چاكسازییەك بەتامی گەندەڵی

04/07/2020

لوقمان حاجی قادر‌

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نموونە
چاكسازی لە بنەچەدا كردەیەكی سەراپاگیری گۆرانكارییە بۆ گەیشتن بە دۆخێكی باشتر لەوەی ئێستا هەیە. كردەیەكی دیدگا فراوان و زانستی و بابەتییە، ئامانجەكەشی بە گوێڕەی پلانی ئەو دامەزراوەی ئەنجامی دەدات، دوورمەودا و مامناوەند و كورت مەودایە.

كردەی چاكسازی پێداویستییەكی مرۆییە و لەدیڕزەمانەوە پەیڕەوكراوە، جا چ  كەسە ڕاستەقینەكان یان كەسە مەعنەوییەكان بیكەن، ئاڵۆزی و بەیەكداچوونی كردەكەش دەوەستێته ‌سەر ئەو لایەنەی ئەنجامی دەدات، بۆ تاكەكان ئاسانتر و سادەترە و بۆ كەسە مەعنەوییەكانی وەك دامەزراوەكانیش ئاڵۆز و سەختترە.

ئەم پرسە لە چوارچێوەی دەزگا نێودەوڵەتییەكاندا و بە تایبەتیش نەتەوە یەكگرتووەكان، گرنگییەكی گەورەی هەیە و دەچێتە چوراچێوەی‌ ئامانجەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، لەسەر خێزانی نێودەوڵەتیش پێویستە بە كۆمەڵ بەشداری تێدا بكەن، چونكە ئەركێكی مرۆییە و پەیوەستیشە بە سەرجەم كایەكانی ژیانی ئێستا و ئایندەی مرۆڤ لەسەر زەوی.

بۆ سەركەوتنی كردەی چاكسازی دەبێت ئەنجامدەرانی خاوەن پلانێكی ستراتیژی زانستی بابەتی بن كە گوزارە لە بەرژەوەندی گشتی بكات، ئامانجی كۆتاییشی بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی تاكەكان بێت. دەبێت كردەكە دۆخی ئێستای تاكەكان باشتر بكات و زیانیش بە دۆخی ئایندەییان نەگەیەنێت، نەك هەر خۆیان، بگرە دەبێت ڕەچاوی نەوەكانی ئایندەش بكات كە لە دوورمەودا زیانیان پێنەگات، دەبێت كردەكە بە باشی وەبەرهێنان لە توانستە مرۆیی و ماددییەكاندا بكات و چۆڕەبڕیان نەكات، بە دیدێكی ئابوورییانەی مرۆییەوە دەست بداتە ئەو پرسە و زێدەڕۆیی تێدا نەكات، توانستی هەمووان "تاك و دامەزراوەكان" بخاتەگەڕ و هەریەك بە ڕۆڵی خۆی بەشدار بێت لە پڕۆسەی بڕیارسازی ئەو كردەی چاكسازییەدا.

لە هەمووش گرنگتر ئەوەیە ئەو كردە چاكسازییە بە گوێرەی بنەما و پێودانگە زانستی و بابەتییەكان ئەنجام بدرێت و لەژێر ڕۆشنایی پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ پەرەپێدان بەڕێوەبچێت كە لە ساڵی 2015 پلانی بۆ دانراوە و بنەماكانیشی دیاریكراون.


ئەمەی لەسەرەوە باسكرا، بنەما ڕاست و دروستەكەی چاكسازییەكی ڕاستەقینەی‌ بەرهەمداری سەراپاگیرن كە دەتوانن لە دۆخێكەوە بمانگوازنەوە دۆخێكی دیكەی باشتر بۆ مسۆگەركردنی ئایندەیەكی باشتر لە ئێستا. 

سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش،‌ دەمێكە بە هۆی خراپی فەرمانڕەواییكردنە خۆماڵییەكەیەوە - كە زیاترە لە چارەكە سەدەیەكه- ئەو چەمكەی تێدا‌ دەركەوتووە و قسە و باسی زۆریشی لەبارەوە كراوە و دەكرێت، باس و خواسەكانیش ووردە ووردە‌ ‌لە هەڵكشاندان و‌‌ لە ئێستاشدا گەیشتۆتە چڵەپۆپە.
 
ئێمە لێرەدا باس لە چاكسازی دامەزراوەیی دەكەین، ئاخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستی بووە چاكسازی بكات، هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ ناوە، ئەگەر وڵامەكە بەڵێ یە، ئاخۆ لەو كردەیەدا ڕەچاوی بنەما زانستییەكانی چاكسازی كردووە، یاخود هەر لە بنەچەدا دروشمێكی كاتی بووە بۆ گەوجاندن و خافڵاندنی تاك و كۆمەڵگا، بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزاییەكان خەڵك و پەردەپۆشكردنی كەموكوڕییەكان و درێژەدان بەو حوكمڕانییە ناتەندروستەی لە ئێستادا هەرێمەكەی خستۆتە سەر لێواری هەڵدێرانێكی یەكجارەكی.

بێگومان وڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بۆ هاوڵاتییەكی كوردستانی هەرێم قورس و گران نین، بگرە لە هەركەسێكیش بپرسی پێت دەڵێت ئەو پڕۆسەیە لە هەرێمدا زۆر لاواز بووە و بوونێكی بەهێزی نەبووە، چونكە لە قۆناغێكی دیاریكراودا نەبێت دەست بۆ چاكسازی نەبراوه،‌ ئەوەی دیكە بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و درێژەدان بە تەنگژەكان بووە.

ئەگەر بەوردی سەرنجی گوتار و ڕەفتارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەن بە تایبەتیش لە دوو كابینەی كۆتایدا، لەمەڕ ئەو چاكسازییەی بالۆرەیان بۆ لێدەدا و لەگەڵ سەرهەڵدان و گەورەبوونی تەنگژەكاندا دەیانكردە‌ بنێشتە خۆشەی سەر زار و زمانان، بە ڕوون و ئاشكرایی دەردەكەوێت كە لەم پڕۆسەیەدا ڕاستگۆ نەبوون و نیازی چاكسازی ڕاستەقینەیان نەبووە، بگرە تەنها بۆ كات كوشتن و خافڵاندن و گەوجاندنی خەڵك بووە و كەمترین بنەماكانی بابەتی ئەو چەمكەی تێدا نەبووە، هەرگیزا و هەرگیزیش خاوەن دیدگایەكی سەراپاگیری ستراتیژی نەبووە، بەدوور بووە لە چوارچێوەی ئامانجە‌ مرۆییەكانی چاكسازی كە بنەما سەرەكییەكەی " بەرزكردنەوەی‌ ئاستی خۆشگوزەرانی تاكەكان و زیان نەگەیاندنیشە بە ئایندەیان" .

ئەوەی لە ئێستاشدا كابینە تازەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  بانگەشەی بۆ دەكات، دوور و نزیك پەیوەندی بە چاكسازییەوە نییە، كردەكە سەرتوێییە، چونكە نە بەلای سیستەمی پەیكەربەندی گەندەڵیدا دەڕوات و نە دەستیشی بۆدەبات، پڕۆسەكە پینەوپەرۆیەكی كاتییە، بگرە بنەما سەرەكییەكەشی دەستدرێژیكردنە بۆ سەر ماف و شایستە داراییەكانی موچەخۆران و چاوپۆشینیشە لە موچە و زێدە مافی ناشەرعی بندیوارەكان؛ ئەوانەی بەدەر لە هەموو یاسا و ڕێسا ئاسمانی و زەمینییەكان، چەندەها ساڵە بە ناهەق پارە لە بودجەی گشتی هەرێمەكە دەبەن. بۆیە ئەم چاكسازییەی باسیشی لێوە دەكرێت، مەڵۆیەكی دیكەی گەندەڵی حكومەتی هەرێمە‌ كە خەرمانە گەندەڵكارییەكەی پێشووی گەورەتر و فراوانتر دەكات. 

لوقمان حاجی قادر‌


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی