یەكێتی نوێ‌و كۆسپەكانی بەردەم نوێبوونەوە

01/06/2020

نیاز سەعید عەلی

(یەكێتیی) لەدوای كۆنگرەی (٤)ەوە ؛ وەرچەرخاوە بۆ مۆدێلێكی تازەی پەیكەری ڕێكخراوەیی و بۆ قۆناغێكی جیاوازی پڕ لەئەرك و ناكۆكیی و ململانێ و بەرەنگاربوونەوە و بەخۆداچوونەوە و دەستپێشخەریی نوێ . 

(یەكێتیی)ی نوێ لەدوای كۆنگرەی (٤) ، چەندین پەیام و پرانسیپ و ئامانجی نوێی كردۆتە بەرنامەی كار و بە پراكتیكیی هەنگاوی بۆ ئەنێت ، ئەیەوێت (یەكێتیی)ەكی جیاوازتر ، لەڕووی كاری سیاسیی و میكانیزمەی كاركردن و ناوەندی بڕیار و داڕشتنی هەڵوێست و بەرێوەبردنی ناكۆكیی و ململانێ ، لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا پیشانبدات . 

مانیفیستۆی (یەكێتیی)ی نوێ
لەناو (یەكێتیی)دا ؛ بەهۆی سەرهەڵدان و كەڵەكەبوون و تەشەنەسەندنی چەندین كێشە و گرفت ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەناویدا ئاراستەیەكی ڕادیكاڵی یاخیی خۆڕسك لەدەركەوتن و لەگەشەكردندا بوو ، ئەم ئاراستەیە لەبنەڕەتدا كاردانەوە و دەرەنجامی شێوازی كاركردن و بەڕێوەبردنی تاڕادەیەك خراپی (یەكێتیی) بوو ؛ لەقۆناغی دوای كۆنگرەی (٣) ، تاكو سازدانی كۆنگرەی (٤) .

لەهەگبەی ئەم ئاراستەیەدا ؛ پەیامەكانی نوێبوونەوە و بووژانەوە و دادپەروەریی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی و گرتنەبەری سیاسەتی سەربەخۆی دوور لەهەژموون و كاریگەریی و پێگەی دەرەكیی ؛ بوونە دیفاكتۆ و پێویستییەكی قۆناغی تازە ، ئەوەبوو ئەم ئاراستەیە بووە هێزی زۆرینە و كاریگەر لەسەر ڕووداوەكانی كۆنگرە .

(یەكێتیی)ی نوێ ؛ پێویستە بۆ بەرجەستەكردنی پەیامەكانی ، هەنگاوی جدیی و كۆششی زۆر ، لەپێناوی دروستكردنی چەندین گۆڕانكاریی و ڕووداو و وەرچەرخان بنێت ، هەروەها هەڵسەنگاندن و فیدباك بۆ ڕابردووی خۆی بكات ، خەبات بكات بۆ ئەوەی خۆی بكاتەوە بە هێزە بزوێنەر و یەكلاكەرەوە و نەخشەداڕێژەكەی ڕابردوو ، كە لەسەر بنەمای پێویستییبوونی بابەتیی و مێژوویی ؛ چەندین جڵەو و جوومگەی گرنگ و بەهێزی بەدەستەوە بووە و هێزەكانی تر لەدوایەوە بوون ، یان خۆی پەلكێشی ئەكردن.

ئەگەر (یەكێتیی) پابەند بێت بە پەیامە نوێكان و پرۆگرامە تازەكەی و كاری جدییان لەپێناودا بكات ، ئەوا زەمینەی بووژانەوە و بەهێزبوونی جەماوەریی و گەشەكردنی ئاراستەی گۆرینی هاوسەنگیی هێز ؛ لەبرەودا ئەبێت ، هەروەها ئەگەر (یەكێتیی) پابەند بێت بە كاركردن بە پەیڕەوی ناوخۆی تازەوە و پشتگوێی نەخات و نەیكاتە قووربانیی ئیجتیهاد و كۆششی تاكە كەسەكان ؛ ئەوا لەلایەك لەڕووی ناوخۆیی و ڕێكخراوەییەوە ؛ تۆكمە و بە دیسپلین ئەبێت و ئەبووژێتەوە ؛ لەلایەكی تریش بە ناڕاستەخۆ ، كاریگەریی و ڕۆڵی ئەبێت ؛ لەزیاكردنی متمانەی جەماوەر بە (یەكێتیی) و پشتبەستن پێی و ئومێد هەڵچنین لەسەری.

مۆدێلێكی نوێی پەیكەری ڕێكخراوەیی
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی تازەی دوای كۆنگرەی (٤) ؛ میكانیزمی كاركردن و ناوەندی بڕیار و دابەشكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكان و شێوازی بەڕێوەبردنی ناكۆكیی و ململانێ و داڕشتنی سیاسەت و گەڵاڵەكردنی هەڵوێست ، لەناو (یەكێتیی)دا ؛ ئەبێت لەڕووی چۆنایەتییەوە زۆر جیاوازتر بێت ، لەقۆناغی پێش كۆنگرەی چوار .

لەناو پەیڕەوی ناوخۆی تازە ؛ پەیكەرێكی مۆدێرن و جیاواز هەیە ، بۆ دیارییكردنی ئۆرگانەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتیی و دەسەڵاتەكان ، ئەویش بۆ چەندین ئۆرگان و پۆست ، كە زۆر جیاوازترە لەپەیكەری هەموو پارتە سیاسییەكانی تری كوردستان و عێراق و وڵاتانی تری ناوچەكە بەگشتیی ، تەنانەت زۆر جیاوازتر لەڕابردووی خودی (یەكێتیی).

ئەم پەیكەرە نوێیە جیاوازتر لەپەیكەرە كلاسیكیی و تەقلیدییەكان ، (یەكێتیی) ئەپارێزێت لەهەژموونی گرووپ و دەستەگەریی و تاكڕەویی و سەپاندنی ئەجێندای تاكەكان ؛ بەسەر ئەجێندای گشتیی (یەكێتیی)دا .  لەم پەیڕەوەدا دەسەڵات و ئەركەكان ؛ لەسەر بنەمای پسپۆڕیی ئۆرگان داڕێژراوە ،لەم سۆنگەیەوە ئەتوانم بڵێم پەیڕەوی نوێ  ڕێگریی ئەكات لە بەپیرۆزكردنی سەركردەكان و لێپرسراوان و پاوانكردنی دەسەڵاتەكان ، لەخوارەوە بە خاڵ ، ئاماژە بە چەند بڕگەیەكی گرنگی پەیڕەوی ناوخۆ ئەكەم ، كە بریتیین لەمیكانیزمە و ڕێبازی كاركردنی تازە و جیاواز لەڕابردوو :

١- بەگوێرەی بڕگەی (ئەلف) و (بێ) و (جیم)ی خاڵی (٧)ی مادەی (٢٥) ، كە تایبەتە بە ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ؛ ئەم ئەنجوومەنە ئەتوانێت بەشێوەیەكی ڕەها و بەبێ بێبەرییكردنی هیچ هەڤاڵێك ، هەموو ئەندام و هەڤاڵ و لێپرسراوێكی هەر ئۆرگانێكی ڕێكخراوەیی ناو (یەكێتیی) ، لەسەرەوە بۆ خوارەوە و هەر ئەندام و لێپرسراوێكی پەرلەمانیی و حكومەتیی لەبەركەوتەی (یەكێتیی) ، لەسەر داوای (٣١) ئەندام لەكۆی گشتیی (١٢٤) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ؛ بانگهێشتی ئەنجوومەن بكات بۆ ڕوونكردنەوە لەسەر پرسی گرنگ و لێپرسینەوە لێیان ، ئەگەر كەمتەرخەم بووبن و شایەنی سزادان بوون ؛ ئەوا بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ، بەگوێرەی مادەی (١٢) سزا ئەدرێن ؛ كە دوایین جۆری سزا تیایدا ، بریتییە لەدەركردن لەڕیزەكانی (یەكێتیی).
٢- بەگوێرەی خاڵی (٨) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ هەموو ڕێككەوتنە گرنگەكان و هاوپەیمانێتییەكانی پرۆسەكانی هەڵبژاردن ؛ ئەبێت پێش ڕەزامەندیی هاوسەرۆكەكان ، بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پەسەند كرابێت .
٣- بەگوێرەی خاڵی (٩) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ پێویستە لیستی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنەكان و لیستی بەشداربووان بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستەكانی حكومەت ، لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە پەسەند بكرێت .
٤- بەگوێرەی خاڵی (١٠) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ پەیڕەوی كاری هاوسەرۆكەكان و مەكتەبی سیاسیی و ...هتد ؛ ئەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە پەسەند بكرێت .
٥- بەگوێرەی خاڵی (١٢) و (١٦) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەتوانێت متمانە لەهاوسەرۆكەكان و سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی وەربگرێتەوە ؛ ئەویش بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامان .
٦- بەگوێرەی خاڵی (١٥) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ (٥١) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەتوانن ، داواكاریی سەندنەوەی متمانە لەهاوسەرۆك بخەنە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنەوە .
٧- بەگوێرەی خاڵی (١٣) ، لەمادەی (٣٧) ؛ هاوسەرۆك ئەبێت پارێزەری سامان و موڵك و داهاتی (یەكێتیی) بێت و نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و كەسوكاریان بەكاری بهێنن .
٨- بەگوێرەی خاڵی (١٠) ، لەمادەی (٤٠) ؛ ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ناتوانن هیچ پلە و پۆستێكی تری ناو حكومەت و پەرلەمان وەربگرن و ئەبێت بە دیارییكراویی  خۆیان تەرخان بكەن ، بۆ بەرێوەبردنی كاروباری ناوخۆی (یەكێتیی) .
٩- بەگوێرەی مادەی (٦١) ؛ پێویستە لانی كەم ڕێژەی (٢٥٪)ی پلە و پۆست و ئۆرگانەكان ، بۆ ژنان تەرخان بكرێت .
١٠- بەگوێرەی مادەی (٦٣) ؛ پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی و پەرلەمانتاران و كادیرانی (یەكێتیی) لەناو حكومەت ، لەبەڕێوەبەری گشتییەوە بۆ سەرەوە و پارێزگار و جێگری پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆكی شارەوانییەكان لەسەر پشكی (یەكێتیی) ؛ فۆرمی تۆماری موڵك و سەرمایە و بەرژەوەندییە داراییەكانیان ، پڕ بكەنەوە و پێشكەشی (دەزگای دەستپاكی و چاودێریی دارایی)ی (یەكێتیی) بكەن .

پرشنگەكانی پێش خۆرهەڵاتن 
هەرچەندە بەهۆی سەرقاڵییەكانی داڕشتن و خوێندنەوە و پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆی تازە ؛ لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتیی و بەهۆی  هەڵبژاردنەكانی هاوسەرۆك و دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەكتەب و مەڵبەند و بۆردەكان، لەلایەكی تر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ؛ دەرفەتێكی گوونجاو و پێویستی لەبار  نەڕەخساوە ، بۆ (یەكێتیی)ی نوێ ، تاكو بە پراكتیكیی بكەوێتە سەر باری سەقامگیریی و سروشتیی خۆی ؛ بۆ خستنەڕووی هەنگاو و سیاسەتە تازەكانی ، بۆ  ڕیفۆرم و گۆڕانكاریی  و پیاچوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ؛ ئەتوانم بڵێم لەدوای كۆنگرەی (٤)ەوە ؛ پرشنگەكانی سیاسەتی تازەی (یەكێتی)، بەتایبەتیی لەناو پرۆسەی سیاسیی و فەرمانڕەواییدا ؛ بەشێنەیی  ڕوویان لەئاسۆ كردووە و بەشێكی بەرچاوی جەماوەر ، چاوی هیوایان لەسەر هەڵاتنەوەی خۆری هەمیشە گەشاوە و درەوشاوەی (یەكێتیی)ە ، بێجگە لەوانەی كە دژی پرشنگەكانن و كار بۆ گەڕانەوە ، بۆ ناو تونێڵە تاریكەكە ئەكەن و ئەیانەوێت (یەكێتیی) پەراوێز بخەنەوە .

لەدەسپێكی كاری (یەكێتیی)ی نوێدا ؛ لەم ڕەهەندانەوە درك و پێشبینیی ، بە جیاوازییەكان لەسیاسەت و ڕێبازی كاركردندا ئەكرێت : 
١- خۆ بەدوورگرتنی ئۆرگانە باڵاكان لەكاركردن بە سیاسەت و جموجۆڵە نمایشكاریی و كەرنەڤاڵیی و بۆنە بەزۆر دروستكراوەكانی دەرەوەی كاری سیاسیی و ڕێكخراوەیی و سەرقاڵنەكردنی (یەكێتیی) پێیانەوە و بەهەدەرنەدانی پارەی زۆر لەو پێناوەدا.
٢- هەنگاونان بۆ دەرخستنی دید و جیهانبینیی و تێڕوانینی جیاوازی تازەی (یەكێتیی) ، بەتایبەتیی بۆ بەڕێوەبردنی جوومگەكانی ناو پرۆسەی فەرەمانڕەوایی و دەسەڵاتی كارگێڕیی ، هەروەها دارشتنی سیاسەتی جیاواز و هەڵوێست و هەنگاوی سەربەخۆ و جیاواز لەقۆناغی ڕابردوو ؛ دوور لەڕەچاوكردنی سیاسەت و قازانج و بەرژەوەندیی لایەنی دەرەكیی ، هەروەها دوور لەسازشكردن و دیزەبەدەرخوونەكردن .
٣-  خۆبەدوورگرتن لەكاركردن بە ئیجتیهادی تاكە كەس و تاكرەویی و بەپیرۆزكردنی سەركردەكان ، لەلایەن میدیای فەرمیی (یەكێتیی)ەوە. 
٤-  خوێندنەوە بۆ ناخ و سایكۆلۆژیای كۆمەڵگە و لەبەرچاوگرتنی خەم و ویست و خواستەكانیان و پشتگیرییكردن لێیان .
٥- گرتنەبەری سیاسەتی میدیایی دەربڕینی كەمترین لێدوان و ڕێگرتن لەدروستكردنی ڕۆشنایی میدیایی ناسروشتیی ؛ لەسەر كێشە و پرس و دیاردە و ڕووداوەكان ، بە مەیل و ئارەزوو و بەرژەوەندیی تاكی باڵادەست ، لەبەرامبەردا پەیڕەوییكردنی ڕێبازێكی پەرەگماتیكیی و پراكتیكیی ڕوون و هێمن و نەرم ، دوور لەهاشوهووش و پەرچەكردار ، دوور  لەخۆ سەرقاڵككردن بە بابەتی لاوەكیی و ناسەرەكیی .

كۆسپەكانی بەردەمی نوێبوونەوە 
پرۆسەی نوێبوونەوە بۆ (یەكێتیی) ؛ لەناوەرۆكدا چەندین پەیام و پرانسیپ لەخۆ ئەگرێت ؛ ئەم پرۆسەیە ئەركێكی دژوارە و فەرشی سووری لەبەردەمدا ڕانەخراوە و هەمووان بە گووڵ پێشوازیی لێ ناكەن ، بەڵكو چ لەناوخۆی (یەكێتیی) ، چ لە دەرەوەی  (یەكێتیی) ، نەیار و ناكۆك و دژ و بەرەنگاری بۆ دروست ئەبێت .

پێویستە هەموو یەكێتییەكان بەگشتیی و هاوسەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ؛ كە ئۆرگانی پەیوەندییدارن بە بەڕێوەبردنی (یەكێتیی) ؛ بۆ ڕێكخستنەوەی (یەكێتیی)ەكی پتەو و بە دیسپلین ، كە مەرج و پێویستیی یەكەمی كاركردن و تێكۆشانە بۆ نوێبوونەوە ، ئەم خاڵانەی خوارەوە بە هەند وەربگرن و كاری لەسەر بكەن :
١- (یەكێتیی)ی نوێ پابەند بێت بە جێبەجێكردنی دەقاودەقی پەیرەوی ناوخۆ ، بەتایبەتیی ئۆرگانە باڵاكان پەیرەوی ناوخۆ نەخەنە لاوە و كار بە ئیجتیهادی تایبەتیی خۆیان نەكەن و سازشیشی لەسەر نەكەن .
٢- (یەكێتیی)ی نوێ ببێتە هێزی كۆكەرەوە و ڕێكخەرەوەی هەمووان ، لەسەر بنەمای ئەزموون و شارەزایی و پسپۆڕیی و كارامەیی و شایستەیی و دڵسۆزیی ؛ هەمووان ساز بدات و بیانخاتەوەگەڕ ، هەروەها كار بە ڕێبازی پاكتاوكردن و پەراوێزخستن و نادیدەكردنی ئەوانی تر نەكرێت ، لەبەرامبەردا سیاسەتی چەپكە گووڵەكەی جەنابی مامی نەمر پەیڕەو بكرێت .
٣- ڕێگریی بكرێت لەكەڵەكەبوونی كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان و كێشە بە كێشە نەسپێردرێت .
٤-  هەڵسەنگاندن و فیدباكی بەردەوام ؛ بۆ سیاسەت و هەنگاو و كار و ئۆرگان و چالاكییەكانی خۆی بكات .
٥-  بیروباوەر و پرۆسەی هوشیاركردنەوە و پەروەردەكردنی كادیر ببووژێنرێتەوە ؛ لەمڕووەوە هەنگاوی جدیی و پلانی ورد و پرۆگرامی پەروەردەی ڕێكخراوەیی ؛ بە سوود وەرگرتن لەئەزموونەكانی ڕابردووی پەیمانگای كادیران و خستنەوەگەڕی، ئەویش بە پێشكەشكردنی وانەی ئەكادیمیی و زانستیی پێویست و گرنگ ، بەتیۆریی و بە پراكتیكیی، نەك بە پێشكەشكردنی چەند سیمینارێكی دیارییكراو ، بە بەشداربووان و لەبەرامبەردا پێدانی بروانامەی تەواوكردنی خولی ئەكادیمیی بوونە كادیر پێیان ، كە ئەمە دەرهاویشتەی خراپ دروست ئەكات .
٦- (یەكێتیی) نوێ ڕێگریی بكات ؛ لەدروستبوونی دەسەڵاتی سەرتاپاگیر و خۆ بەڕەهاكراو لەناو ئۆرگان و مەكتەب و بۆرد و دامودەزگاكانیدا؛ چونكە تاكرەویی و خۆسەپاندن و قۆستنەوەی  توانا مەتریالییەكان و بەكارهێنانی ئامراز و گووشار و فشارە جۆراوجۆرەكان لەسەر هێزی مرۆیی ناو ئۆرگانەكان ؛ بۆ حەز و مەرام و ئەجێندا تایبەتییەكان ، (یەكێتیی) بەرەو داخووران و داكشان و پەرت پەرتبوون و پاشەكشە ئەبات . 
٧- (یەكێتیی) نوێ ئەبێت بەرەنگاری دیاردەی دەستەگەریی و هەژموونی گرووپ ببێتەوە و سازشی لەسەر نەكات.

نیاز سەعید عەلی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی