كوردو لەدەست دانی ستراتیژیترین دۆست و پشتیوانی خۆی

14/07/2020

لەتیف نێروەیی

هەرێمی كوردستان لە ئێستادا وەك دوو كارەكتەری سەرەكی دێتە بەرچاو ،كارەكتەری یەكەم لەكەسێك دەچێت كەتووشی نەخۆشییەكی كوژەك و مەترسیدار بووبێت و ووردە ووردە نەخۆشییەكە بەسەریدا زاڵ بێت ، بەڵام لە ڕووكەشییەوە نایەوێت وەك نەخۆش خۆی پیشان بدات و خەڵك بەنەخۆشییەكەی بزانێت.

كارەكتەری دووەمیش ئەوەیە كەكەسێك بەڕووكەش خۆی بەغەمبارو نیگەران نمایش بكات و لەناخیشەوە خۆشحاڵ بێت بەرامبەر بەگۆڕانكاریی وڕووداوێكی دیاریكراو. هەرێم وەكو كارەكتەرێكی نەخۆش دێتە پێش چاو ، چونكە حاڵی حازر چوار هێزی ناكۆك و دژ بەیەك لەناو خاكی ئەم هەرێمەدان كە بریتین لە (هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سوپای توركیا، هێزەكانی پاسەوانانی سنوری عێراقی، پەكەكە). هێزەكانی توركیا و پەكەكە و پاسەوانانی سنوری عێراق لە سنورێكی فراوانی هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكاندا لە جێگۆڕكێ و جموجۆڵیێكی سەربازیدان و لەشاخ و دۆڵ و بەرزاییەكانی هەرێم خشەیان دێت و لە نێوان هێزەكانی توركیاو پاسەوانەكانی عیراقی كێبركێیانە لەسەر هەڵكردنی ئاڵایان.
 
لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیاوە لەسنوری هەردووپارێزگای دهۆك و هەولێری پایتەخت دەیان شاخی گرنگ و ستراتیجی كەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی سوپای توركیاوەو بەهۆی بەردەوام بوونی ئۆپەراسیۆنەكانیش جگە لەوەی زیانێكی زۆری گیانی وماددی بەرهاوڵاتیانی ناوچەكە دەكەوێت ، لەهەمان كاتدا گەلی كوردستان لەهەرێم دێرین ترین و ستراتیجی ترین پشتیوان ودۆستی خۆیان لەدەست دەدات كەشاخەكانی كوردستانن و، هەمیشە لە ڕۆژە دژوارو سەختەكاندا گەلی كوردستان پشتی خۆی بەوشاخانە بەستووە.

لەدوا ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لەسنوری قەزای زاخۆ هەشت زنجیرە شاخی ئەو دەڤەرە كەوتوونەتە دەست سوپای توركیا كە زنجیرەشاخەكانی (شاقوڵێ) لەدەڤەری گولی وسندی بەستراتیجیترین شاخی ئەودەڤەرە ئەژماردەكرێت و دەڕوانێتەسەر ئەو دوودەڤەرە. هەروەها شاخی (خامتیر) ئەمیش لەسنوری زاخۆ بەستراتیجیترین شاخی دەڤەرەكە ئەژماردەكرێت و بەمەش سنوری قەزای زاخۆ وەكو گەورەترین وستراتیجیترین قەزای هەرێمی كوردستان لەڕووی سەربازییەوە دەكەوێتە ژێر هەیمەنەی سوپای توركیاوە. 

یەكێك لەجیاوازیەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم جارەی سوپای توركیا لەگەڵ ئەوانەی ساڵانی پێشوولەوەدایە كە جاران هێزەكانی توركیا لەناو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بنكەوبارەگایان دروستدەكرد و لەلایەن هێزەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای دهۆك دەپارێزران، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم جارە شاخ و شوێنە ستراتیجییەكانی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێنە ئامانج و بنكەو بارەگای سەربازی لە لووتكەی شاخەبەرزەكان دروستدەكرێت. بەمەش پانتایی جوگرافی هەرێمی كوردستان ڕوو لەبچوكبوونەوە دەكات.

لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراقی بەناوی پاراستنی سنورەوە لەدووری (30-40) كم بەناوقوڵایی سنوری پارێزگای دهۆك ئاڵای عێراق لەسەر شاخ و بەرزاییەكان هەڵدەكەن. ئەمەش ئەگەرلەلایەكەوە سودی هەبێت بۆ بەرگریكردن لەپێشڕەوییەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم ،لەلایەكی دیكەوە بەدان پیادان دێت بەو واقعەی كە بەسەر ناوچەكەدا سەپاوە چونكە شوێنێكی وەكو (كەلا شابانی) واتە (قەڵای شابانی) نزیكەی 40 كم لە سنوری توركیاوە دوورە بكرێتە خالی سوریی عیراق و توركیا و بارەگای پاسەوانی سنوری عیراقی لێ دروست بكرێت، هاوكات شاخی شەرانش كەزیاتر لە 30 كم لە سنوری توركیاوە دوورە بكرێنە بارەگای پاسەوانی سنورئەمانەش چەندین پرسیاری بێ وەڵام بەدوای خۆیدا دەهێنێت. 

ئێمە لەم بابەتەدا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا ناگەڕێین كە توركیا بەتەمای چییە؟ ئایا بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە دەیەوێت خۆی لە موێل و كەركوك نزیك بكاتەوە یان دەیەوێت بەم ئۆپەراسیۆنانە قەوارەی حكومەتی هەرێم لاواز بكات؟ یان بۆئەوەیە هەرێم بەناچاری بگەڕێتەوە بەغداولەگەلی رێبكەوێت؟ یان ئامانجی توركیا تەنها بۆ لێدانی پەكەكەیەو دوای تەواوكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆی بەهەرێم دەڵێت كارەكانم تەواو بوو ماڵئاوا؟ یان هۆكارێكی دیكە هەیەوهەموو كەسێك لە هەرێم ئەو هۆكارە نازانن و لە ئایندەدا دەردەكەوێت؟. وەلێ دەزانین توركیا بەرنامەیێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە هەكبەكەیدایەوئەم جارە جددییە لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی خۆی و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاری باشی كردووە . بۆیە پێویستە هەرێم خۆی بۆ هەموو بژاردەو ئەگەرەكانی ناو هەكبەكەی توركیا ئامادەبكات و ، خەڵكی كوردستانیش چەندە چاویان لەوەیە بزانن رەوشەكە بەرەو كوێ ئاراستە دەبێت ، ئەوەندەش دەیانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەست بكەوێت كە بۆچی هەرێمی كوردستان جوڵەیەكی فراوانی دیبلۆماسی نەگرتۆتەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتانە بۆ ئەم ڕەوشە ئاڵۆزە ودورخستنەوەی ئاگری شەرو ماڵوێرانی لە ناو هەرێمەكەماندا؟ بۆچی وەكو ڕۆژئاوای كوردستان ، هەرێمی كوردستان بەشاند سەردانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و یەكێتی ئەوروپاو كۆشكی سپی وكریملن وخوودی توركیا ناكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ ئەم كێشەیە. ئەی بۆچی لەگەڵ بەغدا لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوەو بەرنامەیەكی هاوبەشیان نییە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. بۆچی لەڕووی میدیایی وجەماوەرییەوە بەقەد قەبارە ومەترسییەكانی ڕووداوەكە كاردانەوەكان بەدی ناكرێن. 

هەندێ جار ئەم نەرمییەی هەرێم پرسیارێك دروستدەكات كە ڕەنگە هۆكارێكی دیكە هەبێت وڕای گشتی ئاگاداری ئەو هۆكارە نەبێت، بەڵام هەركامەیان  بێت واتا هەرێم دژی ئەم واقیعەیەبێت ، بەڵام توانای چارەسەركردنی نەبێت  یان هۆكارێكی دیكەی شاراوە هەبێت ، ئەوا  پێویستە سەرجەم هێزو ولایەنە سیاسییەكانی كوردستان و جەماوەری كوردستان بە گشتی ئەو هۆكارە بزانن بۆ ئەوەی پێكەوە بچنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییەوەو پێكەوەش بیر لە هەڵبژاردنی بژاردەیەكی گونجاوبكەن بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكەو دۆزینەوەی چارەسەرێك ، نەك بەشێك بزانن و بەشێكیش بێ ئاگابن. یەكەم هەنگاویش پێویستە ئەنجامبدرێت و زۆر دواكەوتووە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانە ، چونكو ئەمە ئەمە پرسێكی هەستیارو چارەنووسسازو نیشتمانییەو پەیوەستە بەقەوارەی هەرێمی كوردستان و پێویستی بە چارەسەرو بریارێكی كۆدەنگی نیشتمانی هەیە و هەموو پرسیارەكانی سەرەوە پریار گەلێكی جددین وئەركە لەسەر لایەن و ناوەندە سیاسی و حكومییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵوەستەی لەسەر بكەن ودور لە عینادی وبەرژەوەندی حزبی هەموو ئەگەرو بژاردەو بەدیلەكان راڤەبكەن و پلانیان هەبێت بۆ هەموو ئەگەرێك .

لەتیف نێروەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی