كۆرۆنا ھەیە؟

04/06/2020

مەریوان عەبدوڵڵا

گیان لەدەستدانی حەوت كەس لە رۆژێكداو توشبونی زیاتر لە سەد كەسی تر لە رۆژێكی تردا ئاماژەی پەرەسەندنێكی خێراو مەترسیداری كۆرۆنایە لە ھەرێمی كوردستان و ناكرێت وەك زەنگێكی مەترسیدار سەیر نەكرێت ، ئەمە پێویستی بە ھەڵوێستە لەسەركردنەو لانی كەم پێویست دەكات چاوی خۆمان لە ئاست ئەو مەترسیە دانەخەین و بێخەم نەبین لە ئاستیدا، ناكرێت ئەوەندە ھۆشیاریمان نەبێت ئەمە بەڵایەكی جیھانییەو بە ئامانج گرتنی ژیانی ھەموو مرۆڤایەتییە و كوردستانیش بەدەرنیە لەو ھەڕەشە گەورەیە، 

ئەوەی ئێستا روودەدات دەتوانین بڵێین تەوژمێكی نوێی كۆرۆنایە كە رووی لەھەرێمی كوردستان كردووە، بەپێی قسەی پزیشكەكان ئەم تەوژمەی كۆرۆنا توندترو مەترسی دار ترە ، بەھۆی نادیاری سەرچاوەكەی و دەستەوەستانی  تیمە تەندروستیەكان لەماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك تووش بوون و بەشێكیان گیانیان لەدەست داوە رەنگە  لە چەند رۆژی داھاتووشدا ژمارەی تووشبوان چەند ھێندە زیاد بكات، 

لەكاتێكدا كۆرۆنا ھەڕەشەیەكی مەترسیدارە لەسەر ژیان و تەندروستی خەڵك بەڵام ئەو دەنگ و ھەوڵانەش كەم نین كە بەمەبەست و ئامانجێكی دیاریكراو یاری بە ژیانی خەڵكەوە دەكەن و دەیانەوێت لە مەترسی كۆرۆنا كەم بكەنەوەو خەڵك لە پابەندبوون و خۆپارێزی سارد بكەنەوە تەنانەت ئەو گومانە لای خەڵك دروست بكەن كە كۆرۆنا لە كوردستان بونی نیە! وەك ھەموو سێكتەرەكانی تر لەم مەملەكەتەی خۆمان كۆرۆنا بەسیاسی دەكرێت و ھەندێك لایەن دەیانەوێت سواری ئەو شەپۆلە ببن و ناڕەزایەتی خەڵك بۆ مەرامی سیاسی بەكار بھێنن، لەم گەمەیەدا خەڵكی ئاسایی دەبێتە قوربانی، قوربانیەك كە باجەكەی گیانی خۆیەتی ، بۆیە ناكرێت لە ئاست ئەم مەترسییە گەورەیە بێدەنگ بین پێویستە خەڵك لەوە تێبگەن كۆرۆنا مەترسیەكی راستەقینەیەو بونی ھەیە ھەر باوەڕنەبوون و پابەند نەبونێك دوور نیە باجەكەی  ژیانی خۆت و كەسە ئازیزەكانت بێت ، 

لەنێو ئەو گێژاوەی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھان دروستی كردووە جێگەی سەر سوڕمانە كەسانێك ھەبن لە ھەرێمی كوردستان بۆ مەبەست و ئامانجێكی سیاسی و دیاریكراو ئەوەندە ئاست نزم و بێ ھەست بن یاری بە ژیانی خەڵكەوە بكەن و  بەڕێیان بكەن بەرەو مەرگ و كارەساتێكی گەورەی مرۆیی،  ئێمە لەوە تێدەگەین نەبونی ھۆشیاری تاك كێشە گەورەكەیە و پێویستە خەڵك  ئەوەندە ھۆشیاری و تێگەیشتنێكیان ھەبێت كۆرۆنا مەترسیەكی جیھانیەو ھیچ سنور و بەربەست و كەسێك نا ناسێت و ئاشنایەتی لەگەڵ ھیچ نەتەوەیەك نیە ، لەم ئافاتەدا تەنیا ئەوانە سەردەكەون و رزگاریان دەبێت كە بەتەنگ تەندروستی خۆیانەوەن،

 لەم قۆناغەدا ئەوەی بۆ خەڵك گرنگە تا تووش نەبوون و نەبوون بەیەكێك لەوكەسانەی كە كۆرۆنا مەترسی لەسەر ژیانیان دروستكردووە خۆتان بپارێزن و گوێ بەو دەنگۆیانە مەدەن كە دەیانەوێت ساردتان بكەنەوە لە خۆپارێزی ، ئێمە لە نزیكەوە ئاگادارین و دەزانین چی دەگوزەرێت و مەترسییەكە لە چ ئاستێكدایە ، دڵنیابن ئەگەر خۆمان نەپارێزین و گوێ بە مەترسیەكانی كۆرۆنا نەدەین لە ئایندەیەكی نزیكدا كارەساتێكی گەورە روودەدات كە نە حكومەت و نە ھیچ رێكخراوێكی جیھانی ناتوانن بەر بەوكارەساتە بگرن، توانای حكومەتی ھەرێم و ناوەندە تەندروستیەكانمان سنوردارەو دۆخمان لەو وڵاتانە باشتر نابێت كە كۆرۆنا ڤایرۆس كاولی كروون و دەرفەتی ژیانی بۆ نەھێشتوونەتەوە، 

ھەرچەندە مەترسیەكە سات بەسات لە زیادبوندایە بەڵام ئێستاش دەرفەت ماوە و دەكرێت بەر بەو كارەساتە بگرین كە نزیكە رووبدات، بۆ ئەوەی خۆمان و كەسوكارمان پارێزراو بین ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە بیكەین تاك پارێزی و دووركەوتنەوەیە لە بەریەككەوتن و شوێنی قەرەباڵغ، بۆ كارێكی زۆر گرنگ نەبێت نەچینە بازاڕو شوێنە گشتیەكان و ئەگەر كرا گواستنەوەی گشتی بەكار نەھێنین و چەند  پێمان دەكرێت لەماڵ بمێنینەوە ، ئەگەر ئەم رێكارانە بگرینە بەر تا رادەیەكی زۆر پارێزراو دەبین بەڵام ئەگەر پابەند نەبین لە پڕ كۆرۆنا دەبێتە دوژمنێكی  قین لەدڵ بۆ بون و مانەوەمان ، 

گرنگە لەوە تێبگەین كۆرۆنا بەڵایەكی جیھانییە و بەرۆكی زۆربەی دەوڵەتانی دونیای گرتووە، بەڵام بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە ژێرخانێكی ئابووری و رۆشنبیری تاك تێیدا لاوازە و لە ئاستێكی گەشەسەندودا نیە بەڵایەكی گەورەتر و مەترسی دار ترە، بۆ ئەوان كۆرۆنا زیاتر لە ھەڕەشەیەكە، بێگومان بۆ ھەرێمی كوردستان مەترسی كۆرۆنا ھەڕەشەیەكی گەورەتر و دوژمنكارانەیە واپێویست دەكات ھێندەی مەترسیەكە لەسەر ئاستی حكومەت و تاك خۆمانی بۆ ئامادە بكەین و بەرەنگاری ببینەوە، ئێستا زانیتان كۆرۆنا لە كوردستان ھەیە كەواتە ئازابەو خۆت و دەوروبەرەكەت لەم بەڵایە رزگار بكەو مەبە بەیەكێك لە توشبوانی كۆرۆنا.

مەریوان عەبدوڵڵا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی