بە عاقلیەتی شاخ وڵات بەڕێوەببا و بەبیرکردنەوەی گوندان شەرەکان ئاوەدان بکاتەوە، بۆیە لەگەڵ ھەر ھەژانێک راستەوخۆ  تەخت و تاراجی  وڵاتیش دەھەژێ. 

سەیرم کردووە  لە دوای نەمانی داعش  ئەوەندەی سەفتە دۆلار  بۆ بێدەنگکردنی دەستەبژێری راگەیاندن و سیاسی و پەروەردەکردنی زۆرنا ژەن ( رێزم بۆ زورناژەنی راستەقینە ھەیە) نیو ئەوەندەی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و راسپاردە و ئامۆژگاری سەنتەرە ستراتیژیەکان خەرج نەکردووە. ئەگەر پلان و ستراتیژیەتێکی باش لەناو حوکمڕانێکی باش  ھەبوایە و ھەبێ ئەوا بەڕێوەبردنی پێنج ملیۆن کەس لەو وڵاتە پڕ بە پیت و بەرەکەت و ھەمەجۆر داھاتە کارێکی گران نەبووە و نابێ.

دیارە منیش وەکو ھەموو لایەنە پەویوەندی دارەکانی حکومەت خۆ راگری و پشوو درێژی لەم قۆناغەدا بەپێویستیی ژیان دەزانم، بەڵام ناشکرێ ئۆباڵی ئەو ھەموو گەندەڵی و بێ سەروبەرییە لە ئەستۆی لایەنەکانی دەسەڵات نەبینین.

سەیرکەن سیستمی سیاسی سەقەتە، سیستمی حوکمڕانی سەقەتە، سیستمی قەزایی سەقەتە پێم ناڵێن کێ لەو ھەموو سەقەتیانە بەرپرسیارە؟ 

دڵنیام دەسەڵات بەبیانوی ئەو پەتا مەترسیدارە خۆی لە وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی ئەم  میللەتە دەدزێتەوە، بەڵام ئەگەر سەردەمێک لەبەر قەیران دەنگ نەکرێ و سەردەمێکیش لەبەر تەخشان و پەخشان و بێ باکی دەنگ نەکرێ ئایا کەی ئەم سیستەمە سەقەتانە دەگۆڕدرێن؟ 

ئەگەر لەم ھەلومەردجەشدا گەل بێ دەنگ بێ ئایا پڕۆژەی دەسەڵاتداران  بۆ راستکردنەوەی سیستمی سیاسی و حوکمرانی چییە؟ 

ئەدی ئەگەر ئەم گەلە چیتر بەرگەی نەگرت و لەبەرامبەر ئەو سەقەتیانە راپەڕی ئایا وەڵامی دەسەڵات چیە؟