بەدیل چیە؟

26/06/2020

ئارام سەعید

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قوڵدا تێپەردەبێت خەڵکیکی زۆر بروایان بە چارەسەری حزبە سیاسیەکان نەماوە، حزب لە کوردستان و عێراقیشدا بۆتە قەوارەیەکی بێزراو، خەلک بروای بەوە نیە حزب چارەسەری ئەم کێشانە بکات،بەگشتیش هەموو کەس مەرج نیە حەز بەبەشداری حزبی و سیاسی بکات. بۆیە خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام خۆپیشاندان و نارەزایی دەربرینیش ئەگەر رێکخراو نەبێت ئەوا چارەسەری پێ ناکریت و ناگاتە ئامانج.
ئەزمونی زۆر لە وڵاتان ئەوکاتانەی خەڵک هیواو ئومێدی بە حزب نەماوە بەدیلی تر تاقیکراونەتەوە کە زۆربەیان سەندیکاکان رۆڵیان بینیوە، لە غیابی حزبدا سەندیکا دەتوانێت رۆڵی گرنگ ببینێت، لە نمونەی سەندیکاکان (پۆڵەندە-سەندیکای سۆلیداریتی کە لە ساڵی ١٩٨٠ مانگرتنی گشتی راگەیاند)، تونس ( سەندیکای گشتی کاری تونس UGTT وەک سەندیکایەکی سەربەخۆ رۆڵی گەورەی بینی لە چاودیری و ئاراستەی دیموکراسی تونس) توانیویانە کاریگەریان هەبێت. ئەندامانی ئەو سەندیکایەبوو کە یارمەتی بوعەزیزیان دا و رەوانەی نەخۆشخانەیان کرد و هەر ئەوان گوشاریان دروستکرد بۆ خۆسوتاندنەکەی بوعەزیزی و دواتر مانگرتنی گشتیان راگەیاند. دوا خۆپیشاندانی سودانیش کە عومەر بەشیری لەسەر کارلابرد کۆمەڵەی پیشەوەرانی سودان رۆڵێکی گرنگی بینی لە سەرەتادا.
لە هیندستان ساڵی ٢٠١١ نارەزایەتیەکی گەورە لەسەر گەندەڵی دروست بووبەناوی (هیندستان دژی گەندەڵیی the India Against Corruption (IAC)) هەرچەندە نارەزایەتیەکان زۆر بون بەڵام نەیتوانی کێشەکان چارەسەر بکات تا دواتریەکێک لە دامەزرینەرانی ئەو نارەزایەتیە بەهاوکاری هاوڕێەکی حزبێکیان پێکهێنا و بەشداری هەڵبژاردنی ٢٠١٣ی کرد و لەئەنجامدا حزبەکەی توانی لە دلهی ببێتە دووەم حزبی سیاسی.
بەڵام وڵاتانی تری عەرەبی وەک سوریا و لیبیا و یەمەن نەیانتوانی سیستمەکە بگۆڕن و شەڕی ناوخۆیان دروستکرد. لەبەغداش لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە خۆپیشاندانەکان بەردەوامەو شارەکانی باشوریش بەهەمان شیوە، بەڵام هێشتا ئەو خۆپیشاندانانە سەرەرای چەند دەستکەوتێک و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران هێشتا نەیتوانیوە حزبەکانی پێشوو لەدەسەڵات دوور بخاتەوە و هیچ سەرکردەو حزبێکی نوێ لەهەناوی ئەو خۆپیشاندانانەوە نەهاتۆتە دەرێ و سەندیکاکانیش نەبونەتە سیمبولی گەورەی خۆپیشاندانەکان. وەک چۆن هێلەک زەردەکانی فەرەنساش نەیانتوانی ئەنجام بەدەست بهێنن.
لە کوردستان سەندیکاکان بەهۆی دەستوەردانی حزبەوە لاواز کراون و کەمتر کاریگەریان لەسەر خەمی گشتی خەڵک هەیە! نارەزایەتیەکانیش هێشتا عەفەوین و بەدامەزراوەیی نەکراوەو خاوەنداری دیار نیە. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئەگەر لە هیندستان نارەزایی دەربرین حزبی سیاسی لێ بەرهەم هاتبێت و کاریگەری هەبوبێت و لە تونس و پۆلەندا سەندیکا ئەو بەدیلە بوبیت بۆ حزب ، لە کوردستان بەدیل چیە؟ چونکە ئەگەر بەدیلێک نەبێت ئەوا ریگا چارەی توندو تیژی جێگەی دەگرێتەوەو ئەویش بەئاقاریکی خراپتردا دەیبات و نابێتە چارەسەر.
ئایا سەندیکاکان دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن و خۆیان رزگار بکەن لە کۆت و بەندی حزبیی و ببنە نوینەری خەلکی نارازی؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی