فرسەت سۆفی و هۆلۆ دۆمۆر

28/05/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

سەیركە برا بەر لەوەی پارێزگار بیت ، مامۆستای زانكۆو كوڕی فەقیریش بووی ، واتە دەبێت زۆر ئاگاداری بارو دۆخی خەڵك بیت ، ئەوەشم بینی كە لە رەمەزاندا سەردانی ماڵە هەژارانت دەكرد ، من نازانم ئێوە چۆن لە سەقامگیری و ئاسایش تێگەیشتون ، خوداوەند لە قورئاندا بۆ تەناهی باسی "پێدانی قوت و پاراستن لە مەترسی"  دەكات ،تۆ خۆیشت دەڵێین برسێتی  هیچی لە كۆرۆنا كەمتر نیە ، بەڵام تۆ دەزانی پایتەختەكەت و وڵاتەكەت بە گشتی چەند ین خێزانی تیایە كە لە خوار هێڵی هەژاریەوەن ، دەزانی هۆكارە سەرەكیەكەی ئەو هەژاریە چین ، باسی سەقامگیری دەكەیت ، تۆ مامۆستابووی بیرتە چۆن بە شەق لە مامۆستاكەیان دا ، ئێستاش وێنەو گرتەكەی ئازارمان دەدات .

رووبەڕووی ئەوانە بەرەوە كە نیشتمانیان بەم رۆژە گەیاند ، سەقامگیری تێكدان بە خۆپیشاندان و داوای ماف تێكناچێت ، ئەسڵ ئەوەیە دەسەڵات هۆكاری تێكچوونی سەقامگیریە ، دەسەڵاتێكی خراپ و گەندەڵ و نەبان ، ئێوە بۆ كە باسی قوت و ماف و ژیانی شایستە دەكرێت لە زمانی هەڕەشە زیاتر شك نابەن ، گەلۆ یانی چی 34 كونسڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەولێرە خۆ ئەوان لە بەردەم هەڕەشەدانین و بەشێكیش نیە لە دام و دەزگاكانی حكومەت ، خۆ بەغداو تاران و وڵاتانی دیكە زۆر لەو ژمارەیە زیاتر باڵیۆزخانەو كونسڵیەو نوێنەرایەتی تیایەو خۆپیشاندانیش دەكرێت و دنیاش ئاخر نابێت .

پاراستنی هەولێر بەوە نابێ‌ هەڕەشە بكرێت ، پاراستنی هەولێر بە دادگەری و موچەو ژیانی شایستە دەبێت ، لە لەندەن و پاریسیش خۆپیشاندان دەكرێت و كەسیش بە خەڵك ناڵێ‌ رووبەڕووتان دەبینەوە ، ئەركی تۆ وەك پارێزگار خاوەندارێتی كردنە لە خەڵكەكە ، نەك لە پایەكانی دەسەڵات و كورسیەكەی خۆت ، ئەمڕۆ لە كوردستان و هەولێر سیاسەتی هۆلۆدۆمۆر پیادە دەكرێت و هەژارانیش لە هەموو كەس زیاتر باجەكەی دەدەن ، ئاخر ئەوەتا رۆژانە وەزارەتەكانی ناوخۆو تەندروستی رێنمایی و هەڕەشە دەردەكەن و بە زۆر خەڵكی نەداری پێوە پابەند دەكەن ، كێ‌ سواری پاس و تەكسی دەبێت هەڵبەت نەدارەكان ، ئەوانەی سەیارەیان نیە ، خێرە داوا لە سایەقی ئەوانە دەكرێت رێ‌ نەدەن بێ‌ دەمامك خەڵك سەربكەوێت و دەمامك و دەسكێشیش بە خۆڕای بۆ خەڵك دابین نەكرێت .

ژیانی خەڵك باش بكەن ، دڵنیابن خەڵكە هەژارو سادەكە لە سەرانی حزبەكان و دەسەڵاتداران زیاتر نیشتمانیان خۆش دەوێت ، ئەوە ئەوانن بۆ نیشتمان دەمرن ، نەك بەرپرس و دەسەڵاتداران كە زۆربەیان نیشتمان دەدۆشن ، ژیانی خەڵك چاكبكەن و موچەو خزمەتگوزاری دابین بكەن كەس هەڕەشەی نەكردووە ، سەیری كەژاوەی ئۆتۆمبیلی بەرپرسان و عەرەبانەی كاسبكارانی ئیسكان و شێخەڵڵا بكەو جیاوازیەكە ببینە ، سەیری هەولێری بەرپرسان و هەولێری هەژاران بكەو جیاوازیەكە ببینە ، ئاگات لێبوو میرانی چۆن وەڵامی ژنەكەی دهۆكی دایەوە .

كۆشكی بلورینت خوێندوەتەوە ، بە هیوام خوێندبێتتەوە ، بیرت نەچێت ئاسایشی هەولێرو كوردستانیش بەندە بە دادگەری و خۆشگوزەرانی خەڵكەكەیەوە ، دەنا زۆر دوور نیە دوو مناڵ بە دەمانچەیەكی توركی هەرزان بەهاوە بەرەبەیانێك تەلاری پارێزگا كۆنترۆڵ بكەن .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی