هەڵسەنگاندنێك بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەت

11/07/2020

ئەبوبەكر هەڵەدنی

مانگ سەر لەئێوارە دیار بوو
بەدروستی پار ئەم كاتانە كابینەی نۆیەمی حكومەت لەبەردەم پەرلەماندا متمانەی پێدراو هەر ئەوی ڕۆژێ دوای تەواو بوونی كارنامەكەی رووبەروو بەبەڕێز سەرۆكی حكومەتم ووت( چاودێریت دەكەین بۆ جێبەجێ كردنی كارنامەكەت،بەڕێزیان ووتی هاوكاریمان بكەن،دووبارە ووتم چاودێری حكومەت وگوشاری یاسایی ومەدەنی بەپێی ڕێكارەكانی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان بۆ جێبەجێ كردنی كارنامەی حكومەت گەورەترین هاوكاریە).

دوای ئەم ساڵە ئەو (52) خاڵەی كارنامەی حكومەت بوو كە سەرۆكی حكومەت لەسەر ( ئاستی چاكسازی ،ئاستی خزمەتگوزاری، ئاستی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم  و ناوەند، ئازادی و دیموكراسی و پێكەوەژیان، پەیوەندیەكانی هەرێم لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئاستی ئابووری ودارایی،لەئاستی كارگێری) جگە (لەدەركردنی یاسای چاكسازی كە هێشتا گرەنتی جێبەجێكردنی وەك خۆی نیە) زۆربەی هەرە زۆری جێبەجێ نەكراون و لە چوار چێوەی بەڵێندا ماونەتەوە.

هەر چەندە بە ساڵێك هە ڵسەنگاندن بۆ كابینەیەك ناكرێ،بەڵام كورد واتەنی مانگ سەر لەئێوارە دیارە وسێ ساڵی تریش (تەرح)بێت ودڵنیام هەر ئەم پاساوانەی ئێستا دەهێنینەوە،هۆكاریش ئەوەیە(فەلسەفەی حوكمڕانی وعەقڵیەتی حوكمڕانی گۆڕانی بەسەردا نەهاتوە،،دەستی حزب دوور نەخراوەتەوەلەحكومەت،داهاتی ووڵات ئەوەندەی لەخزمەتی حزب وگروپ وكەسەكاندایە ئەوەندە لەخزمەتی گشتیدا نیە).

دوای ساڵێك لەتەمەنی حكومەت:
١/تائێستا سەرۆكی حكومەت سەردانێكی پارێزگاكانی سلێمانی وهەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان وڕاپەرین وئەوەندەی ئاگادار بم پارێزگای دهۆكی نەكردوە.
٢/سنورەكانی دووئیدارەیی تۆخ تربوونەتەوە،وەك لەپرسی(زینی وەرتێ،پێشمەرگە كوژراوەكەی ناوئاسایش،مستەفاسەلیمی،ئامانج بابانی،ڕێگری لە بەڕێز مەحمود سەنگاوی.....هت )بینیمان.
٣/قەیرانی موچەو دواكەوتنی موچە بەردەوامە،نەك پاشەكەوت نەگەڕایەوە بۆ فەرمانبەران،بگرە (لێبڕین)یشی هاتەسەر.
٤/دەروازە سنوریەكان هەربەدەست حزبەوەیە ولە ١٩٩٢ خراپترە.
٥/دانوستان لەگەڵ بەغداد ئەنجامی لێنەكەوتۆتەوە ووەك سەرۆكی حكومەت لەووتەكەی ووتی سوود لەنیازپاكی عادل عبدالمهدیش وەرنەگیرا بۆ چارەسەری كێشەكان وساڵێكە لەبازنەیەكی بۆشدا لە جەدەلی دانوستاندادەخولێینەوە.
٦/ڕۆتین نەك هەركەمی نەكردوە، بگرە كێشەی سەرەكی وبەردەوامی هاوڵاتیانە لەكاروباری ڕۆژانەیان.
٧/دەرمان بەدەست كۆمپانیا وبەرپرسە حزبیەكانەوەیە وكوالیتی تەندروستی ونەخۆشخانە گشتیەكان لەوپەڕی خراپیداتە.
٨/شەفافیەت نەك بەرجەستە نەبوە هێشتا سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەت ناڕوونە ودەیان پرسیاری پەرلەمانتاران وخەڵك لەم بارەوە بەشاراوەیی ماوەتەوە.
٩/زۆری باج وڕێكنەخستنەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بوەتە بارگرانیەكی دی بۆهاوڵاتیان.
١٠/لەپرسی چاودێری پەرلەمان سەدان پرسیاری پەرلەمانتاران وەڵام نادرێتەوە و سەرەڕای چەندین یاداشت سەرۆك وجێگرو وەزیرەكان لەم هەموو قەیرانەدا نەهاتوونەتە بەردەم پەرلەمان بۆلێپرسینەوە،كەلەساڵی یەكەمی كابینەی هەشت چەندین وەزیر بەئەنجومەنی هەرێمی نەوت وگازەوە بانگهێشت كرابوون.
١١/سندوقی خانەنشینی نەك هەركارا نەكراوە بگرە پێكیش نەهێنراوە.
١٢/كێشەی كارەباو ڕێگاوبان وخزمەتگوزاریەگشتیەكان وژینگەودانەمەزراندنی دەرچوانی زانكۆ وپەیمانگاكان ونەدۆزینەوەی هەلی كار هەروەك خۆیانن .
١٣/ بەئەلكترۆنی كردنی حكومەت هەنگاوی بۆنەنراوە،مەگەر بەهۆی كۆرۆناوە سوود لەتەكنەلۆژیای ئەلكترۆنی بۆ كۆبونەوەكان وەرگیرابێت.
١٤/گەنجان بەگشتی ودەرچوانی حەوت ساڵی ڕابرودووی زانكۆ وپەیمانگاكان بەردەوام بەهۆی گەندەڵی وبندیوارەكانی حزبەوە نەهامەتیەكانیان بەردەوامە.
١٥/ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەك هەر ڕەوشیان ئاسایی نەكراوەتەوە ،بگرە لەخراپترین دۆخدان وڕۆژانە هاوڵاتی كورد شەهید وبریندار دەكرێن وگێچەڵ وسوكایەتیان پێدەكرێت ومافیان زەوت دەكرێت ودەغڵ ودان وخەلەو خەرمانیان دەسوتێنرێت.
١٦/نەك هەر سەرچاوەكانی داهات فرە ڕەهەند نەكراوە هەرسێ كەرتی كشتوكاڵ وگەشتوگوزار وپیشەسازی زۆر بێنازن.
١٧/لە بواری كشتوكاڵدا دۆخی جوتیارانی هەرێم و ساغ كردنەوەی بەروبومەكانیان دەرخەری سیما ودۆخی دژواری ئەم كەرت وتوێژەن.
١٨/لەبواری دەستخستنی زانیاری هێشتا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی نائارامە بۆ ڕۆژنامەنوسان وبەردەوام ڕووبەڕووی پێشێلكاری دەبنەوە.
١٩/لەسەرئاستی ئاسایشی هەرێم ئێستا زەمین وئاسمانی هەرێم ئاوەڵایە لەبەردەم بۆردومانی دەوڵەتانی توركیا وئێران وزیاتر هاتونەتەوە ناوخاكی هەرێم وبەتەنها توركیا زیاتر لە (38)بنكەو سەربازگەی هەیە وبەردەوام دێتە ناوخاكی هەرێم و هاوڵاتیان شەهید وبریندار دەبن لەئەنجامی بۆردومانەكانەوە.
٢٠/لەبواری تەرشیقی ئیداری كابینەی حكومەت نەك هەر بچوك نەكراوەتەوە بەڵكو چەندین یاریدەر دانراون بۆسەرۆكی حكومەت كە بۆ ڕازیكردنی ئەوانەن سەنگەری حزبیان گواستۆتەوە وئەمەش جەستەی حكومەتی قەبە كردووە.
٢١/لەبواری لامەركەزیەتی ئیداری نەك هەر دەسەڵاتەكان شۆڕنەبونەتەوە بگرە ناوەندێتی كارگێڕی ودارایی وبڕیار زیاد ی كردوە.

ئەركی حكومەتە پێداچونەوە بەكاری ساڵی ڕابردووی بكات گەر دەیەوێ سوود لەهەڵەكانی پێشوو وكات لەداهاتوو وەربگرێت ،،تائەو پەندە كوردیە بەرجەستە نەبێت ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار.

ئەبوبەكر هەڵەدنی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی