هێڤیدار ڕاستی كرد!

29/07/2020

سەمەد زەنگەنە

بۆچی مەبەستێك و لە پێناو چیدا وای گوت ، هێڤیدار ڕاستەكات!

دەستەواژەی( گەندەڵی ) ، دەستەواژەەكی نوێیە لە زمانەوانی سیاسی و ئیداریدا ، بەڵام وەكو دیاردەو بابەت وەكو سیستمی سیاسی و ئیداری كۆنە .

لە سەردەمی یەكەمی ئیسلامدا دەستەواژەیەكی هاوشێوەی ( گەندەڵی ) ئەم سەردەمە هەبوو ، ئەویش : ڕەواكردنی ماڵی موسوڵمانان بوو (استباحە اموال المسلمین ) ، تایبەتتر لە سەردەمی خەلیفەی سێیەمی موسوڵمانان عوسمانی كوڕی عەفا ن(خ.ل) ، و لە سەرەتای ئاشوبە گەورەكەدا لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیەكی زۆر كرا.

ئەگەر بگەڕێینەوە گەورە كتێبەكانی مێژوی عەرەب و مێژونوسە عەرەبەكانی وەكو ( بەلاژری و مێژوی گەل و پادشاكانی تەبەری و نوسەرە هاوچەرخەكانی وەكو كتێبی ئاشوبی گەورەی تەها حوسێن و كتێبی عوسمان( ژوالنورین ) ی عەباس مەحمود عەقاد ، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئەو بابەتە (گەندەڵی ) لەو ماوەیەدا لە لوتكەی باس و خواسدا بووە .

دەكرێت بگوترێت سەرەتای توندی پەرچەكرداری گەندەڵی لە عێراقەوە سەریهەڵدا ، بۆ نمونە لە مەجلیسێكی ئیبن عاس والی كوفەی عێراق گوتی : ( سواد ) واتە ناوەڕاست و باشوری عێراق بێستانی قورەیشە ، بە واتایەكی تر ناوەڕاست و باشوری عێراق موڵكی قورەیشە ، ئەو گوتەیەی ئیبن عاس گەیشتەوە خەڵكی كوفەو گوتیان : خاكی عێراق خودا بە ئێمەی بەخشیوەو قورەیشیش هەروەكو ئەوانی تر بەشێكی هەیە لەو خاكەدا .ئەوەش یەكەم پریشكی ئەو ئاگری ئاشوبە بوو كە لە كۆتایدا خەلیفە عوسمانی بە كوشتدا .

عوسمانی كوڕی عەفان لە پێش هاتنی ئیسلامدا بازرگانێكی زۆر دەوڵەمەند و زۆر بەخشندەو دەستبڵاو بوو ، كە بوو بە خەلیفەش لەسەر ئەو بەخشینەی بەردەوام بوو ، بەڵام زۆرتری دەبەخشی بە خزم و كەسوكارو نزیكەكانی خۆی ، هەركە بەهۆی خەلیفایەتیەوە دەسبەرداری كاری بازرگانی بوو ڕێگەی بە خۆیدا لە بەیتولمال ببات و دابەشی بكات و بیبەخشێ ، دەگێڕنەوە جارێكیان گوتویەتی : ( ئەبوبەكرو عومەر زوڵمیان لە خۆیان كردوە كە بەخشندە نەبون لەگەڵ سیلەی ڕەحمیاندا )واتە خزم و نزیكانی خۆیان ، ئەوەش لە پێناو نزیكبونەوە لە خودا .

دەگێڕنەوە ، پێنج یەكی دەسكەوتەكانی (غەنیمە ) موسوڵمانانی لە ئەفریقیا بەخشیوە بە مەروانی كوڕی حەكەم ، سێسەد هەزار دیناری ئەوكاتەی بەخشیوە بە حارسی كوڕی حەكەم ، سەد هەزاری بەخشیوە بە عەبدوڵڵەی كوڕی خاڵید ، هەموو ئەو زاتانەش لە ئومەویەكان بوون ، شەشسەد هەزار دیناری بەخشی بە زوبێری كوڕی عەوام ، سەد هەزار بۆ تەڵحەی كۆڕی عوبێدوڵڵە ، سەد هەزار بۆ سەعیدی كوڕی عاس ، سێ زاوای خۆی هەریەكەو سەد هەزار دیناری پێبەخشین .

سەخاوەت و دەسبڵاوی خەلیفە بۆ بەنی ئومیە و بە تایبەتی قورەییشیەكان ڕێگە خۆشكەر بوو زەویوزارێكی زۆر لە عێراق و شام و میسر و شوێنەكانی دیكە بكڕن ، ئەوەش سەرهەڵدانی موڵكایەتی زەویوزاری گەورەی لە ئیسلامدا بە دوای خۆیدا هێنا و سەرهەڵدانی چینێكی زۆر دەوڵەمەندی لێكەوتەوە .

ئینجا ئەگەر پارتی و هێڤیدار بە مەبەستی چەواشەكاری و لادانی سەرنجی گەلی كوردستان بە گشتی و موچەخۆران بە تایبەتی لە بابەتی موچەو جەژنانە ئەوەیان كردبێ ، ئامانجەكەیان پێكاو شەڕی ڕوناكبیران و نوسەران و كادیرانی یەكێتی و ئیسلامیەكانیش بۆتە شەڕی خەلیفە عوسمان و موچەو گەندەڵی حكومەتیان بیرچۆتەوە .

سەمەد زەنگەنە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی