کە من مردم، کورد نامرێ

13/07/2020

شێرکۆ حەمەئەمین

ئەمە، ئەو ڕستەیەیە، کە لەسەر گۆڕی دکتۆر عبدولرەحمانی قاسملۆ نوسراوە، لە گۆڕستانێکی گەورەی ناوەڕاستی شاری پاریسدا، گۆڕ غەریبانە لەگەڵ ئەحمەد کایا و یەڵماز گۆنای و جعفری ئازەری ڕاکشاون.

۳۱ساڵ پێش ئێستا و لە۱۹۸۹/۷/۱۳لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا دکتۆر عبدولرەحمانی قاسملۆ و ھاوڕێکانی، بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆرکران.

لە مێژووی کوردا، زۆر نمونەی تێدایە کە لە کاتی وتووێژ و بە ناوی میوانداری و خوانەوە سەرکردەی کورد تیرۆرکراون، بەداخەوە ھیچیان پەندییان، لە ڕووداوی پێش خۆیان وەرنەگرتوە، مامۆستا عبدوڵای حسن زادە، لە کتێبی (ئەزمونی خەبات) لاپەڕە ٥٠۳دا دەڵێت: دکتۆر قاسملۆ بۆ خۆی دەیوت، لە ۲٥ ی سەرماوەرزی۱۳۲٥ قازی محمد ھەڵەیەکی کوشندەی کرد، بە ڕووی ئەرتەشی شاھانشاھی یەوە چوو، بەڵام قاسملۆش ھەڵەیەکی مێژوویی کرد، بۆ خۆی و بە قاچی خۆی چووە تەڵەی دوژمنەوە.

دکتۆر قاسملۆ جیا لەوەی سەرکردەیەکی شۆڕشگێر و دبلۆماتێکی شارەزا و زمانزان و ڕابەربوو، توانیوێتی خزمەتێکی گەورەی مێژووی ڕۆشنبیری کوردی بکات، لە دیارترین کتێبەکانی ( کوردستان و کورد)، (چل ساڵ خەبات لە پێناو ئازادی) شێرکۆ بێکەس بەجۆرێکی زۆر جوان وەسفی دەکات، تۆ باسی چیت بکردایە، ئەو بۆی تەواو دەکردیت، بەمجۆرە دەڵێت:

تۆ ئەگەر ناوی گوڵەکانت بژماردایە

ئەو ناوی ڕەنگەکانی بۆ تەواو ئەکردی

تۆ ئەگەر باسی ڕووبارت بکردایە

ئەو ئاوی سەرچاوە و ھاژەھاژی بۆ باس ئەکردی

تۆ ئەگەر بتوتایە ئەو شەرابە چەند ئاڵە

ئەو ڕۆژی لەدایکبوونی پێ ئەوتی

دکتۆر قاسملۆ، لە مێژووی خۆیدا توانی دەیان سەرکردەی تر بۆ حیزبی دیموکرات پێبگەیەنێت و کێشەی ڕابەرییان نەبێت.

ھاوکات، بە خەتی خۆی وەسیەتی نوسیوە و ئیمزای کردوە(کە ھەرچی بەناوی من ھەیە لە دونیادا لە پووڵ و ئەموالی مەنقول و نامەنقول ھەمووی ئی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە).

عەبدوڵا حسن زادە: ئەزمونی خەبات : لاپەڕە ٥٠۳

لە سی و یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملۆ و ھاوڕێکانی درود بۆ گیانی شەھیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان و سەرکردە گەل ویستەکان. ڕۆحیان شاد و ئارام بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە