شکستی دەسەڵاتی کوردی و ستراتیجە جیاوازەکان

28/06/2020

رابوون مەعروف

وەك بەرئەنجامی شکستی سەرتاسەریی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا سێ پێشنیار و ستراتیج خراونەتە رو:
یەکەم: تەسلیمبون بە ئەمری واقیعی ئێستا و سازش و سەودا لەگەڵ بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم. گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان نوێنەرایەتی ئەم ئاراستەیە دەکەن. بۆیە بژاردەی سیاسی ئەو ھێزانە ھەڵکردنە لەگەڵ پەرلەمانە کارتۆنیەکەی کوردستان و دەنگە دەنگ و ژاوە ژاوی بێڕوئیا و بێستراتیج. ئەم ھێزانە چاوەڕێن ئەگەر خەڵك خۆی سنگی نا بە گولەی ھێزە سەرکوتگەرەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە، ئەمان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵك ببن و لە پشتەوەی پەردە سەودای پێوە بکەن.

دوەم: تەسلیمبون بە ناحەزانی لەمێژینەی گەلی کوردستان و دۆزە رەواکەی. ئەم ئاراستەیە، پەرچەکردارێکی شەعبەویی بێڕوئیایە و بەرئەنجامی توڕەبونێکی جەماوەری فراوانە لە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم. لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی دۆزی رەوای گەلی کوردیان دۆڕاندوە و کردویانە بە قوربانیی بەرژەوەندی کۆمەڵێك بنەماڵە و كۆمپانیای چاوچنۆك، ئەم ئاڕاستە شەعبەوییە ھەر بڕوای بە رەوایەتی دۆزی کورد نەماوە.
سێھەم: کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە سیاسییەکان بۆ رزگارکردنی کێشەی کورد، نەك دۆڕاندن و لەدەستدانی. ئەوە پەیام و ئامانجی ئەو ئاراستە سیاسییەیە کە ئێمە و ھاوڕێکانمان سەرکردایەتی دەکەین. ئێمە پێداگیری دەکەین کە دەسەڵاتی بنەماڵەکان لە ھەرێم توانای چاکسازی لەدەستداوە و تەنھا رێگە و دەرچە بەرە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی سیستەم و پرۆسەی سیاسی، کۆتاییھێنانە بە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی گروپە دەستڕۆیشتوەکانی ناو پارتی و یەکێتی. ستراتیجی ئێمە بۆ رزگار کردنی کێشەی کورد و راستکردنەوەی ئومێد و بنیاتنانەوەی سیستەمی سیاسییە، نەك پشتکردن لە کورد و راکردن و راکشان لە باوەشی ناحەزانی گەلی کوردستان و دۆزە رەواکەی.

لە ناو زۆنگاوی شکست و کەوتن، ئێمە ئاراستەی ئومێد و ھەڵسانەوەین. بە پێچەوانەی حیزبەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە نەك ھەر تەسلیمی ئەمری واقیعی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان نابین، بەڵکو لە دیدی ئێمەوە تەنھا دەرچەی رزگاری کۆتاییھێنانە بە دەسەڵاتی ئەو بنەماڵانە.

ئێمە بانگەواز بۆ کۆتاییھێنان بە سیستەم و دەسەڵاتی ئێستای ھەرێم دەکەین، نەك دۆڕاندن و لەدەستدانی وڵات و نیشتیمان و دۆزی رەوای گەلەکەمان. ئامانجی ئێمە رزگار کردن و سەرکردایەتیکردنی دۆزی کوردە بەرە و کەنارێکی ئارام نەك پشتکردنە کورد و گەلی کوردستا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی