هەر لەبەفر دەچێتەوە

06/06/2020

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

گومانی تیا نیە كە كۆرۆنا دوژمنێكی سەرسەختی مرۆڤەو لە سەر ئاستی جیهان (( كوردستانی ئیمەش وەك مشتێ لەو خەروارە!!)) ئیمرۆ  لە سێ لاوە خەریكی چەقۆ وەشاندنە لە بەرۆكی مرۆڤایەتی. یەكەم: خەریكی بنكۆڵی هەوڵ و رەنج و كاری مرۆڤ و وەستاندنی دەسكەوت و داراو ژیاری كۆمەڵگەیە دووەم: خەریكی كرمۆڵكردنی متمانە بە ئەزموون و تواناو دەسكەوتی زانست و مەعریفەی تەندروستی و بەرگری دەسكەوتووی مانی مرۆڤایەتیە.. سێیەم : خەریكی دروستكردن و تۆخكردنەوەی جیاوازی چینایەتیە لەڕووی مان و پاشەرۆژ و ژیانی كۆمەڵگەوە.. 

لێرەوە تەماشەكردنی ئەم دوژمنە بەو دیدە نارۆشنبیریەی ئیمرۆ لەكوردەواریدا( بەوەی فشەیە- كۆرۆنا نیە- كۆرۆنا ریكلام و هەرایەكی دەسەڵاتە بۆ مەبەستی تر..هتد)) ئەمەش وەك دەرەنجامی بێمتمانەیی خەڵك و دەسەڵات بەیەكترو بە هۆی شەرٍی ئایدیۆلۆژیاو بەسیاسیكردنی ئەم پرسە !!!  دەمی ئەو چەقۆیە بۆ سەر سینگی كوردەواری تیژترو برەر تر دەكات. بۆیە بەرای من دەبێ لاكردنەوەیەكی هوشیارانە لەم پرسە بەگرنگ و هەنووكەیی بزانرێت و لەسەر سێ ئاست مامەڵەی جیددی لەگەڵ بكرێ:

یەكەم:  ئاستی حكومەت و دەسەڵات .. 
 دەبێت حكومەت ئیخلاقیانە مامەڵە بكات، كە ئەمەش ویستێكی ئینسانی و داچۆاوی ویژدان و پاڵپشت بە بەها باڵاو گەردونیەكانە كەویستێكی هۆشمەندانەیەو ئامانج تیایدا (دەستخستنی بەرژەوەندی گشتی و دورخستنەوەی زیان و مەترسیە لەسەر گشت) و باڵابوونی (چاكەی گشتی و بەلاخستن و تۆراندنی خەمە نەرجسی و حەزە خودایییەكانی چینی دەسەڵاتدار كە كۆمەڵگەی بەرەو چڵكاوی رەزالەت و بێ متمانەیی تەواو بردووە) فەراهەمكردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی گشتی  چونكە سیاسەت دواجار ئەگەر چاكەی گشتی بێت كەواتە رێگەو شێوازێكی  ئەخلاقیانەش دەبێ لە بەرچاودانێ بۆ كەناردانی ئەو كێشەو گرفتانەی كە دەرەنجامی سیاسەتی ناحەكیمانەوە كەوتونەتەوە..
 
لێرەوە حكومەت دەبێ بیسەلمێنی كە لەبەر خاتری خەڵكەكەی شەری كۆرۆنا دەكات.. نەك لەبەرخاتری زیاتری مانەوەی خۆی و پەردەپۆشی ناتەواویەكانی ..یان ئەوەی باوەو شایعە كە( حكومەت بەكۆرۆنا شەری خەڵك دەكات و دەیكاتە دیوارێ بۆ مانەوەی  لەسەر ستەیجی گەندەڵی خۆی و زیاتر ملكەچ پێكردنی ئەوانی تر!!) هەرچی زوتریشە دەبێ دەسەڵات ئەو زەنگانەی كە لەرێگەی نارەزاییەكان و ئەو مەسیجانەی  كە لە هەڵوەشاندنەوەی بریارەكانی حكومەت و (نەتوانینی جێبەجێكردنیان وەكو خۆی  نمونە: هەڵوەشانەوەی قەدەغەی هاتوچۆی ئەم دواییەی وەزارەتی ناوخۆ!!) لەگوێیان بگرێ. خواستی هەنووكەیی  خەڵكەكەی كوردەواری  هەرچۆن بوە لەبەرچاو بگرێت. هەنگاوەكانی روبەروبونەوەی زیاتر كۆرۆناش گەورەتر بكات.

دووەم: لە سەر ئاستی خەڵك.
پێویستە خەڵكەكەی كوردەواری ئەوەی باش لەبەرچاو بێت، بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە بێزراو قورسە، شێوازی مامەڵەی ناتەواوو ناهاوسەنگە.! چونكە خەریكە رقی دروستكراوی لەدەسەڵات، وایلێكردوە بیری بەلای مەترسیەكانی كۆرۆناوە نامێنێ!! راستە دۆخەكە بێزاركەرە، دەبینێ كە حكومەت ئەوی قەدەغەی دەكات كارو كەسابەت و جموجوڵی خەڵكی رەشوروتەو خزاندنیانە لەماڵ و بێ بەدیل، ئەوەی رێگەی پێدراوە هاتوچو بكات مامەڵەی بازرگانی و قۆرخی بەردەوامی ریگاو بان و سنورەكانە بۆ كۆمپانیا حیزبیەكانی خۆیان، ئەوەی فركان فركانی هەمیشەییەتی و خەریكی ساغكردنەوەی كالای ئەم و ئەوی بیگانەیە بی گویدانە كۆرۆنا؟!! ئەوە چاوساغەكانی حیزب و بەردەسەكانی دەسەڵاتن!!  لەمەش خەڵكی كوردەواری كورد واتەنی ئەو ئیدیۆمەی بەسەردا سەپاوە (بابێ باران بێ هەر لەبەفر دەچێتەوە!!). بۆیە لەم دۆخەدا خەڵكی كوردەواری خەریكە شەری خۆكوژی دەكات، ئەم دیدو تەماشەیە مەترسی كۆرۆنای بیر بردوەتەوە، كەئەمەش كردەیەكی نا ئەخلاقیەو پێچەوانەی چاكەی گشتی لێدەكەوێتەوە پانتایی بۆ مەترسی خۆكوژی فراوان دەكات.

سێیەم: راگەیاندنەكان..
لەراستیدا راگەیاندنی كوردەواری ئەركێكی هەنوكەیی و گەورەو چارەنوسسازی لەسەرشانە، پێویستە ئیمرۆ ئەوانیش زیاتر ئاكاریانەو مامەڵە بكەن و ئیتیكی رۆژنامەوانی بە ئەندازی قورسی و نالەباری دۆخەكە جێ بەجێبكەن. ئیمرۆ ئەوەی زیاتر چاكەی گشتی لێدەكەوێتەوەو رادانی مەترسی گەورەیە لەسەر خەڵكی كوردەواری ئەوە لەبەرچاو بگرن، كە من پێم وایە هەندێ لەراگەیاندنەكان وەك پێویست لەم روەوە كاریان كردوە، نە ئەوەیە وەك هەندێ تیڤی پارتی دەسەڵات كە خەم و پێویستی رۆژانەی خەڵكیان لە بیر چووبێت و حیزبیانە مامەڵە بكەن و تەنها شاشەكە پربكەن لە بریارەكانی حكومەت و گەورەكردنی ژمارەی توشوبوانی كۆرۆنا، لەولاوە بەرپرسیاریەتیە یاسایی و ئەخلاقیەكانی حكومەت و كەمتەرخەمیەكانی وون بكەن ، یان بەپێچەوانەوە وەك هەندێ تیڤی  بەناو ئۆپۆزسیۆن تەنیا چاویان لەسەر هەڵەو پەڵەو كەمتەرخەمی حكومەتەو خەریكە مەترسی كۆرۆنا لەبیر خەڵكی دەبەنەوەو كۆمەڵگا لە ئافاتە گەورەكە نزیك دەكەنەوە.

دواجار كۆرۆنا پرسێكی تەندروستی گەورەیە، بەرپرسیاریەتێكی ئەخلاقی لە سەرتاك بەتاكی كوردەواری داناوە، كەهەوڵی خۆپارێزی و رەواندنەوەی ئەو مەترسیەیە كردوە بە ئەرك لەسەرشانمان، چونكە كۆرۆنا هەرەشە لەمان و نوكی خامە لەسەر ژیان و مێژوومان و پرسیار لەسەر مرۆڤ بوونمان دادەنێت.

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی