ئەو یاسایە ڕابگرن

08/04/2020

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) ، لە 7ی نیسانی 2020 ، ڕێنماییەكی تایبەت و پەیوەندیدار بە بابەتی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان وماف و شایستە داراییەكانیانیان ، بە ئیمزای سەرۆكی حكومەت ، بڵاو كردەوە . واتا لە ڕووی یاساییەوە بەركاركرا .

وەڵامی ئەو پرسیارەی كە : ( ئایا تا چەند ڕەوایە ، لەم پشووە نائاساییەدا ، ڕێنمایی پەیوەست بە ماف وشایستە داراییەكانی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دەربكرێت ؟ ) بۆ ڕاوێژكارانی یاسایی حكومەت ، بەجێ ئەهێڵم . 

بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە هاوڵاتیان وەبیری حكومەتی بهێننەوە ئەمەیە : (پێویستە ئەو رێنماییە نوێیە نەكرێت بە كردار، تا ماوەی پشووەكان كۆتایی دێت ، و دادگاكان دەستبەكارئەبنەوە ، تا مافی هاوڵاتیان لە تانەدان لە هەر بڕگەیەكی ئەو ڕێتماییە نوێیە پارێزراو بێت )

بە پێچەوانەوە ئەگەر دام و دەزگاكانی حكومەت هەر ڕێكارێكی ئەو ڕێنماییە پەیڕەو بكات ، پێش دەستبەكاربونەوەی دادگاكان ، و پێش تێپەڕاندنی ماوە یاساییەكانی تانەدان ، ئەوا مافێكی بنەڕەتی یاسایی و دەستووری هاوڵاتیان پێشێل ئەكرێت .

ئەگەر چی تانەدان لە بڕگەكانی ئەو ڕێنماییە ، لەبەردەم دادگای كارگێڕیدا ، قەرەبووی مافی خوراوی هاوڵاتیان ناكاتەوە لە نەبوونی دادگایەكی باڵا لە هەرێمدا ،  تا بتوانرایە لە بنەڕەتدا ، تانە لە خودی یاساكان بدەن ، بەڵام بەركاركردنی ئەو ڕێنماییە بە بێ پاراستنی ماوەی تانەدان ، پێشێلییەكی تەواوكەرە بۆ مافێكی چەسپاوی هاوڵاتیان لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا . 
 
ئەم ڕێنماییە نوێیە ، بۆ بەركار كردنی یاسای ( چاكسازی)یە ، پێویستە ڕێز لە مافە یاساییەكانی هاوڵاتیان بگیرێت بە تایبەتی ئەوانەی ئێستا لە ئەركدان و بوون بە قەڵغانی پاراستنی گیانی هەموومان .

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی