جاشایەتی لەمەزاجی حیزبدا!

02/07/2020

دلێر محەمەد نوری

كێ بیری نەماوە بیری بخەنەوە، كە مامۆستا و فەرمانبەری دوای ڕاپەڕین، بە بێ ئەوەی كەس تەكلیفی كوردایەتی لێ كردبێت، چاكەتی بەری خۆی فرۆشت و وەكو دەستگێڕ جگەرەی تاكی بە قوتابی خۆی فرۆشت. لە گرانیی دوای ڕاپەڕینیش گۆشت فرۆشەكانی نێو بازاڕ وەكو توانجێك هاواریان دەكرد كیلۆی ئێسقان بە هەرزان بۆ مامۆستا. هەر لە ژێر دروشمێك كە مامۆستا و فەرمانبەران خۆیان داهێنەری بوون وبە بێ ئەوەی حزب تەلقینی پێ كردبن و دەیانووت (سەر دانانەوێنین بۆ مووچە) بە بێ مووچە لە خۆشەویستی سەركردەی خاكیی و پێشمەرگەی برسیی، پێ بە پاتەی لاستیكەوە، هەموو ڕۆژێك بە بێ ئەوەی چركەیەكیش لە قوتابی و هاوڵاتیان دوابكەون،  نە ئەرك و نە فەرمانی سەرشانیان  بەجێ نەهێشت،  نە ڕۆژێكیش داوای قروشێكیان لە حكومەتی باوك كرد و باوەشی دایكی نشتیمانیشیان بە هەناسەی سارد گەرم ئەكردەوە و وێنەی شەهید كانی شۆرشیشیان بە دیواری داڵان و ماڵانەوە، تین و تاوی دەدایە بیر و هۆش و جۆش و خرۆشی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ كارەكانیان. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەی حكومەتی ساوا سەر پێ بكەوێ و سەر بۆ بێگانە و دوژمنیش دانەنەوێنێت.

چی لەوە ناخۆشترە لە بری گیرفانی خۆت، دەست بكەی بە گیرفانی بێگانەدا و لە جیاتی باوكی خۆت دەست لە باوكێكی كە پان بكەیتەوە و لە باوەشی دایكی نشتیمانەوە بۆ گەرمی لە باوەشی دایكێكی بێگانەدا بگەڕێی؟ دواجار چی بكەیت، كاتێ حكومەتی باوك نابەرپرس بێت و دەستێكی لە هەناوی خاك و دەستێكیشی لە گیرفانی تۆ بێت و دایكێكیش لێوی بە بار و باوەشی تەزیو بێت وەكو هەناسەی سارد؟ تۆی مامۆستا یان فەرمانبەریش بە كۆشێك مناڵەوە كە زیتەی چاویان لە قەپات و بندیوار و سەردیواری حزب و حكومەت بێت؟ لە مەزاتخانەی چ سیاسەتێك ئەم سەودایە بازاڕی وەها گەرمە؟ تۆ برسی دەستی تێرێك بیت وكوشتەی دەستی بكوژێك بیت و هێشتا ئەویش بە تۆ بڵێت هەی بێگانە پەرست، هەی خائین، هەی جاش، چۆن منی دەسەڵاتداری تێر و پۆشتەی باوكی خۆت ئەگۆڕیتەوە بە باوكە بەغدای بێگانە.

لە كاتێكدا سەرۆك و دەسەڵات و سەركردە و حزب هەمیشە تەباخیان بە گڕ بێت و ماڵ و مناڵیان لە ستانداركەی دوای تەندەر و دوای تاڵانی و دوای دەرهێنانی نەوت و غاز بۆ چركەیەكیش كەم و كورتی نەهێنا بێت. منیش، منی مووچەخۆر لە بەر هاواری مناڵی بێ ناز و برسی و لە حەسرەتی گیرفانی بەتاڵ و سەلاجەی بەتاڵ و تەباخی بێ گڕ، داوای مووچە لە هەمان شوێن بكەم كە دەسەڵات خۆی كەوتووە بە سەر ناز و نیعمەتیدا، ببم بە جاش دە با هەر جاش بم جاش.

دلێر محەمەد نوری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی