توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستان

02/08/2020

کامەران مەنتک

دەستێک لەنێو تەڵە ‌و سەرێک لەبەردەم چەقۆی قەساب

زۆر کەس واتێدەگات، کە پەیوەندیەکی پتەو لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیادا ھەیە، ئەو بیرکردنەوە ساویلکەیە گەیشتۆتە ئەو رادەیەی ساڵانە لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، چەندین توێژینەوە دەربارەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان بنووسرێت، کە لەڕاستیدا ھیچ پەیوەندیەک لەنێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستاندا نییە، تا ئێستا تورکیا وەک قەوارەیەکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ھەرێم ناکات، بەڵکو وەک ھەڕەشەیەکی جوگرافی سەیری ئەم بەشە دەکات و تەنانەت بە بەشێک لە خاکی تورکیای لە دەستدراویشی لە قەڵەم دەدات، کە ‌کار بۆ گەڕانەوەی دەکات، راستە کونسوڵگەری تورکیا لە ھەولێر ھەیە، بەڵام ئایا تورکیا رێگای داوە، کە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە تورکیادا ھەبێت، ئایا ئەو کونسوڵگەرییە کاری کونسوڵگەرییەکی ئاسایی دەکات، یاخود پێگەیەکی گرنگی تورکیایە لە ھەرێم بۆ گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ!

لەڕاستیدا پەیوەندیەکەی تورکیا لەگەڵ پارتێکی سیاسیە، کە ئەو ناوچانەی لەژێر دەستدایە، کە ھاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و کونسوڵگەری تورکیاش لە ھەرێم کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەشە دەکات، نەک کاری تر، واتە وەک بەشێک لە دەزگایی ھەواڵگری تورکیا کاروباری داگیرکردنی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەوان دەڵێن باکووری عێراق، یاخود ویلایەتی موسڵ بەڕێوە دەبات، تەنانەت دەتوانین بڵێین تورکیا ھیچ پەیوەندیەکی سیاسیشی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا نییە، بەڵکو وەکو ھێزێکی خێڵەکی سەیری دەکات و لە پێناو بەرژەوەندی و ستراتیژیەتیەکانی خۆی بەکاریدەھێنێت، بۆیە لە ھەر گۆڕانکاریەکدا، ھەر کاتێک ئەو کارە بەکۆتا ھات، رەنگ بێت پارتی خۆی ببێتە یەکەم قوربانی دەستی تورکیا، پێناچێت کاتێکی زۆریش بۆ ئەو قوربانی بوونە مابێت، چونکە ئێستا تورکیا گەیشتۆتە قۆناغێک توانیویەتی نەک کایە گرنگەکانی ھەرێمی کوردستان، تەنانەت کایە گرنگەکانی ناو خودی ئەو حزبەش کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمە جگە لەوەی ناوچە ھەستیار و ستراتیژیەکانی ژێر دەستی ئەو پارتەشی کۆنتڕۆڵ کردووە و رۆژ بە رۆژ زیاتر ئابڵووقەکەی لەسەری بەر تەسک دەکاتەوە، تەنانەت ناوچەی بارزان، کە بنکەی سەرەکی پارتیە، لە ئێستادا کەوتۆتە بەر رەحمەتی سوپای تورکیا، ئەمە سۆنگەی ئەوەیە لە ئێستادا پارتی ھاواری لێھەڵسێت و ھۆشیار زێباری داوا لە حکومەتی عێراق بکات رادەیەک بۆ تورکیا دابنێت، بەبێ ئەوەی ھەست بەوە بکات، کە لە بنەڕەتدا گەمەیەکی سیاسی لە ‌نێوان تورکیا و عێراقدا ھەیە ‌و ھەردوولایان ھاوبەرژەوەندین لە بچووککردنەوەی چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان!

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا گریمانی ئەوە دەکرێت رۆژێک تورکیا و پارتی و سەرکردایەتیەکەی وەک پڕۆژەیەکی سیاسی تەسلیم بە عێراق، یاخود ھەر دەوڵەتێکی تر، یا ھەر دەزگایەکی نێونەتەوەیی بکاتەوە؟ یاخود بەلایەنی کەم دەستیان لێبەردەدات و گورگان خواردوویان بکات؟ بەداخەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بەڵێیە، چونکە تورکیا ئەزموونێکی زۆری لەم بوارەدا ھەیە و ئەو سیاسەتێکی پراگماتیکیانە جێبەجێدەکات، نمونەی ئەم سیاسەتەش روون و ئاشکرایە، وەک سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا داود ئۆغڵو لە وتارێکیدا ئاماژەی پێدەکات، چۆن تورکیا لە سەردەمی ستالین ئازەرباینجانەکانی تەسلیم بە یەکێتی سۆڤیەت کردەوە، لە ئێستاشدا بە ھەمان شێوە، پەنجا ھەزار کەس لە بەرھەڵستکارە ئیگۆریەکان، کە پەناھەندە بوون لە تورکیا تەسلیم بە ‌تاجیکستان کردۆتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تەسلیم بە چین بکرێنەوە، جا ئەگەر تورکیا ئیگۆرەکان، کە بە ‌رەگەز تورکن و دەکەونە چوارچێوەی پڕۆژەی توورانی گەورە،‌ تەسلیم بە ‌چین بکاتەوە، بۆچی ئاسایی نابێت رۆژێک سەرکردەکانی پارتی و تەنانەت سەرکردەکانی حزبەکانی تریش، کە لەژێرەوە دەستیان لەگەڵ تێکەڵکردووە، تەسلیم بە عێراق، یاخود بە ھەر دەوڵەتێکی تر بکاتەوە!؟ ئەمە ئەوە دەردەخات، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێستادا نەک بەھێزترین حزبی کوردی نییە لە باشوور، وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت و دەھۆڵی بۆ دەکوترێت، بگرە حزبێکە پڕ بە ‌واتای وشەکە بە بارمتە گیراوە، لە دۆخێکی زۆر ھەستیار و ئاڵۆزدا دەژی و دەستی کەوتۆتە ناو تەڵەی تورکیا و سەریشی کەوتۆتە بەر دەم چەقۆی قەساب.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی