بۆ ئەوەی وێنەكە روونتربێت دەبێت زیاتر بزانیت

03/06/2020

سەرتیپ وەیسی

بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و خراپی ئیدارەدانی قەیرانی كۆڕۆنا بە تایبەت لە دەروازەی باشماخ، تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوو، زیاتر له ‌( 100) حاڵەتی پۆزەتیڤ هەن و خۆیان شاردۆتەوە، ئەو كەسانەی ئامادەنین كەرەنتین بكرێن و لە ئێستادا وەڵامی تەلەفۆن نادەنەوە، لەئێستاشدا بەرپرسانی ئەو شارە بە دوای ئەو كەسانەوەن (لە كۆبوونەوەكەی دوێنێشدا پارێزگاری سلێمانی بەڵێنیداوە ئەو كەسانە دەستگیر بكات ).

لە سنووری دەروازەی باشماخ لەماوەی مانگی رابردوو، زۆرترین پێشلكاری كراوە و هەزاران ئۆتۆمبێل لە دیوی هەرێم و ئێران بارەكانیان ئاڵوگۆڕكراون بەبێ پشكنین، هەندێ نوسراوی فەرمیش لەبارەی ئیجرائاتكردن لەم دەروازەیە ونكراوە، كە ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروستكردوە.

هەریەك لە پارێزگار و بەڕێوبەری تەندروستی و سلێمانی و قائیمقام، ئۆباڵی ئەو پێشێلكاریانە لە ئەستۆی خۆیان لادەبەن پێیانوایه،‌ خەڵكی دیكە لێی بەرپرسە پێویستە ئیجرائاتیان لەگەڵ بكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر بە روونی و رەوانی لە كۆبوونەوەی دوێنێدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەكردوه،‌ كە بەهۆی رێگری حزبی ناتوانێت وەك پێویست كارەكانی خۆی بكات.

ئێستا راوێژكاری بەرپرسی باڵای حكومی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە ‌ و تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بووە لە ماڵەوە چاودێری دەكرێت ئاماده ‌نییە بچێتە نەخۆشخانە.

لە خۆپیشاندانی دوێنێدا، هاوسەرۆكانی یەكێتیی فەرمانیان كردبوو مامەڵەی دروست لەگەڵ خۆپیشاندەران بكرێت و بەبێ بوونی هیچ توندوتیژیەك، كە چی قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت داوای بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی كردووە. ئەگەر ئەمە فەوزا نەبێت ئەی چییه ‌؟

یەكێك لە رەخنەكان لە ئیدارەی سلێمانی ئەنجامدانی كەمترین پشكنینی رۆژانەی ( تاوەكو ئێستاش لە كۆی (75) هەزار پشكنین كەمتر له ‌( 20 ) هەزار پشكنینیان ئەنجاداوە، جگە لەوەش فشار لەسەر ئیدارەی ئەو پارێزگایە هەیە كە بەشێك لە ئامارەكان بشارنەوە ( لە كۆبوونەوەی دوێنێشدا باس لە كەمتەرخەمی پشكنین لەو پارێزگایە كراوە ).

لە سنووری دهۆك كاتێك (33) كەس پاشان (19) كەسی دیكە ئاشكرادەكرێن ، كە‌ هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و بەركەوتەی كەسێكی دیكەن لە داوەتێكی نان خواردندا، جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بەهۆی خراپی ئیدارەدان و جێبەجێكردنی بڕیار و رێنماییەكان لە لایەن ئیدارە خەڵك تووش بێت، چونكە ئەوەی یەكەم بەهۆی نا هۆشیاری خەڵك و پابەندنەبوونی ئەوانەوەیە، بەڵام هی دووەم بەهۆی خراپی ئیدارەدانەوە.

تكایە هاووڵاتیانی پارێزگاری سلێمانی زیاتر ئاگاداری خۆتان بن، چونكە خەڵكێكی زۆر كە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و هاتوونەتە‌ ناو كۆمەڵگا و كۆنتڕۆڵكردنیان ئەستەمە، ئەگەر ئێوە مشورێك لە خۆتان نەخۆن، بە تەمای ئیدارەی ئەو شارە مەبن.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی