وەزیری ناوخۆ بۆ وا دەكات

01/06/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

خۆ ئەگەر ئەمڕۆ 101كەسەكە ببێتە 1111كەسیش هیچ لەوە ناگۆڕێت ، كە ئەم حكومەتە توانای چارەسەری بچوكترین كێشەی نیەو ناچارە بە بڕیاری پۆلیسی بمانتۆقێنێ‌ ، لە راستیدا بڕیارەكانی وەزیری ناوخۆ زیاتر هەترەش بەرن ، ئەوە جگە لەوەی هیچ دەسەڵاتێكی بۆ پارێزگاو قەزاو ناحێكان نەهێشتوەتەوەو هەناسەی لە وەزارەتی تەندروستیش بڕیوەو ئەمشەو لە بری هەموو حكومەت هەڕەشەی كرد ، ئەوانە هەڕەشە بوون نەك بەیانی ژمارە 38 ، ئاخر برادەر لە ئەمەریكا زۆرترین خەڵك توش بووەو مردووە ، نزیكەی بە قەدەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەكەی تۆ خەڵك توش بووە ، تا ئێستا بڕیاری بەو جۆرە نەدراوە ، لە كاتێكا بۆ مەرگی جۆرج فلۆید خەڵك دەگەنە سەر دیوارەكانی كۆشكی سپی ، خۆ من دڵنیام خەڵك لە دیوارەكانی وەزارەتەكەی تۆ نزیك بنەوە بە ساغی ناگەڕێنەوە ، ئیتر ئەم هەڕەشەو گوڕەشەی نیوە شەوە لە پای چی .

هەموو ئەوروپا بە قەدەر تۆ هەڕەشەیان نەكرد ، لە هۆڵەندا زیاتر لە 5 هەزار كەس مردووە ، زیاتر لە 46 هەزار توش بوو هەیە رێگای نێوان دوو گوند دانەخراوە ، ژیان بەو جۆرەی تۆ دەتەوێ‌ نەوەستێنراوە  موچەو سۆسیالیش دەگاتە هەموو خەڵك ، رەنگە هەبن ئێستا لێرە بەرپرسی گەورە بن و لەوێ‌ سۆسیالەكەیان نەبڕابێت ، لە ئەڵمانیا تا ئێستا ئیش و كار نەوەستاوە ، لە ئیسپانیا دەرۆژی تر یاریەكانیش دەست پێدەكەنەوە ، من تێناگەم بۆ بەو نیوە شەوە راگەیاندنی ژمارە 8ی داخستنی كوردستانت دەركرد ، وەك ئەوەی قوت و نان و موچەی خەڵكت بە دلیڤەری گەیاندبێتە هەموو ماڵێك ، برادەر هەر دوێنێ‌ توركیا دوو هاونیشتمانی تۆی كوشت ئەوەبۆ نقەت لێوە نەهات ، بە دینت ئەگەر پۆلیسێكی هەرێمی كوردستان توركێك بكوژێ‌ نابێتە رۆمەڵ غەزا .

خۆی دەكرێت بڕیار بدرێت ، بەڵام بە سلوكەت ، بە شێوەیەك كە لە گەڵ بارو دۆخی دەرونی خەڵكا بگونجێ‌ كەس نەیوتوە كۆرۆنا نیە ، بەڵام ئەم شێوازی بڕیاردەركردنە جگە لەوەی گومان لای خەڵك دروست دەكات ، ئەوەندەی تر متمانەی نێوان خەڵك و ئێوە لاواز دەكات ، جا خۆ یەك دوو رۆژ لەمەوبەر سەرۆكی حكومەتەكەت وتی من وەك پێشتر نیم و لەبەرەی خەڵكام ، بێ‌ زەحمەت تۆ لەبەرەی كێدای ؟.

ئەم بڕیارە توند و پۆلیسیەی تۆ رێك دوای ئەوە هات كە جم و جۆڵ و ناڕەزاییەتێكان بەرز تر بوونەتەوە، رۆژانەش بەرپرسان و سیاسیەكان و حزبەجیاجیاكان مەترسیەكانتان نیشان ئەدەن ، باشە گریمان خۆپیشاندان و توڕەیی لە بری مانگی 6 لە مانگی 8 ا  تەقیەوە ئەو كاتە  چی بیانویەكتان هەیە ، بۆ راگرتنی خەڵك ، حكومەتی راستی ئەوەیە لە پێناوی خەڵكەكەیدا شەڕی كۆرۆنابكات و موچەو ژیانیش دابین بكات ، نەك لە ترسی كۆرۆنا شەڕی خەڵكەكەی بكات.

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی