دەزانم تاڵە، بەڵام ئەمەیە راستیی دۆخی سلێمانی

27/06/2020

ئاراس برادۆستی

ئەوەی دەیخوێنیتەوە پزیشکێک بە بیرێکی پزیشکییەوە نوسیوییەتی، جیاوازیی نێوان رەنگ، دەنگ، ئینتیما، ئایدیۆلۆژیا و جوگرافیای نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان لای من گرنگ نییە، دروستە سەرەتای خوێندنی پزیشکیم لە سلێمانی دەستپێکردووە، نزیکەی دوو ساڵ لە شارە حەیاتەکە ژیاوم و سلێمانی تێکەڵی رۆح و خوێنم بووە، هاتووچۆ و تێکەڵاوی لەگەڵ سلێمانی بووەتە بەشێکی زیندووی ژیانی من، بۆیەش ئەمجارە کە لەم دۆخە سەختەدا چوومەوە سلێمانی باشتر هەستم بە ئازارەکانی کرد.
 
چوومە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی، چەندین کەسم بینین کە داوایان دەکرد فریایان بکەوین، یەکێکیان هەموو هەوڵی خۆی دەدا هەناسەیەک بە دڵی خۆی هەڵمژێت و نەیدەتوانی، ئارەقەیەکی زۆری کردبووەوە و کۆکەکەشی هەراسانی کردبوو، هێندەی دەنگی دەهات داوای ئۆکسجینی دەکرد، پەرستارەکان خێرا گەیشتن پێی و دەستیان بە رێکارەکانیان کرد.
 
لە بەر دەرگە خەڵک ریزیان بەستبوو بۆ ئەنجامدانی پشکنین، بەڵام هەموویان پشکنینیان بۆ ئەنجامنادرێت چونکە ئیدی دۆخەکە لەوە تێپەڕیوە کە پشکنین بۆ هەموو کەسێک بکرێت.
 
د. زانا حەمید کە پسپۆڕییەتەکەی لەسەر کۆرۆنایە و لە بەریتانیا هاتووەتەوە پێیگوتم کەسێک نیشانەی کۆرۆنای هەبێت دڵنیاین کۆرۆنایەتی ئیتر پشکنینی بۆچییە؟ ئەو پیاوە کوردە کە بە خۆبەخشی کاردەکات دەڵێت: نزیکەی لە %70ی ئەوانەی پشکنینیان بۆ دەکەین پۆزەتیڤ دەردەچن، ئەمەش دەرخەری ئەو راستتییەیە کە لەنێو سلێمانیدا تووشبووی کۆرۆنا یەکجار زۆرن.
 
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت پشکنین بۆئەوەیە دووژمنەکەمان کە کۆرۆنایە بدۆزینەوە، بەڵام ئێستا کۆرۆنا لەنێو ماڵەکانماندایە و پێویستیمان بە دۆزینەوەی نییە!
 
د. هادی عوسمان ، سەرپەرشتیاری رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایە لە سلێمانی، گەنجە، پڕ وزە و سادەیە و هەموو کاتەکانی ژیانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردووە پێیگوتم ئەو ژمارەیەی لەبارەی تووشبووانی کۆرۆناوە رایدەگەیەنین کەمترە لە نیوەی ژمارە راستەقینەکە، کاژێر 11ی شەو بوو لە نەخۆشخانەی شار بووین، د. هادی بە خێرایی کارەکانی رادەپەڕاند و هیچ هەستم نەدەکرد 15 کاژێرە کاردەکات، گوتی دووهێندەی ژمارە راگەیێندراوەکان بە سیتی سکان دەستنیشاندەکەین و بەشێکیش بێ پشکنین دەنێرینە ماڵەوە بۆئەوەی لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەگەڵ من خەریکی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خەڵک بوو کە لە ڤایبەر و مەسنجەر داوای هاوکارییان لێدەکرد، ئەو رۆژە 206 کەس وەک تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی راگەیێندرابوون، د. هادی پێیگوتم ئەمڕۆ نزیکەی 300 کەسی دیکەمان بە سیستی سکان دەستنیشانکردوون بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئەوانە ریکۆردناکات کە بە سیتی سکان دەستنیشاندەکرێن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری دیکەش دەنێرینەوە چونکە ئاشکرایە کۆرۆنایان هەیە و یەکسەر دەیانخەینە سەر چارەسەر لە ماڵەوە،  ئینجا حیسابی خۆت بکە ئەو رۆژەی کە 200 تووشبووی نوێ لە سلێمانی هەن، ژمارە راستەقینەکە سێ بۆ چوار ئەوەندەیە!
 
سلێمانی لە دۆخێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی ئیتر ژمارەی بەلاوە گرنگ نییە، هاوڕێیەکم کە پزیشکێکی هاوپۆلمە و 15 ساڵ پێش ئێستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی بەیەکەوە دەمانخوێند، قسەم لەگەڵی کرد و لێیم پرسی لەو 9 کەسەی ئەمڕۆ بە کۆرۆنا مردن چەندی لە نەخۆشخانەکەی ئێوەبوون؟ گوتی 9 کەسی چی؟ ئەمڕۆ تەنیا لە نەخۆشخانەکەی ئێمە تاوەکو کاژێر4ی ئێوارە 14 کەس بە کۆرۆنا مردوون، ئەمە جگە لە نەخۆشخانەکانی دیکە، ئێستا ژمارەی مردووانیش لە سلێمانی زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، بەڵام ئیدی ژمارە بایەخ و کاریگەریی نەماوە، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی رزگارکردنی خەڵک بە گرنگتر لە راگەیاندنی ژمارە دەزانن.
 
کێشەی کەمی ئۆکسجین هەیە، پابەندنەبوونی بەشێک لە خەڵک گرفتێکی یەکجار گەورەیە، لایەنی سیاسی هەیە بە هەموو هێز و کاریگەرییە میدیاییەکەیەوە خەریکی نەهێشتنی متمانەی نێوان خەڵک و کەرتی تەندروستییە، ئەمە لەپێناوی کێبڕکێکردنی دەسەڵاتە بەلاشیەوە گرنگ نییە "یان نایزانێت" لەو نێوەندەدا چەند هەزار کەس دەبنە قوربانی، د. سەباح هەورامی لەو بەرنامەیەدا کە لەگەڵ خۆی و تیمەکەی ئەنجاممدا زۆر بە روونی گوتی "حیزب هەیە بەلایەوە ئاساییە سەتان هەزار کەس بمرن تەنیا لەپێناوی ئەوەی حکومەت عەیبدار بێت یان بڕوخێت"، ببینن تەنانەت لە کۆرۆناش خەڵکی سلێمانی قوربانیی ململانێ سیاسییەکانە.
 
واز لە نەخۆشخانەکان بێنە، شەو پیاسەیەکی سەهۆڵەکەی سلێمانیم کرد بۆئەوەی ببینم ئایا لە شەقامێکی وادا ژیان ئاساییە؟ کە گەیشتم بە وردی سەیری هەموو شتێکم دەکرد، هەستم کرد لە شارێکی دیکەم، ئەوەی من لە نەخۆشخانەکان بینیم هیچ رەنگدانەوەیەکی نەبوو لەو شەقامە قەرەباڵخەی سلێمانی، لەو هەموو گەنجەی لەوێ بینیمن تەنیا شەش کەس ماسکیان بەستبوو، تێکەڵ و نزیک لەیەکدی وەستابوون و دانیشتبوون، من دڵنیام لەنێویاندا تووشبووی کۆرۆنا هەیە و دەیگوازنەوە بۆ یەکدی، کاتێکیش لەو گەنجانەوە کۆرۆنا دەگوازرێتەوە بۆ کەسوکاری نەخۆش و بەساڵاچوویان کارەسات روودەدات، بەڵام ئەوکاتە کەس فریای خۆشەویستانیان ناکەوێت.
 
هێشتا بەشێک لە گەنجان کۆرۆنا بە پلانی دەسەڵات دەزانن بۆ لەبیربردنەوەی دواکەوتنی مووچە، هێشتا هەندێک لە هاونیشتمانییان بۆ "یاخیبوون لە حکومەت و تۆڵەسەندنەوە لێی" ماسک نابەستن و خۆشیان ناپارێزن.
 
مووچە دواکەوتووە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی پزیشک و کارمەندی تەندروستی مان بگرن، ئەمە گرفتێکی دیکەی بۆ کەرتی تەندروستی دروستکردووە، بەڕاستی ئەگەر نەچووبیتە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا نازانیت چ کارەساتێک رووی لەو شارە جوان و زیندووە کردووە.
 
من لە سیاسەت نازانم و ئیشی منیش نییە، بەڵام دەرهاویشتەکانی سیاسەت لەسەر تەندروستی هاونیشتمانییانی سلێمانی بەڕوونی دەبینم، هەندێک لە سیاسییەکان لەپێناوی گەیشتن بە مەرامەکانی خۆیان بەزەییان بە خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی سلێمانی دا نایێتەوە و تەنانەت سوودیان لە پرسی کۆرۆناش وەرگرتووە، بۆشایی دارایی و تەندروستییان ئیستیغلال کردووە بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی سیاسی، بەڵام لەسەر حیسابی تەندروستی خەڵکی ماندوو و شەکەتی سلێمانی.
 
سلێمانی ئێستا جارێکی دیکە قوربانییە، قوربانیی دەستی ململانێ سیاسی و حیزبییە بەرتەسکە ئەزەلییەکە، ئەمە بێهیواییەکی زۆری بۆ پزیشک و تەندروستکارە دڵسۆزەکانی شار دروستکردووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە د. سەباح هەورامی بە هێمنییەکی زۆرەوە پێیگوتم "هەر کەسێک لە شوێنی من بووایە دەمێک بوو خۆی کوشتبوو"، ئەو پیاوە هاوڕێمە و لە نزیکەوە دەیناسم، دەزانم هێندە بەهێز نەبووایە ئەگەر خۆشی نەکوشتایە دەستیلەکاردەکێشایەوە.
 
وەک پزیشکێک، وەک راگەیێندنکارێک و وەک هاونیشتمانییەکی کوردستان کە دیمەن و وێنا گەورەکەی سلێمانی دەبینم دڵم دەکات بە ئاو، سلێمانی شایەنی پاڵپشتییەکی زیاترە، لەڕووی بڵاوبوونەوەی خێرا و چڕی کۆرۆنا، سلێمانی نزیکترین شاری کوردستانە لە ووهانی چین، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە چین بە هەموو تواناکانییەوە پاڵپشتیی لە ووهان کرد و تەنانەت لە دوو رۆژدا 42 هەزار پزیشک و پەرستاری لە سەرتاسەری چینەوە ناردە ووهان، بەڵام سلێمانی بێهێز، بێمووچە، بێناز، بێ پشت و پەنایە و لەنێو ئازارەکانیدا دەتلێتەوە، تکایە فریای سلێمانی بکەون..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی