کێ هەقی لێپرسینەوەی ھەیە؟!

01/06/2020

محەمەد حەکیم

حکومەتی ھەرێم هەقی لێپرسینەوەی هەیە لە سەر تەشەنە کردنی پەتای کۆرۆنا،چونکە سەرتا ھەموان دەستخۆشیمان لێکردن وتمان ئیجرائاتی خۆپارێزی باشیان گرتووەتە بەر، بەڵام دواتر لێدوانە جیاوازەکانی خۆیان، تێکەڵ و پێکەڵیی لێدوانیان لە سەر ھۆکاری نەدانی موچەو دواتر شەڕە لێدوانی بەرپرسە حزبی و حکومییەکانی سلێمانی و ھەوڵێر و ئەوجا راگەیاندنی سەرکەوتن بە سەر کۆرۆنا لە لایەن بەرپرسانی حکومی دھۆک و تەقەی خۆشی لایەنگرانی حزبی دەسەڵاتدار ودواتر بەرزکردنەوەی نیشانەی سەرکەوتن لە سلێمانی، ھەر لە لایەن بەرپرسی حکومیەوە و دواتر گۆڕانکاری لە خوێندنەوەی بەرپرسە تەندروستییەکانی خۆتان بۆ پەتاکە!

دوای ھەموو ئەمانە، ئێوە دەڵێن کەسانێک کۆرۆنا بە حزبی دەکەن، کە پێش ئەوەی ھەر کەسێک تاوانبار بکەن لە سەر ئەم پرسە، خۆتان ھەقی لێپرسێنەوەتان ھەیە!
بەڵام کێ لێتان بپرسێتەوە؟ پەرلەمان کە چاوەڕێی جێبەجێکردنی فەرمانەکانتانە، داخۆ لە سەر کێی تر پارێزبەندی ھەڵبگرن!


من خۆم لە گەڵ خۆپارێزیم و پێشموایە کە کۆرۆنا مەترسییە ، وەھەندێکتان سوپاسی ھەلوێستی کۆمەڵ وئەمیری کۆمەڵتان کرد ، بەڵام راستییەک ھەیە بزانرێت جیھان دابەشبووە بە سەر هەقیقەتی ئەم پەتایەو چۆنییەتی مامەڵەكردن لە گەڵی،
بۆیە لە کوردستانیش ئازادن ھەبن رای جیاوازیان ھەبێت، وحکومەت با پێش تۆمەتبارکردنی خەڵکی، ئاوڕێک لە ھەڵوێستی بەرپرسانی خۆی بداتەوە، لە ئاستی وەزیرو پارێزگارو بەڕێوەبەراتییەکان..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی