بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قودسەوە

17/05/2020

مەهدی شوشتەری

چاوخشانێك بەسەر روداوەكانی 72 ساڵ لە داگیركاری و دوژمنكاری لە خاكی فەڵەستین
ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك خواستگەی ئایینە یەكتاپەرەستەكان و خاكی پیرۆزی فەلەستین و هەروەها بەیت المقدیس وەك قیبلەگای یەكەمی موسوڵمانان، 72 ساڵە شایەتحاڵی دوژمنكاری، داگیركاری و ئاوارەیی گەلێك لە خاكی باوباپیرانی خۆیان و ئەڵبەت لەبەرامبەردا 72 ساڵ بەرگری و خۆڕاگری بەرامبەر داگیركاران و قوربانی دان و لەخۆبووردەیی بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەكانی گەلی مەزنی فەڵەستینە. 72 ساڵ پێش ئێستا و بە پشتگیری هێزە داگیركارەكانی جیهان، ڕژێمێكی ساختە و نایاسایی لەناو دڵی جیهانی ئیسلام دا دروست بوو. نەوەی ئەمڕۆی فەڵەستین هەڵگری هیوا و ئاواتی نەتەوەیەكە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافە پێشێلكراوەكانی خۆیان لە ئازادكردنی خاكی باوپاپیرانیان لە داگیركاری، هەروەها گەشتن بە مافی حاشاهەڵنەگر و دانپیادانراوی مافی چارەی خۆنوسین و پێكهێنانی دوڵەتی سەربەخۆ و یەكپارچەی خۆی بە پایتەختی قودسی شەریفەوە. 

لەم نوسینەدا، هەوڵ دەدەین وەك لێكۆڵەڕێكی سەربە لێكۆڵینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وەك چاودێرێكی بێلایەن، ڕاستیگەلێك لەسەر ئەوەی لە ماوەی ئەم 72 ساڵەدا بەسەر ناوچەكە و فەڵەستین دا تێپەڕیوە، هاوبەشی پێبكەم:
1- داگیركاری سەرەتایی خاكی فەلەستین لە ساڵی 1948 ی زایینی، لە ڕێگەی داگیركردنی 77% ی ئەم خاكە و ئەنجامدانی چەندین تاوانی وەك كوشتارەكانی دیریاسین، كەفەرقاسم و...هتد، ئاوارەكردنی نزیكەی 60% كۆی دانیشتوانی فەلەستین، روخاندنی ئامانجداری ماڵ و گوندەكانەوە كە ئەمڕۆكە سەلمێنەری پێشێل كردنی ڕوونی مافەكانی مرۆڤ و ڕێسا نێودەوڵەتیەكانە، ئەنجام درا. هەموو ئەم تاوانانە سەلمێنەری تیرۆریزمێكی ڕێكخراو و دەوڵەتی بوو كە ئەمڕۆكە نە تنها لە توندییەكەی كەم نەبووەتەوە، بەڵكو بەتین تر و فراوانتریش بووە. 
2- داگیركردنی خاكی فەڵەستین و خاكی سەرزەمینە عەرەبەكانی دیكە لە لایەن رڕژێمی زایۆنیەوە، دیاردەیەكی بەردەوام و بێ وەستان بووە. بڕیاری دابەشكردنی 181 لە ساڵی 1947، سەرەڕای دژایەتی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان، پەسەند كراو و 54.7 لەسەدی ڕووبەری خاكی فەڵەستین درا بە دەوڵەتی یەهودی و 44.8 لەسەدیش بە دەوڵەتی عەرەبی (فەڵەستین) درا. بەڵام ئیسرائیل یەكسەر بە هەڵگیرسانی جەنگی 1948 و پاشان جەنگی 1967 و داگیركردنی ناوچەگەلێكی فراوان لە كەرتی ڕۆژئاوا و كەرتی غەزە، پشكی فەڵەستینیەكانی لە خاكی خۆیان بۆ 22 لەسەد كەم كردەوە و چەند بەشێكی لەبەرچاو لەو خاكەی كە بۆ دەوڵەتی فەڵەستین دیاری كرابوو داگیركرد و ئەم داگیركارییە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. 
3- خاكی فەڵەستین و ناوچەكە، لە ماوەی ئەم 72 ساڵەدا، ڕووبەڕووی دوو كێشەی گەورەی داگیركاری و فراوانكردنی لەسەرخۆ و بەردەوامی ئەو داگیركارییە و هەروەها تیرۆریزمی دامەزراوەیی و ڕێكخراو و دەوڵەتیی ڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین و گەلانی دیكەی ناوچەكە بووەتەوە. ڕوودانی چەندین جەنگی جیاواز لە دژی خاكی فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی هاوسێ لەلایەن ڕژێمی زایۆنیەوە و ئەنجامدانی تاوانگەلێكی فراوان لە فەڵەستین و لوبنان و ناوچەكانی دیكە، كارنامەیەكی ڕەشی لە پێشێل كردنی بنەما بنەڕەتیەكانی مافە نێودەوڵەتیەكان، مافەكانی مرۆڤ و مافە مرۆڤدۆستانەكان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیەوە تۆمار كردووە. 
4- ئیسرائیل بەردەوام هەوڵی داوە دیفاكتۆگەلێكی نوێ لە گۆڕەپانەكەدا بسەپێنێت. ئەم ڕژێمە لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنی زەوی فەڵەستینیەكان لە كەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون و شاری قودس و دروست كردنی شارۆچكەگەلی نوێ لە ناوچە فەڵەستینیەكان و دروست كردنی دیواری جیاكەرەوە لە كەرتی ڕۆژئاوا و... هتد. دەیەوێت دیفاكتۆگەلی نوێ بسەپێنێت. شارۆچكە نایاساییەكان و دیوارە جیاكەرەوە دروستكراوەكان لە كەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون نزیكەی 40 لەسەدی ڕووبەری ئەم ناوچەیەی قوت داوە و بە جۆرێك پرژوبڵاو بوونەتەوە كە ئەگەری پێكەوە بەستنی جوگرافیایی شارەكانی فەڵەستینی بە تەواوی لەبار بردووە و ئەم شارانەی گۆڕیوە بۆ چەندین كانتۆنی لەیەك جودا. پڕۆژەی بەناو "مامەڵەی سەدە" ش كە بەم دواییانە لە لایەن ترەمپ، سەرۆك كۆماری ئەمریكا، خرایەڕوو، شتێك نییە جگە لە جێگیركردنی دیفاكتۆ و داگیركارییەكانیان و بەخشینی دیاری بە ڕژێمی داگیركار لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە. بە جێبەجێ كردنی ناوەڕۆكی مامەڵەی سەدە، پشكی فەڵەستینیەكان لە خاكی خۆیان بۆ 15 لەسەد كەم دەبێتەوە. 
5- ئەزموونی نزیكەی سێ دەیە لە گفتوگۆكانی بەناو ئاشتی ئەوەی پیشان داوە كە رڕژێمی زایۆنی پابەندی تەنها یەك ڕێكەوتنی واژۆكراو لەگەڵ فەڵەستینیەكاندا نییە. رڕژێمی زایۆنی تەنانەت ئامادە نییە ڕێگە بدات لانی كەمی مافی فەڵەستینیەكان لە پێكهێنانی دەوڵەت لە سنورەكانی 1967 بێتەدی. 
6- بە داخەوە ڕاستیەكی تاڵ لە میانەی ئەم گۆڕانكاریانەدا لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوو، بریتیە لە پشتگیری ئاشكرا و نهێنی و تاكلایەنانەی هیزە گەورەكانی جیهان و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رڕژێمی زایۆنی و بێدەنگی و بێ كرداری دەستە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان.

بەپێی ئەو ڕاستیانەی كە دەربارەی گۆڕەپانی فەڵەستین ئاماژەیان پێدرا، بنەما و رێكارەكان بۆ چارەسەری ڕیشەیی قەیرانی داگیركاری فەڵەستین دەخەینەڕوو:
1- تا ئەوكاتەی قەیرانی داگیركاری فەڵەستین وەك پایەدارترین و درێژترین قەیران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گوڕەپانی نێودەوڵەتی بە شێوەی بنەڕەتی و دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای بەجێگەیاندنی مافەكانی فەڵەستینیەكان چارەسەر نەكرێت، ناتوانین چاوەڕێی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەكەدا بین. پێویستە پڕۆژە پێشنیاركراوەكان بۆ ئاشتی بە شێوەی شێلگیرانە گرنگی بە كرۆكی قەیرانەكە بدات. داگیركردنی خاكی فەڵەستین و ئاوارەبوونی ملیۆنان فەڵەستینی و بەردەوامی كردەوە توندوتیژییەكانی ڕۆژانەی رڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین بەشێكن لە كرۆك و هۆكارەكانی بەردەوامی قەیرانی فەڵەستین. 
2- كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپاڵ گرنگیدان بە هۆكارەكانی قەیرانەكە، دەبوو بەشێوەی شێلگیرانە رێكارگەلی گونجاو بۆ ڕێگری كردن لە بەردەوامی كردەوە توندئاژۆ و تیرۆریستیە ڕێكخراو و دەوڵەتیەكانی رڕژێمی زایۆنی لەدژی فەڵەستینیەكان لەبەرچاو بگرن. تا ئەوكاتەی ئەم ڕژێمە ئەو هەستەی هەبێ كە هەرجۆرە كردەوەیەك لەدژی فەڵەستینیەكان و گەلانی ناوچەكە بێ سزا دەمێنێتەوە، هیچ گەرەنتیەك بۆ ڕاگرتنی ئەم كردەوانە بوونی نابێت. 
3- بەمەبەستی گەرەنتی كردنی ڕێگەچارەیەكی دادپەروەرانە بۆ قەیرانی فەڵەستین، پێویستە ڕۆژئاوا و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆتایی بهێنن بە پشتگیرییە تاكلایەنەكان لە ڕژێمی زایۆنی كە لە ماوەی زیاتر لە 7 دەیەیە ئەنجامی داوە. 

كۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی 4 دەیەی ڕابردوو، بە حوكمی ئەركی مرۆڤدۆستی و ئیسلامی خۆی، پشتگیری كردن لە ئامانج و مافەكانی گەلی ستەملێكراوی فەڵەستین و بەرگری یاسایی ئەم گەلە لەبەرامبەر داگیركەرانی زایۆنی كردووەتە سەردێژی سیاسەتی دەرەكی خۆی. ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی قودس لەلایەن دامەزرێنەری كۆچكردووی كۆماری ئیسلامی، حەزرەتی ئیمام خومەینی (ڕەحمەتی خودای لەسەر بێت) بە ئامانجی ڕاكێشانی پشتگیری و پشتیوانی تەواوی موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیهان لە گەلی فەڵەستین ئەنجام درا. هەموو ساڵێك لە وڵاتە جیاوازەكانی جیهان بەم بۆنەیەوە مەراسیم و بەرنامەگەلێكی جیاواز ئەنجام دەدرێت.

كۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی چارەسەری قەیرانی داگیركاری فەڵەستین، پڕۆژەیەكی دیموكراتی و دادپەروەرانەی بە ناوی "ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لە فەڵەستین" خستووەتەڕوو و لە سكرتاریەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش تۆمار كراوە. پڕۆژەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی بنەما دیموكراسی و مافە نێودەوڵەتیەكان كە لە لایەن تەواوی دەوڵەت و نەتەوەكانەوە پەسەند كراوە، داڕێژراوە و خراوەتەڕوو. ئەم پڕۆژەیە جێگرەوەیەكی گونجاوە بۆ پڕۆژە شكستخواردووەكانی پێشوو. ناوەڕۆكی سەرەكی ئەم پڕۆژە چوار مادەییە بریتیە لە: 
1- جێبەجێ كردنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەكان بۆ سەرزەمینی میژوویی خۆیان. 
2- ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵكی ڕەسەنی فەڵەستین بە موسوڵمان، یەهودی و مەسیحیەكانەوە بەمەبەستی دیاریكردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستەمی سیاسی خۆیان.
3- پێكهێنانی سیستەمی سیاسی پەسەندكراو لەلایەن زۆرینەی خەڵكی فەڵەستینەوە. 
4- بڕیاردان دەربارەی بارودۆخی دانیشتوانی غەیرە فەڵەستینی لەلایەن سیستەمی سیاسی هەڵبژێردراوی زۆرینەوە. 

بڕوام وایە گەلی فەڵەستین ئەمڕۆ لەپێش هەركاتێكی دیكە لەماوەی 72 ساڵی ڕابردوودا پێویستیان بە یارمەتی و هاوكاری ئێمەیە و لەسەر موسوڵمانان و ئازادیخوازان فەرزە كە دەستی یارمەتی بۆ ئەم گەلە مەزڵوم و ستەملێكراوە درێژ یكەن. 

مەهدی شوشتەری 
سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی