لامەرکەزیەتی کوڕەکان !

18/05/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


کاتێک کەسێک پرست پێدەکات بۆ شتێک یان داوای شتێکت لێدەکات و جەنابت لەوەڵامدا دەڵێیت: باپرسێکی ماڵەوەو فڵان و فیسارێک بکەم، ئیتر لەوێوە تێدەگەین ئێمە لەبڕیاردانیشدا لامەرکەزی نین و دەگەڕێینەوە مەرکەز. تۆ بڕوانە پۆشاکەکەی بەرت ئەگەر لەمەرکەزەوە دایکت یان باوکت یان خوشک و برا گەورەکەت بڕیاریان لێدابێت و لەبازاڕ بۆیان هێنابیت چەند نابەدڵیت لێی؟ یان کورت یان درێژە، ڕەنگەکەی یان تێرێکی نابەدڵە یان لەگەڵ ڕوخساری تۆ ناگونجێت، چونکە لەم کاتەدا تۆ بڕیارت نەداوە و دەسەڵات لەگەورەی ماڵەوە شۆڕنەبووەتەوە بۆ منداڵەکان لەمومارەسەکردنی حەزو بڕیاری خۆیاندا بۆ هەڵبژاردنی کراسێک و ڕەنگێک و هەر شتێکیتر.

لەکۆمەڵگە داخراوەکاندا و بەتایبەت کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی هەموو شتێک لەمەرکەزەوە دێت، ئەگەر تۆ بڕیارێک بدەیت و نەگەڕێیتەوە بۆ ڕای سەرەوەت پێتدەڵێن "سەرەڕۆ" یان "خۆکرد"، بۆ؟ چونکە لەو کاتەدا دەسەڵاتت لەمەرکەز وەرگرتۆتەوەو خۆت بەلامەرکەزی بڕیارت داوە، لەم کاتەشدا مەرکەز پێیناخۆشە و دەیەوێت کارەکەت و بڕیارەکەت قبوڵ نەکات.
ئێستا کاتێک سلێمانی و هەڵەبجە (و پارێزگاکانیتریش) داوای لامەرکەزی دەکان، مەرکەز پێی هەزم ناکرێت و بەچەندان ناوهێنانی خراپ، دەیانەوێت پرۆژەکە ناشیرین بکەن و بیکەنە دێوەزمە لای خەڵکی، وەک چۆن باوکەکان بڕیاری کوڕەکان بەسەرەڕۆیی و حیساب نەکردن بۆ باوک ناودەبەن.

ئەو نمونەو شەرحەی سەرەوە لەوێنە گەورەکەدا باشتر ڕوون دەبێتەوە، داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە (و پارێزگاکانیتریش) دەچێتە مەرکەز، لەئەسڵدا ئەوە سلێمانی خۆیەتی دەزانێت لەچی شوێنێکیدا پێویستی بەخزمەتکردنە بەڵام مەرکەز کە ڕۆڵی باوکی خێزانێک دەبینێت لەماڵێکدا و بەواقیعیش لەڕووی سیاسییەوە پێیدەگوترێت "باوک!" بەبێ گەڕانەوە بۆ خاوەن بڕیار، ئەم داهاتەی سلێمانی لەشوێنیترو بۆ مەبەستی بەکار دەهێنێت.
سلێمانی پێویستی بەڕێگاو بانە بەڵام حکومەت لەپیرمام گەورەترین تونێل لێدەدات!

ئەم ترسە لەلامەرکەزی پارێزگاکان وێنە گەورەکراوەکەی بڕیاردانە لە خێزانی خۆرهەڵاتی نەریتییدا، کاتێک باوکەکان نایانەوێت بەقسەی منداڵەکانیان بکەن و گوێیان لێبگرن هەر منداڵێکیش لەقسەیان دەرچێت بەئەنواع وشە لۆمەیان دەکەن، چونکە لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا باوک خۆی بە مردوو! ناودەبات ئەگەر کوڕێکی ماڵەکە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەو بڕیار بدات و دەسەڵاتی ماڵەکە دابەش بکات لەباوکەوە بۆ کوڕو کچەکان.

پێچەوانەی کۆمەڵگا داخراو و دواکەوتووەکان، لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا لامەرکەزی شۆڕدەبێتەوە نەک بۆ پارێزگاو ویلایەتەکان تەنانەت بۆ گوندەکانیش. لامەرکەزی گوندەکانیش لەگوندێکەوە بۆ گوندێکیتر جیاواز دەبێت و گرنگیش دەبێت. ئەمەش ڕێک وەکو ئەوە وایە دەسەڵاتی بڕیاردان نەک تەنها لای باوک و کوڕ بێت بەڵکو لەلای کوڕەزاکانیش دەبێت.

بەپێوەری سوودەکانی لامەرکەزی لەڕووی بنبڕکردنی گەندەڵی و دەستکراوەیی حکومەتە خۆجێییەکان و فراوانبوونی بنکەی هەرەمی دەسەڵات و بەشداری زۆرینە لەبڕیارداندا، نەک تەنها لەگەڵ لامەرکەزیەتی پارێزگاکانم و بەکارێکی باشی دەزانم، تەنانەت ئەگەر گوندەکان ئەنجومەنی خۆجێیی و پەرلەمانی خۆجێیی و دەسەڵاتیان هەبوایە لەگەڵ لامەرکەزیەتی گوندەکانیش دەبووم و هێمای دابەشبوونێکی یەکسانی دەسەڵات و خزمەت و داراییە بۆ ناوچەکان.

کاتێک دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ئەنجومەنی گوندەکان)ی دامەزراند بۆ ئەم پرسی لامەرکەزیەتە بوو، بەڵام پرۆژەکە گەشەی نەکردو سستبووەوەو زۆر ناکارایە لەئێستادا، ئەگینا هەوڵێکی زۆر پێشکەوتوو بوو بۆ بووژانەوەی گوندەکان و بەرەو پێشچوونی وڵات بەگشتی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی