لەپەراوێزی وتارەکەی قوباد تاڵەبانی دا

05/06/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لەوای دەستبەکاربوونی قوباد تاڵەبانی لەکابینەی هەشتەم وەک جێگری نێچیرڤان بارزانی، بەشێکی لەدەسەڵاتەکانی خۆی کەم کردەوە، هەر لەوکاتەوە پەیام و مەرامی قوباد تاڵەبانی دەرکەوت دەیەوێت لەکوێوە بەرەو کوێ هەنگاو بنێت.
هەر لەهەمان کابینەی هەشتەم و نۆیەمیش، پرۆسەی سیستمی بایۆمەتری دەست پێکرد و چەندان دیداری گرنگی لەم بارەوەکردو بانگێشتی دەرەوەی وڵاتیش کرا بۆ زیاتر چەسپاندنی سیستمی بایۆمەتری لەکوردستان.

بەبازدانێکی درێژ بەسەر کارەکانی ڕابردوویدا، لەم دواییانەیشدا تاڵەبانی ڕەئاسەتی وەفدێکی کرد بۆ بەغداد بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندو ڕەوینەوەی گومانەکان لەنێوان هەردوولادا و چارەسەرکردنی کێشەی موچەو موچەخۆران، پرسەکە کۆتایی نەهاتووە و نێوانی هەولێرو بەغداد ئاڵۆزە، بەڵام تاڵەبانی تائاستێکی باش کاریگەربووە لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە.

لەپرسی بەڵای کۆرۆناش دیسان قوباد تاڵەبانی سەرمەشقی تیمەکانی حکومەت بوو بۆ ناوچەی سلێمانی کە سەرەتای توشبوونی هاوڵاتیان بە کۆرۆنا لەوێوە دەرکەوت و ئەوەبوو هەرزوو بەجلی تەندروستی و خۆپارێزییەوە ناوەندەکان و نەخۆشخانە و شوێنە گومانلێکراوەکانی بەسەرکردەوە و بەم دواییانەش 10هەزار دەستکێش و کەمامەی بەسەر هاوڵاتیان و کرێکاراندا دابەشکرد.

دواین دەرکەوتنی قوباد تاڵەبانی ڤیدیۆیەکی 11 دەقیقەو 29 سانییە کە تاڵەبانی زۆر بەدڵسۆزی و خەمخۆرانەوە داوا لەهاوڵاتیان دەکات خۆیان بپارێزن و داوایلێبووردن لەهاوڵاتیان دەکات ئەگەر بڕیارەکانی حکومەت بووبێتە بارگرانی بەسەر شانی هاوڵاتیانەوە.

لەم وتارە ڤیدیۆییەدا هەست بەبەرپرسیارێتییەک دەکەین کە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەیەوێت پیشانی بدات ئەو خەمخۆری هاوڵاتیانە. تاڵەبانی خۆی لەو پرسە دەدات کە چۆن بەهۆی لەدەستدانی متمانەی نێوان هاوڵاتی و حکومەت خەریکە نەخۆشییەکە لەبیردەکرێت و کەس بڕوا بە حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ناکات. ئەوەی سەرۆکی حکومەت نایەوێت بیڵێت و خۆیی لێدەشارێتەوە! قوباد تاڵەبانی دێت و ڕوون و ڕاشکاو پێمان دەڵێت.

لەبەشێکیتری وتارەکەی تاڵەبانیدا باسی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان دەکات، زۆر زەحمەتە میللەت بڕوا بەوە بکات لەکۆبوونەوەی ڕۆژی ۳ ــ ٦ ــ ۲۰۲۰دا وەزیری دارایی و سەرۆکی حکومەت ڕێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی موچەی موچەخۆران، بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان "جگە لەدارایی" ناڕازیبوونە بەدەستکاریکردنی موچە.

ئەوەی قوباد تاڵەبانی ناچار دەکات ئەم وتارە ڤیدیۆییە بڵاوبکاتەوە دڵنیام ناچارکردنی نەبووە لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتەوە تاکو وتارێکی لەم شێوەیەو بەدەستپێکی "داوایلێبووردن" بدات بەگوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، بەڵکو ئەوە جارێکیتر تێگەشتنە لەحەقیقەتێک کە تاڵەبانی دەزانێت هەق و ڕاستی لای میللەتەو ناکرێت ئەوان دژی داواو مافە ڕەواکانی میللەت بووەستنەوەو لەگەڵیان نەبن.

تاڵەبانی لە(8 دەقیقەو 50 سانیە تاکو 9 دەقیقەو 10 سانیەی وتارەکەیدا لەبارەی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لەخۆپیشاندەران وشیاری دەدات و ڕایدەگەیەنێت " دوای ئەوە من تەلەفۆنم بۆ پۆلیش و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆی کوردستان کرد و پێموتن نابێت بەهیچ شێوەیەک فیشەک بەکاربێنن بۆ خۆ پیشاندەران"
ئەم قسەیەی قوباد تاڵەبانی پێماندەڵێت: حکومەتی هەرێم دوو تەبەقە، تەبەقێک لەلوتکە وەستاوە نەداوای لێبووردن دەکات و نەدێتەخوار بۆلای میللەت ، نەبەقێکیش کە هەست بەبەرپرسیارێتی دەکات و لەکۆژانی هاوڵاتیان وخۆپیشاندەران تێدەگات و داواکانیان بەهەند وەردەگرێت.

قوباد تاڵەبانی لەم دۆخەشدا کە حکومەتەکەی تێیکەوتووەو کەس خۆزگەی پێناخوازێت، دیسان میدیاو میدیاکارانی لەبیرنەکردووە، دڵنیام تاڵەبانی وتارەکەی لەدڵسۆزییە بۆ میدیاکاران نەک بۆ ڕاکێشانی سۆزو عاتیفە، قوباد تاڵەبانی دەیەوێت بەجدی دۆستی میدیاو میدیاکاران بێت. "بەندە" ئەم دۆستایەتییەم بەواقیعی لەقوباد تاڵەبانی بینیووە، لەبیرمە یادی ئازادی ڕۆژنامەنووسی بوو لە2019، بەو هەموو سەرقاڵییەی خۆیەوە تەلەفۆنێکی بۆ کردم و یادەکەی لێ پیرۆزکردم، من وامزانی ئەو تەنها تەلەفۆنی بۆ من کردووە کەچی دواتر زانیم تەلەفۆنی بۆ ڕۆژنامەنووسی ئەوتۆ کردووە دانی خێر بە قوباد تاڵەبانی و حیزبەکەیشی و حکومەتەکەیشیدا نانێت.

لەکۆتاییدا دەتوانم ئەوەش سەربار بکەم بۆ قسەکانم کە، قوباد تاڵەبانی بەهێڵێکی جیاوازتر وتاری دا کە حکومەت ئەوەی پێخۆش نییەو بەڵکو دژیشە بە خۆپیشاندان و تەقەنەکردن و داواکاری بۆ موچە، لەکاتێکدا تاڵەبانی لەگەڵ ئەوانە کۆکەو وەک خۆی دەڵێت ئەزموونی ئەمریکاو بەریتانیای هەیەو بەلای ئەوەوە ئەوانە هەمووی ئاساییەو مافی سەرەتایی هاوڵاتیانە.