دەوڵەت لەدیدی كوردایەتییەوە

26/05/2020

هونەر تۆفیق

لە فكری سیاسیدا چەندین بۆچوون هەیە سەبارەت بە تیئۆری دەوڵەت . لە سەرەتای ڕیفۆرمی ئاینی و كۆمەڵایەتی ئەوروپاوە ، نزیكەی پێنج سەدە فەلسەفە خەریكی لێكدانەوە و تیئۆریزەكردنی دەوڵەت بووە . دەتوانین كۆی هەموو فیكرە جیاوازەكان لەوەدا كۆبكەینەوە كەهەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی دەوڵەت كائینێكی مجەڕەدی زیهنی نەبینراوە ، بەڵام لەڕێگای یاسا و دەستور و مافەوە هەستی پێدەكرێت . 

پەیوەندیە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكانی لە پەیمانێكی كۆمەڵایەتیدا تیادا ڕێكدەخرێت و دەستەڵات دەبێتە نوێنەری دەوڵەت بۆ جێبەجێكردن و پارێزگاریكردن لەو پەیمانە كۆمەڵایەتی و دەستوری و مافانەی لەسەری پێكهاتوون .

لەهەر بۆچوونێكیاندا بێت ، لەسەر ئەوەش كۆكن كە دەوڵەت لەپێش دەستەڵاتەوەیە و باڵاترە لە حكومەت .

بەڵام لەدیدی كوردایەتیەوە تەواو پێچەوانەی هەموو فیكری سیاسی دەوڵەت جۆرێكی باڵای دەستەڵاتە . پێشیان وایە لە دەستەڵاتەوە دەوڵەت پەیدادەبێت ، بۆیە هەمووان هاندەدەن گۆێڕایەڵ و ملكەچی دەستەڵات بن ، لەبەرئەوەی بەجێهێنانی فەرمایشتەكانی دەستەڵات پرۆسەی دروستكردنی دەوڵەتە لەدیدی كوردایەتیەوە .

ئەم ئیشكالیەتەی تێگەیشتنی ڕێبازی كوردایەتی بۆ دەوڵەت خۆشی توشی نەگونجان و لێقەومانی سیاسی كردووە . ڕێبازی كوردایەتی كە لەهەرێمی كوردستاندا لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانەكانیدا بەرجەستەبووە ، بەردەوام لەدوالیزمێكی دژبەیەكدا سیاسەت دەكات .چونكە پێ ی وایە دەستەڵات باڵاترە لەدەوڵەت . هەمیشە لەشاخ و لە شاریش لەهەوڵی بەدەستهێنان و مانەوەدایە لە لوتكەی هەرەمی دەستەڵاتدا، بۆئەوەی ئیحساسی دەوڵەتبوون بدات بەخۆی و هەوادارەكانی . ئیشكالیەتی ئەو ئیحساسەش ئەوەیە نەخۆی دەوڵەتەكەی لەدەستەڵاتەوە بە فیعلی بۆ دروستدەكرێت و نەئەوەشە لەگەڵ هیچ فیكرەیەكی دیكەی دەوڵەتدا هەڵبكات . بۆیە لەماوەی ٧٤ ساڵی تەمەنیدا ( كەئیتر ئەوە تەمەنی پیری و كۆتاییە ) نەیتوانیووە لەناو چوارچێوەی هیچ دەوڵەتێكدا بحەوێتەوە . چونكە بەپێ ی ڕێبازی كوردایەتی دەستەڵات بەخۆی دەوڵەتە ، چۆن دەكرێت لەچوارچێوەی دەولەتێكی دیكەدا هەڵبكات . دەوڵەت لەدیدی كوردایەتیەوە نابێت چوارچێوەیەك بێت بۆ دەستەڵات ، بەڵكە دەبێت دەستەڵات خولقێنەر و باوكی ڕۆحی دەوڵەت بێت . لەبەر ئەوە كوردایەتی ناتوانێت ئیعتراف بەدەوڵەت بكات . ئەو پێویستی بە ئیعترافكردنە بە دەستەڵاتەكەی تاوەكو دەوڵەت بهێنێتەدی .

زاڵبوونی ئەم دیدە بەسەر سیاسەت و حیزب و دەستەڵاتی كوردیەوە بەقەد لێقەومانە سیاسیەكانی خودی ڕێبازەكە ، كارەساتی بۆ كۆمەڵگە بەرهەمهێناوە . لەپاش ٧٤ ساڵ نەئەوەیە ڕێبازەكە خۆی بگۆڕێت و پێداچوونەوە بە بۆچوونەكانی خۆیدا بكاتەوە ، نەئەوەشە قبوڵی بكات ئەم دۆخە پڕ لەقەیرانەی سیاسەت و ئابووری و فەرهەنگی كوردی لەو دیدە پڕ لەئیشكالیەتەوە پەیدابووە ، چیدی بەو چارەسەرناكرێت .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی