گرنگیدان بە کشتوکاڵ.. سەرەتای گرنگیدانە بە ئینتیمای نیشتمانی!

13/07/2020

بەهرە حەمەڕەش

دوورکەوتنەوەی جوتیار لە زەوی، سەرەتایەکی ترسناکە لە دوورکەوتنەوەی هەموو جۆرە ئینتیمایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی.
یەک لەو هەڵانەی کۆمەڵی ئێمە بە بەڕێوەبەرانی وڵاتیشەوە تێیکەوتووە، دوورکەوتنەوەیە لە ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی. ئەمە لەو کاتەوە دەستیپێکردووە، کە گرنگی بە داهاتی نیشتیمانی و سەرمایە نەتەوەییەکان خراوەتەوە ژێر پرسیار و بەرەبەرە بەهاکان لە دەست دەدرێن.

 لە کاتێکدا حکومەت باس لە گرنگیدان بە داهاتی ناوخۆیی دەکات، یەک لەم سەرچاوانەش کشتوکاڵە، بەڵام جوتیاران لە کاتی پێگەیشتنی بەروبومەکانیان، نازانن چیلێبکەن و بۆیان ساخ نابێتەوە!! بەداخەوە سەندیکا و وەزارەتی کشتوکاڵیش، خۆی ناکاتە خاوەن و ئەوەی بینیمان لە گەڵ هاندانی جوتیاران بۆ چاندنی زەوییەکانیان، هیچ پلان و ستراتیژێکیان نەبووە بۆ ساخکردنەوە و وەرگرتنی ئەو بەرهەمانەی کە نەتوانرا لە بازاڕ بفرۆشرێن. هاوکات دەبێت جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان هاتنی بەرهەمی بیانی و خۆماڵی بکرێت. ئایا بۆ ساڵی داهاتوو جوتیاران بە پشت بەستن بەکام پلانە زەوییەکانیان دابچێننەوە و لەوە نەترسێن، کە رەنج بە خەسار دەبن؟

بە راستی، کاتی ئەوەهاتووە کاربەدەستانی وڵات، بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، بخەنە پێش بەرژەوەندی حزبی، چونکە بەپێچەوانەوە تەمەنی حوکمڕانییان درێژتر نابێت. بۆ هەموومان دیار و ئاشکرایە، کە رەوشی جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان جۆرێکە، کە هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی داخستنی سنور، گەمارۆدان و لاوازکردندایە. بۆیە پلانی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، دەبوایە لە گرنگترینەکان بوایە. ئێستاش دەکرێ بە پلانەوە کار بۆ بوژانەوەی ئەم سەرچاوانە بکرێت. دەبێت درک بەوە بکەین، کە کاتێک خەڵك بەرژەوەندییان بە خاکەوە نەما، هەموو جۆرە ئینتیماکانیان لاواز دەبێت و بەداخەوە خۆمان (بە ئاگا یان بێ ئاگا) پیلانی داگیرکاران جێبەجێ دەکەین!

دەبێ لەوە تێبگەین، کە سەردەمێک جوتیاران ئامادەبوون، لە سەر پارچە زەوییەک بکوژرێن، لەبەرئەوە بووە، کە ئەم پارچە زەوییە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیان و بەرژەوەندی ئەوان بووە. کاتێك هاندان بۆ گەڕانەوە و گرنگیدا بە بەرهەمی ناوخۆ هەیە، دەبێ ئەم زەوییانە بگەڕێنرێنەوە ئەم دۆخە و بۆ بەرژەوەندی چەند بازرگانێک، درێژە بە هێنانی بەرهەمی بیانی نەدرێت.

حکومەت لە زیادکردنی سەرچاوەی داهات سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر گرنگیدان بە مۆسیقای بیانی، درامای بیانی، کاڵا و بەروبومی بیانی بدات، لە وێوە بۆ داهاتی بیانی. ئەمە زەنگێکە ئاگادارمان دەکاتەوە، کە کۆمەڵگە بە خاک نامۆ دەبێت، چونکە بۆ بەسترانەوەی مرۆڤ بە خاکەوە، دانوستانێکی دیالەکتیکی هەیە. ئایا چۆن سودی لێوەردەگیرێت و چۆن چاودێری دەکرێت؟ کەواتە جۆرێک لە بەرژەوەندی مۆراڵی و بەرژەوەندی ماتریاڵی، پەیوەستە بە داهاتی خۆماڵی و زەوی.

هەر میللەتێک بە کۆمەڵێك شت دەناسرێتەوە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، وەک (ئاڵا، سنور، کلتور، مۆسیقا، هونەر و شانۆ)، کە مۆرکێکی خۆماڵی هەبێت. کاتێک هەموو ئەوانە لاوازکران و کلتوری بیانی سەردەست کرا، گەنجێک لە جیاتی مۆسیقای کوردی چێژی لە مۆسیقای تورکی و عەرەبی وەرگرت، ئەوە نەمانی ئینتیما لێرەوە دەست پێدەکات.
ئەگەر کورد بەم قەیرانە، رانەچڵەکێت و بۆ گرنگیدان بە کەلەپور و کلتوری خۆماڵی نەگەڕێتەوە، نەک ناتوانێ مۆرک و ناونیشانێکی خۆماڵی هەبێت، بەڵکو ئەوەشی هەیە لە دەستی دەدات.

ئەوەی کە ئەمڕۆ جوتیاری کورد توشی بووە، وێڕای بێ پلانی حکومەت، نا هوشیاری تاک و نەبوونی هوشیاری نەتەوەییە. ئەی بۆچی تاکی کورد تەماتە و سەوزەی بیانی دەکڕێت، لە کاتێکدا بەرهەمی خۆماڵی، کە هەم لە رووی نرخ و هەم لە رووی تەندروستییەوە بەهای بەرزترە. لە کاتێکدا فڕۆکەکانی ئەوان ئێمە بۆردومان دەکەن، زیانی گیانی و ماڵیمان لێدەدەن، لە جیاتی وزەی نەتەوەیی خەڵک بەرز ببێتەوە و دۆی ئێرانی لە جیاتی دۆی خۆماڵی و لە جیاتی ئاوەتەماتەی خۆماڵی، ئاوەتەماتەی تورکی دەکڕین!!

دەبێت حکومەت گرنگی بە دروستکردنی کارگا و سایلۆیەکان بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرهەمی جوتیاران بە شێوەیەکی تەندروست و لە کاتی خۆیی وەربگرێت. بۆچی دایکان و داپیرەمان، ساڵانە دەیانتوانی بە بەرهەمی ناوخۆ، ساوەر، دۆشا و پێداویستییە خۆراکییەکان دروستبکەن، بەڵام ئێمە بەدوای خواردنی لە قتوکراوین، کە ئاسایشی خۆراکیشمان لە مەترسیدایە و جۆرەها نەخۆشیمان بۆ دروست دەکات. وێڕای دڵەڕاوکێی ماوە بەسەرچوونیان، بۆچی لە نانی تیری تەندروستەوە خەریکی خواردنی سەمونی تورکی و نانی ئێرانین؟!

وێرای هەموو ئەوانە، لە بەردەم هەڕەشەی تەکنەلۆژیا و گلۆبالین، ئەگەر ئاوا بڕیۆین و بەرگری لە بەرهەمی خۆماڵی نەکەین، ئەوا وەک مۆرکی خۆماڵی لە ناودەچێن و شتێک بەناوی کلتور و بەهاکان نامێنێت!
لێرەوە بانگەوازی لە هەموو خەڵکی هوشیار و نەتەوەپەرست دەکەم، ئەگەر رەوشی نامۆیی هەموو جۆرە ئینتیمایەکی نیتشتیمانی ئەوها بەردەوام بێت، ئەوە هەموومان لەم خاکەی بە روباری خوێن پارێزراوە، لە دەستی دەدەین. لە"ئێمە دەبینە بێگانەو، بێگانە دەبێتەوەو خاوەن ماڵ".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی