بگرەو بەردەی كۆرۆنا

03/06/2020

رێبین عومەر

لەماوەی رابردوودا، تەقەی خۆشی دەكرا لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان، پێش هەموو دنیاكەوت و، سەركەوتنی خۆی بەسەر كۆرۆنا ڤایرۆس راگەیاند. خەڵك بەوە دڵخۆش بوو كە ژیان، ریتمی ئاسایی خۆی وەرگرتەوە؛ خەڵك و حكومەت دەستیان لە رێوشوێنەكان هەڵگرت؛ شەقام و مۆڵ و بازاڕو شوێنەگشتییەكان، وەك جاری جارانی لێهاتەوەو، لەبەر قەرەباڵغی جمەی دەهات.

بەڵام مەترسییەكانی كۆرۆنا، هەر بەردەوامە. دوو وڵاتی نزیك لە عێراق و هەرێم، بەدەست ڤایرۆسەكەوە گیرۆدەبوون؛ توركیا و ئێران كە نزیكترین دوو وڵاتن لە ئێمەوە بەمەرج رێگەیان دەدا خەڵك هاموشۆی دەرەوە بكات.

هەندێك لە پزیشكەكانی كوردستان و میدیا و سۆشیال میدیا، بەردەوام باسیان لەوە ئەكرد كە ئێمە بەركەوتەی دەرەوەین، واتە خودی ڤایرۆسەكە لەژینگەی كوردستان چالاك نییە، دەوترا مانگی نیسان بەدواوە كە كەش و هەوا گەرم دەبێت، ڤایرۆسەكە نامێنێت، ئەمە لەرووی زانستییەوە سەلمێنراو نییە، چونكە خودی گۆڕانكاری ڤایرۆسەكە نوێییە بەنیسبەت توێژەرە پزیشكەكانی دنیا.

لە هەرێم هاموشۆ لە نێوان پارێزگاكان و ناوەڕاست و خواری عێراق دەستی پێكرد. "هەندێ لەو كەسانەی لەدەرەوەی كوردستان بوون، بێ كەرەنتینە، لە ووڵاتانی هەڵگری ڤایرۆسەكە گەڕانەوەو، لە شەقامەكان بەتەوقەو باوەشكردن، ئامێزیان بۆ خەڵك دەكردەوە"تەنانەت لەم دواییانە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق كە هاتە هەولێر دوو لەپاسەوانەكانی هەڵگری ڤایرۆسەكەبوون. بەداخەوە دەست بەردرا لەهەموو ئەو رێوشێنانەی لە رابردوو گیرانەبەر بۆ خۆپارێزی، ئاهەنگ و پرسە،كۆبوونەوەی ناو كافێتریاو چایخانەكان، ئەمەی لێكەوتەوە كە ئێستا خەڵك لە چوونە ماڵەوەو كەرەنتینە نیگەرانە. خودی حكومەت دوالیزمانە لەگەڵ ئەم دۆخە سەپاوەی كۆرۆنا مامەڵەی كردوو ئاستی متمانەی خۆی كەم كردەوە.

وڵاتانی دنیا وەك ئەمریكا، كەنەدا، بەریتانیاو ئەوروپا، بەردەوام مژدەی ئەوەیان دەدا بەگەلەكانیان كە لەپشتیانن و نایەڵن پەكیان كەوێت و پارە دەنێرنە سەرهەژمارە بانكییەكانیان. بەداخەوە لە كوردستان حكومەت جگە لەوەی  هیچ لەو بوارە هەنگاوی نەنا لەپڕ مایەپوچی خۆی راگەیاندوو 27 ملیار دۆلاری بەقەرز لەسەر خۆی حساب كرد؛ ئەمە دوو ئەوەندەی تر خەڵكی بێ هیوا كردو، دەست شوشترا لەدۆخەكە.

رێبین عومەر


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی