ترس....وەیشومەیەك بۆ مرۆڤ و كۆمەڵگە

05/07/2020

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

ترس زیاتر وەك بابەتێكی سایكۆلۆژی باسكراوەو خراوەتە ڕوو، بەوەی كە دیاردەیەكە خۆی لەناو تاكدا رەنگدانەوەی هەیە، بەمانا دەركەوتەی دەروونی و رەفتاری لەسەر ئاستی تاك زیاتر بەرچاوە، چونكە وەك كێشەیەكی باو لەنێو هەموو تاكێكدا بوونی هەیە، بەوپێیەی هەموو تاكێك شتێك لە ژیان و چواردەوریدا هەیە كەلێی بترسێ، دەكرێت كەسێك لەمردن بترسێ، دەشكرێ هەبێت لەتەنهایی بترسێ، دەكرێ لەوەبترسێ كەسێك كە لەلای ئەوانی تر جێگەی رەزامەنی و پەسەندی نەبێ، یان بترسێت لەوەی كەبەناوبانگ نەبێ، یان قسەكانی و گوتەو نوسینەكانێ جێگەی بایەخ نەبن، یان بترسێ لەوەی كە بەربەست لەبەردەم خواستێك یان ئامانجێكی دابنرێت و نەتوانێت پێی بگات، خۆ ئیتر ترس لە دەستدانی مادی و یان ترس لە ئاسایشی ئابوری و خۆراك و ئاسایشی سیاسی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و هتد. دیارە هەموو ئەو پێشبینی مەترسی لەسەر ئەو بوارانە بۆخۆی بەترس دێتە هەژمار.

لێرەوە (ترس: پێشبینكردنی شتێكی نەخواستراوی  ( زیانبەخش یان  ئازاردەر یان لەسەردڵگران یان هەرچی كەمرۆڤ پێی ناخۆشە )ە! كە مرۆڤ پێشهاتن و كاتی روودانی لەلایەن خۆیەوە توشی دڵەراوكێ و بەڕاڕاییەوە خەریك خۆئامادەكردن وچاوەروانیكردنیەتی!.

ترس بەوپێیەی كە لەلایەن مرۆڤ و بونەوەرە زیندوەكانەوە بوونی هەیەو بەشێكی دانەپچراوو هەمیشە ماوی نێو مان و ژیانییانە ناكرێت بڵێی ترس هەڵگری قازانج نیە وەك چۆن ناشكرێت بوترێت زیادەرەوی تیایدا مەترسیدارو زیان مەند نیەو كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان دانانێت بەتایبەتی مرۆڤ، بەو مانایە ترس هەڵگری خاڵی پۆزەتیڤ ونەگەتیڤە ! كە ئێمە لێرەدا سێ خاڵی نەگەتیڤی باس دەكەین كەوەك خۆرە كاریگەری دادەنێت.

یەكەم :ترس فاكتەری تێكدانی خۆشیەكانە.. بەهۆی ئەوباكگراوندە ناجێگیرو نائارامەی كە ترس دەیكاتە میوانی دەروون وناخی تاك وكۆمەڵگە، بارودۆخێك دەهێنێتە ئاراوە كەتیایدا خۆشیەكان مەولەق دەكات و ئاسودەیی دەتۆرێنێت وپەردەی رارایی وشڵەژان وپەشۆكاوی بەسەر هەستەكانی مرۆڤ دا دەدات.  بەمەش دەبێتە فاكتەرێكی نەرێنی كاریگەر لەسەر چێژو خۆشی و دەسكەوتەكانی مرۆڤ , بەڵام ئەمەی كەدەوترێت بەشێوەیەكی رێژەیی وجۆرو قەبارە وسەرچاوەی ترسەكە رۆڵدەگێرێت .لەپاڵ ئەوەشدا  تواناو ئیرادەی تاكو كەسی بەركەوتەی ترسەكە دۆخەكەی دەگۆرێت !ئەمەی كەوترا لەسەر ئاستی گروپ و كۆمەڵگاش هەر راستە.

دووەم : ترس رێگە لە دەركەوتنی حەقیقەت وەك ئەوەی كەهەیە دەگرێت!.

 بەوپێیەی ترس بەرگیرە لەبەردەم قووڵبونەوەووەستانی  هوشیارانەی زیاتری مرۆڤ لەسەر بابەتەكان و واقیع، هەروەها بەرگیرە لەبەردەم ئەوەی كە ئەوەی بینراوەو لەمەعریفەدایە بخرێتە ڕوو بۆهەموان ئیتر وەك فاكتەرێكی بەرگیر لەبەردەم راستەقینە دەوەستێـت و ناهێلێت ئەوەی هەیەو راستەقینەیە دەركەوتە بێت. بەمانا یەكێك لەخەسڵەتە خراپەكانی تری ترس ئەوەیە كە وەك پەردەیەك لەبەردەم راستیەكان خۆی نمایش دەكاتو هەستەكان كوێردەكات .!دیارە  كوێریەكی حەقیقی نا بەڵكو كوێربونێكی مەجازی ! كە ناهێڵێت وئەوەی لەبەرچاوانەو بنجی راستی بۆخۆی مسۆگەركردوە وەك خۆی دەربكەوێت. ئەم بارودۆخەش زیاتر لەكۆمەڵگەیەگدا دەردەكەوێت كە دیموكراسی بەرقەرار نەبێتو ترس وتۆقاندن وەك میكانزمێكی درێژەپێدانی دەسەڵاتی سیاسی وحوكمداری خۆی بنوێنێت ! لێرەداو لەم بارودۆخەدا( راستی و دارشتەكانی) لەبەر هێرشی ترسدا خۆیان ملكەچدەكەن و درۆدەلەسە و پیاهەڵدان و ئەوشتانەی لەگەڵ سەرچاوەی ترسەكەدا دێنەوە خۆیان نمایشدەكەن !

سێیەم : پەیوەندیە راستەقینەكان پەنادەدات و ئیرادەی مرۆڤ پێشێل دەكات
یەكێكی تر لەخەسڵەتەكانی ترس بریتیە لەدروستكردنی رقو كینەو نەهێشتنی خۆشەویستی و لەنێو ناخی تاكو كۆمەڵدا، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر سەرچاوەی ترسەكە مرۆڤ یان دەسەڵات بێ ! لێرەوە پەیوەندیە جوانو راستگۆكانی نێوان تاكو كۆمەڵگا خۆیان وندەكەن و پەیوەندیە دووڕو و دووفاقەییە بەرژەوەندیخوازە كورت تەمەنەكان سەرهەڵدەدەن و بوارێكی فراوان بۆماساوكردن و پیاهەڵدانەكان دەكرێتەوە، دەرگایەكی نوێ بۆ (سەرهەڵدانێكی هێمنانەی ژێربەژێرانەی پەیوەندیە نەگەتیڤەكان! ئەوانەی لەسەربنەمای رقو كینە دروستدەبن وكۆمەڵگە بەرەو دابەشكردن دەبەن)دەكرێتەوە..

ترس بەم شێوەیە لە هەرشوێنو كاتێك خۆی نمایشكرد ئیتر كەسی بەركارو پەیوەستكراو بەترسەكە ئیرادەی خۆی وەك ئیرادەیەكی بەهێزو خاوەن عەزیمەت ناتوانێت بنوێنێت!ئەوەش بەحوكمی جۆری ترسو سەرچاوەی ترسەكە .لێرەدا مرۆڤ وەك خۆی كەدەیەوێت خاوەن  هەڵوێستو راوبۆچونی تایبەت بەخۆی بێت ناتوانێت گوزارشت بكات!!و بەجۆرێك لەجۆرەكان ناخی ودەرەوەی ناتوانێت هاوسەنگ بكات ،هەربۆیەش   بێدەنگی زۆر جارهەڵدەبژێرێت تا درۆكردن و كورتهێنان لەراستی!!
ئەمە كورتەیەك بوسەبارەت بەخاڵە نەگەتیڤەكانی ترس !!بەڵام لەكۆمەڵگەیەكی گۆشكراو بە(ترس) ی وەك كۆمەڵگەی ئێمە كەكلتورەكەی نوقمی دارشتەكانی ترس بێت ، داخۆ تاكەكانی چەند قۆناغیان بەس بێت تا بتوانن سەرچاوەكانی ترس و هۆكارەكانی (ترس )ی دەرەوەی خۆیان كەنارگیربكەنو، ئەومیكانزمە مرۆڤانەیە بگرنەدەست تاوەكو خودی خۆیان لەو دۆخەی كەخۆیان ببنەوە سەرچاوەی ترس بۆخۆیان دەربازبكەن !!! .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە