چاکسازی لە دەرماڵە یان لە دیوخانانە و هی تریش

05/06/2020

هیوا سەید سەلیم

دەنگۆی ئەوە هەیە لەو زووانە حکومەتی هەرێم لە ژیر ناونیشانی جێبەجێکردنی یاسایی چاکسازی، دەست بۆ بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ببات، ئەو هەنگاوەش لە بڕینی دەرماڵەکان دەستپێبکات. 
گومانی تیدانیە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ چاکسازی راستەقینەدایە و پشتیوانی لێدەکات، بەڵام دوو جۆر لە توێژی کۆمەڵگا هەیە دژی ئەو چاکسازیەن کە پێی دەوترێت چاکسازی راسەقینە. 
یەکەمیان ئەوانەن کە لە چاکسازی راستەقینە زەرەرمەند دەبن، دووەمیان ئەوانەن کە پێیان وایە چاکسازی راستەقینە بوونی نیە، بگرە ئەوەی دەکرێت جارێکی دیکە دەستبردنە بۆ موچەی خەڵکی، وخۆدزینەوەیە لەو سێکتەرە سەرەکیانەی کە پێویستە چاکسازی بیانگرێتەوە، بە تایبەت (داهات و کەرتی نەوت و بندیوارەکان و خانەنیشینی نایاسایی....هتد). 


رای دووەم کە پێیان وایە چاکسازی راستەقینە لە کوردستان ناکرێت زۆر بەربڵاوە، چونکە لە رابردوودا متمانەی خەڵک بە هەنگاوەکانی حکومەت نەک هەر لاوازبووە، بگرە گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی ئەگەر حکومەت کارێکی باشیش بکات، خەڵکی بەگومانەوە لێی دەڕوانێت، نموونەش هەنگاوەکانی حکومەت لە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 


هەموو لایەک دەزانین بێ متمانەیی خەڵک بە هەنگاوەکانی حکومەت لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پێیان وایە چاکسازیی راستەقینە پەیوەستە بە لاوازبوونی هەژموونی هێزەکانی دەسەڵات، کە بوونی خۆی لە لەشکرێک موچەخۆری بندیوار دەبینێتەوە، کە لەژیێ ناونیشانی پێشمەرگە و دیوەخانانە و پیاوماقوڵانە موچەیان بۆ بڕاوەتەوە.


 لە ئێستادا کە جارێکی دیکە دەنگۆی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بۆتە رۆژەڤ، دەسەڵاتدارانی هەرێم وای دەبینن دەستبردن بۆ بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران، ئاسانترە لە بڕینی موچەی دیوەخانانە و بندیوارەکان و ئەو لەشکرە زۆرەی دەنگدەری حزب، بۆیە نزیکە ئەوەی یەکەمیان ئەنجام بدەن و دەست بۆ ئەوانی دیکە نەبەن. 


دەوترێت سەدام حوسێن لەسەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا، وەزیری ناوخۆ کە ئەوسا سەمیر شێخلی بووە، رادەسپێرێت بۆ داخستنی قومارخانەکان لە عێراق، کە وەک دیاردەیەک لە ساڵانی هەشتاکان لە عێراق بڵاوببوەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری ناوخۆ ئەو بڕیارەی سەدام حوسێن، بە بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاکان رادەگەیەنێت، یەکێک لە بەڕێوەبەرەکان روو لە وەزیری ناوخۆ دەکات و دەپرسێت: 
جەنابی وەزیر لەو بڕیارەی سەید رەئیس پرسیارێک لای من درووست بووە دەمەوێت بپرسم، ئەگەر ئێمە جدین لە داخستنی قومارخانەکان، بۆچی حکومەت لە هوتێلە یەک ئەستێرەیەکانی وەک (شیراتۆن و فەلەستین میریدیان و مەنسوڕ و نەینەوا) قومارخانەکان داناخات؟. 


سەمیر شێخلی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت: دەزانی بۆچی ئەو شوێنانە داناخەین؟ (حکومەت مەبەستیەتی لەو قومارخانانە ئەو پارەیەی بۆ بگەڕێتەوە کە بەبێ بنەما دەیداتە فەوجە خەفیفەکان (سەرۆک جاشەکان)، چونکە ئێمە 250 فەوجمان بۆ ئەو کوردانە کردۆتەوە کە لەگەڵ دەوڵەت و شۆڕش دان، حکومەت پارەیەکی زۆریان دەداتێ، و دڵنیاین 30٪ ئەو پارەیە نادرێت بە خەڵکەکە، بگرە سەرۆک جاشەکان بۆ خۆیان گلی دەدەنەوە و لە قومارخانەکان دەیدۆڕنەوە بە پیاوانی دەوڵەت). 


لە هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆر بەم شێوەیەی سەرەوە، لە سەرۆک جاشە کۆنەکانی سەردەمی رژێم بەناونیشانی دیوەخانانە و پیاو ماقوڵانە دابەش دەکرێت، ئەو قومارەی ئەوانیش بۆ کڕینی دەنگ و ئیرادەیانە، بۆیە دەسەڵات دەست بۆ بڕینی ئەو بەهەدەردانەی پارە نابات، بگرە دێت موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەبڕێت!! 
لەئێستادا دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران و لە ژێر ناونیشانی رێکخستنەوەی دەرماڵە و خۆ دزینەوە لە چاکسازی راستەقینە، هێندەی دیکە لە نارەزایەتیەکانی خەڵک زیاد دەکات، و دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو شوێنێک دەبات کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسیەوە. 


بۆیە ئۆباڵی ئەو هەنگاوە دەکەوێتە ئەستۆی لایەنەکانی ناو دەسەڵات، و وایان لێدەخوازرێت چاکسازی راستەقینە نەگۆڕنەوە بە کارێک کە بە زیان بۆ موچەخۆری راستەقینە بشکێتەوە، بگرە شەفافکردنی داهاتەکان، بە تایبەت لە سێکتەری نەوت، و نەهێشتنی موچەخۆر و خانەنیشینی نایاسایی و بندیوار، و کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان، پاککردنەوەی لیستی شەهیدان... هتد، پێی دەوترێت چاکسازی، ئەگەر دەسەڵاتداران دەیانەوێت چاکسازی راستەقینە بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی