سەردەمی نیگەرانی سەردەمی كۆرۆنا

05/04/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە دەبێت هەمیشە مرۆڤەكان پڕكەیت لە ئومێدو هیوا ، یانی هەمیشە هیوایەك هەبێت بۆ ئایندە ، بڕوامان وابێت سبەینێ‌ لە ئەمڕۆ باشترە ، خۆ ئەگەر باشتریش نەبێت ، سبەینێیەكی دواتر هەیە ، ئێمەش نەبین ژیان بۆ ئەوانی تر بەردەوامە ، ئەم هیوا بەخشینە  بۆ ئەوەیە مرۆڤ نەكەوێت، روداوەكانی ئەم دایانەو سەرهەڵدانی كۆڤید 19 بە جۆرێك مرۆڤی لە كەناری كەوتنا راگرتووە ، رەنگە سیاسیەكان ، حكومەتەكان ، میدیاكان رۆڵیان هەبووبێت لەم نزیكبوونەوەیە لە كەوتن ، بەشێكی زۆر لەوەان گەرچی لایەنە باشەكەش نیشان ئەدەن ، بەڵام وێنەی لایەنە خراپەكە بەڕادەیەك گەورە دەكەنەوە كە مرۆڤ نەتوانێ‌ بە ئاسانی رووە رۆشنەكە ببینێ‌ و رووە تاریكەكە گەرچی بچوك تریش بێت ، بەڵام گەورە تر دەربكەوێت لە گەرمەی باس و خواسی كۆرۆنادا عیراق دەبێتە چل ملیۆن ، بەڵام مردنی چەند كەسێك بە كۆرۆنا ئەو لایەنەی بەردەوامی  ژیان دەشارێتەوە ، لە سەر ئاستی دنیا رێژەی چاكبوونەوە پێنج ئەوەندەی رێژەی مردنە كەچی ژمارە مەترسیدارەكەی مردن لە میدیاكاندا گەورە تر نیشاندەدرێت ، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە حەفتا كەس چاكبووەتەوە ، ئەم ژمارەیە ئەگەر زیادبوونی زۆرزۆرە و تەنها سێ‌ كەس مردوون ، كە هەرسێكیان بە مسۆگەری هۆكاری كۆچەكەیان نەخۆشی ترە ، كەچی تەندروستی ، وەزارەت ، پارێزگارو حكومەت وێنەی مردنەكە گەورە دەكەنەوە ، گەورە كردنەوە بەو مانایەی جۆرێك لە ترس و نیگەرانی و راڕای و دڵە راوكێ‌ بە بڕیارەكانیان دەخەنە نێو خەڵكەوە وەك ئەوەی ئێمە هەموو چاوەڕوانی ئەوە بكرێین بە كۆرۆنا بەڕێی سێ‌ كەسەكەدا بڕۆین نەك بە ڕێی حەفتاكەسەكەدا ، ئەمە بۆ تەواوی دنیاش هەروایە ، نیشاندانی رێی مردن بە شێوازی گوتارو قسە كردنی هەترەشبەرانە ، رێی ژیان لە بیر خەڵك دەباتەوە ، من ئەمەم بە جۆرێك لە دوای بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ لە پەیامێكا بۆ دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر نارد ، داخەكەم دیارە وەك خۆی نەگەیشت .

ئێستا مرۆڤایەتی لە نیگەرانیەكی قوڵدا دەژێت ، وەك ئەوەی هەموو چاوەڕێی مردن بین ، نەك كردنەوەی بازاڕەكان و میترۆكان و مزگەوت و كەنیسەو باڕەكان و سینەماكان و وەرزشگاكان و هەتا دوای ، ئەگەر پێش كۆرۆنا زۆربەمان كتێبمان دەخوێندەوە ، تەماشای فیلممان دەكرد ، ئێستا ئەو حەوسەڵەیە بە هیچ جۆرێك نەماوە ، هەڵبەت ئەمە هەر من وانیم ، كە هەموو رۆژ بڕیار دەدەم كتێبێك بخوێنمەوە و كەچی لاپەڕەیەكیش هەڵنادەمەوە ، دڵنیام خەڵكی تریش وان ، من بەرلەكۆرۆنا دەمگوت شەقاوەكان دنیا بە ڕێوە دەبەن بۆیە لەسەردەمێكی جیاوازداین ، ئێستا ئەم سەردەمە خەریكە ناوی خۆی وەردەگرێت ، ئەمە سەردەمی نیگەرانیە ، وەك چۆن سەردەمی رۆشنگەری ، سەردەمی ئازادی بیرو ڕا ، سەردەمی سەرهەڵدانی ئاینەكان و هەتادوای هەبوو ، ئەم سەردەمە سەردەمی نیگەرانیە ، نیگەرانیەك كە نازانرێ‌ داخوا كەی ژانی لە دایكبوونێكی نوێ‌ دەیگرێت ، ئەوەی بە لای منەوە جێی هەڵوەستەیە ، ئەوەیە دۆخی مرۆڤایەتی بە شێوەیەكەكە دەكرێت بڵێین سبەینێ‌ بەم جۆرە نیە ، ئەوەتا نەتەوەكان شێوازی بیركردنەوە لە خۆیان پێش بیركردنەوە لە وانی تر لە ناویاندا تۆختر دەركەوتووە ، كاردانەوەكانی ئیتالیا ، ئەمەریكا ، چین بەرانبەر ئەوانی تر هەمان كاردانەوەی 5 ساڵ لەمەوبەر نیە ، لە سەر ئاستی دنیا نیگەرانی لە پێناوی خۆتا زیاترە لە نیگەرانی لە پێناوی ئەوی تردا ، یان نیگەرانی لە پێناوی سروشت و ژینگەو دارستان و زەریاو دەریاكان ، ئەمە هەر بەو جۆرە نامێنێتەوە ، لە تەك دۆستێكا قسەمان لە سەردەمەكە دەكرد ، سەردەمی كۆرۆنا ، كە سەردەمی گەڕانەوە ی مرۆڤ و نەتەوەكانە بۆ خۆیان ، هەروەك سەردەمی نیگەرانیشە، سەردەمێك كە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك بكەری نادیار لە ناوماندا دێت و دەچێت و وێڕای ئەوەی كە زۆربەمان لە دەستی دەرباز دەبین ، كەچی ئێمە مەرگی كەمینەكە هەترەشی بردووین ، ئەمە نەك بەو جۆرەی ئەو گەلە مەرگە وەك شتێكی بێبایەخ سەیر بكرێت ، بەڵام خۆ بەردەوامی لە ژیان زیاترو جوانتریشە ، بۆ ئەمەیان نابینین ، بۆ ئەمەیان دڵمان خۆش ناكات ، بەڕاستی منیش لەوە ناگەم.

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی