ئێوە لەبەرەی برسیكردن‌و چەوساندنەوەی گەلن !

23/05/2020

سۆران عومەر

كابینەی ھەشت لەنێوان خراپ و خراپتر موچەی پاشەكەوت كرد، كابینەی نۆش لەنێوان پاشكەوتن و پێشكەوتن موچە بڕین دادەھێنێ!

دەزانن بڕینی موچەو كەمكردنەوەی لەپاشەكەوت فەزیحترە؟ گەر پاشەكەوت ژمارەیەك بێ و بەبڕیارێكی نایاسایی كرابێ و ئێستە لەتۆماری خەزێنەكاندا بونی ھەیە، ئەم كابینە دەیەوێ موچە بخاتە ئاستی پاشەكەوت بەڵام بەناوی یاسای چاكسازی و بڕینی جۆرەھا دەرماڵە! بەبێ ئەوەی لێبڕینەكە ببێ بەقەرز لەسەریان! بۆیە ڕەحمەت لەكفن دز!

كابینەی ھەشت و پێشتر لەسەدا ٦٠ی پارەی نەوتی نەھێناوەتەوەو بەناوی تێچوی دەرھێنان و كرێی كۆمپانیاو قەرزەوە پارەكەی بردووە!

ئەم كابینەش بەھەمان شێوە لە ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری نەوت ٣٠٠ ملیۆنی ھێباوەتەوە! واتە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بەناوی تێچوو قەرزەوە نەھێنراوەتەوە! باشە ئەم قەرزە ھەموو مانگێكی فرۆشی نەوت ئەوە چەند ساڵە گوایە دەدرێتەوە كەمی نەكرد؟ ئەو ٢٧ ملیار دۆلارە بۆچی قەرز كراوە؟ لەكوێ و لەكێ قەرز كراوە؟ بۆچی قەرز كراوە؟ بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ڕاستەكەن كوا وەڵامی ئەم پرسیارانە كە بەفەرمی لەكابینەی ھەش و نۆم كردوە نەیانتوانیوە وەڵام بدەنەوە چونكە ڕاسی نیە! 

تەنھا قەرزاریەك لەئەستۆتان بێ موچەی بڕدراوو نەدراوی موچەخۆرانە ئەوەشتان نەداوەتەوەو ناشیفەنەوە!

مانگی ڕابردوو لە فرۆشتنی ١٣ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ٣٠ ملیۆن دۆلاری ھێناوەتەوە! واتە بەرمیلی نەوت ٢ دۆلارو ٢٢ سەنتی ھێناوەتەوە واتە بەرمیلێ نەوتی داوە بە سێتێك ئاوی جام!

ئەمە شكستی حكومڕانیەكەتانە، ئەمە فەزیحەی ناشەفافیەتی نەوت و تاڵانكردنی ئەم ھەرێمەیە! 

كامە چاكسازی؟ 
ئەوەی بانكی كوردستانتان كرد بە ئارتی بانك؟
گروپی كۆمپانیاكانی سەلاحەدینتان كرد بە ستێر گروپ؟ دارودەستەی سەرۆكی كابینەی پێشووت كرد بە دارودەستەی  خۆت؟ 

دانھێنان بە نادادی و خراپی كابینەی پێشوو تەوێڵی ئەو حزبە دەگرێتەوە كە ناوی پارتیەو جێگری سەرۆكی پارتی بەڕێوەی بردوە ئێستەش ئەندام مەكتەب سیاسیەكی كوڕی سەرۆكی ھەمان حزب بەڕێوەی دەبات!

چاكسازی بەوانە ناكرێ كەبەرپرسیاری نەھامەتیەكانی ٢٩ ساڵ حوكمڕانیەكی شكست خواردویان لەئەستۆ بێ!

ئەم حكومەتەو ئەوەی خۆی تیاكردوە بەخاوەن ھی ئەوەیە بەرۆكی خەڵك بەرداو لەوە زیاتر ژیانی خەڵك نەفەوتێنێ! نەك لەشەوی پێش جەژن مژدانەی بڕینی موچەو بێ منەتی ڕابگەیەنێ! 

ئەوەی لەبەرەی خەڵكە كۆمپانیای ناشەرعی نیە، دەستی لەوێرانكردنی ھەرێم دا نیە، خۆی لەخۆشترین ژیاندا نیەو بێ ئاگابێ لە ھەژاران! حاشا ئێوە لەبەرەی دژی گەلن!

سۆران عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی